کارمەندانی سازمانی بێهزیستی ئوستانی کوردستان لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ١٨ و ١٩ی مانگی خاکەلێوە لە چەندین شار لەوانە سنە، مەریوان و بانە لە ناڕەزایەتی بە بارودۆخی خراپی بژێو و حقووقی ژێر هێڵی هەژاری، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. داواکاریی ئەوان زیادکردنی حقووق و مەزایای کار گونجاو لەگەڵ هەزینەی سەبەدی مەعیشەت بوو. فشاری ئابووری و گرانیی قیمەتی کاڵا پێویستەکانی ڕۆژانە، ژیانیانی بەرەوڕووی کۆمەڵێک کێشە و گرفت کردووەتەوە. کارمەندانی سازمانی بێهزیستی بەشێک لەو کرێکارە زەحمەتکێشانەن کە هەتا ئێستا گەلێک جار لەئاست ئەوزاعی مەعیشەتی خۆیان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە بەڵام لەلایەن کاربەدەستانی ڕژیمەوە هیچ وڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە. لە بەرامبەردا دەزگای تەبلیغاتیی درۆزنی حکوومەتی ئیسلامی بەخاتری ئەوەیکە خەڵک بۆ بەشداری لە مەراسمی حکوومەتی بێنێتە سەر شەقام، فریوکارانە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کارمەندانی بێهزیستی لە شارەکانی کوردستان بە حیسابی “ڕێپێوانی کارمەندانی سازمانی بێهزیستی لە ڕۆژی قۆدس و بۆ حمایەت لە قۆدسی شەریف” ناولێنا. هەڵبەت لە ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی مانگی خاکەلێوە و هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتیی کارمەندانی سازمانی بێهزیستی، لە زۆرێک لە شارەکانی دیکە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دژبە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و بۆ وەدیهاتنی داخوازییەکانیان بەڕێوەچوو. بۆ نموونە کۆبوونەوەی جێکەوتووی یەکشەممە ئیعتڕازییەکان بە هاتنە مەیدانی کرێکارانی خانەنشینی سەنعەتی فوولاد لە تاران و ئیسفەهان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینانی تەئمینی ئیجتماعی لە شارەکانی ئەهواز، دزفوول، شووش، ئەراک، کرماشان، بە دروشمی وەک “نەنگ و سەرشۆڕی بۆ سەدا و سیما”، “زوڵم و ستەم کافییە، سفرەمان خاڵییە” و هەروەها کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی شۆفیری ئۆتۆمبێلە گازوئیلییەکان لە زابۆڵ بەڕێوەچوو.
بەڵام ناڕەزایەتیی کارمەندانی بێهزیستی تەنیا بۆ وەدیهێنانی خواستەکانی خۆیان نەبوو، بەڵکوو لە ناڕەزایەتی بە وەزعی مەعیشەتیی کەمئەندامانیش بوو کە لە پەیوەندییەکی کاریی نزیکیان لەگەڵیان هەیە. کەم ئەندامانیش لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا گەلێک جار لە ناڕەزایەتی بە کەمبوونی کۆمەکی ماڵیی حکوومەتی ئیسلامی، لە بەرامبەر ئۆستانداری یان ئیدارەی بێهزیستی شارەکان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەرپا کردووە و خوازیاری ئیجرای کامڵی مادەی ٢٧ی یاسای کەمئەندامان بوون. بەپێی ئەم مادەیە “دەوڵەت ئەرکی سەرشانیەتی کە کۆمەک خەرجی ژیانی ئەو کەسانە بدات کە کەمئەندام و خاوەنی پێداویستیی تایبەتن و هیچ شوغڵێکیان نییە. وە ئەم کۆمەک هەزینەیەش پێویستە بە ئەندازەی لانیکەمی حەقدەستی ساڵانە بێت”. بەڵام حکوومەتی ئیسلامی نەتەنیا ئەم مادەیەی بەڕێوە نەبردووە بەڵکوو لەئێستادا تەنیا نزیکەی ٣٠ لەسەدی کەسانی کەمئەندام مانگانە پووڵێکی یەکجار کەم بەرابەری ٦٥٥ هەزار تمەن کۆمەک هەزینە لە لایەن دەوڵەتەوە وەردەگرن. ئەم پووڵە بە هیچ شێوەیەک بەشی دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانیشیان ناکات. کەمئەندامان لە ناڕەزایەتییەکانی خۆیاندا خوازیاری حقووقی یەکسان و لانیکەمی حەقدەستی دیاریکراو لەلایەن وەزارەتی کاری ڕژیم بۆ هەمووان بوون.
بەمجۆرە هەم خودی کارمەندانی سازمانی بێهزیستی و هەم کەسانێک کە خزمەتگوزارییان بۆ دەکرێ واتە کەمئەندامان، لە وەزعیەتێکی مەعیشەتیی فەلاکەتباردا بەسەر دەبەن. دەوڵەتی ڕەئیسی لە درێژەی سیاسەتی سەرمایەدارانەی دەوڵەتانی پێشوو، هیچ کات بوودجەیەکی گونجاو لەگەڵ تەوەرۆمی بۆ ئیدارەکردنی ئەو سازمانە و بۆ دابینکردنی ژیانی کەمئەندامانی لەبەرچاو نەگرتووە. حکوومەتی ئیسلامی کە لەماوەی ساڵی ڕابردوودا بەهۆی کەمبوونەوەی فشاری تەحریمەکان ڕۆژانە زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیلی نەوت فرۆشتووە، حازر نییە پێداویستیی ژیانی کارمەندانی بێهزیستی و کەمئەندامان دابین بکات. پارەی بەدەستهاتوو لە فرۆشتنی نەوت لەڕاستیدا هی هەموو کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی کۆمەڵگایە کە ڕژیمی ئیسلامی لەپێناوی ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەیدا دەیکاتە خەرجی هێزی نیزامی و ئەمنیەتی، سپای پاسداران، دەزگا سەرکوتگەرەکان و گرووپە تیرۆریستییە ئیسلامییەکان و دەیکاتە هەزینەی سیاسەتی شەڕخوازانەی لە ناوچەکە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەیهەوێ هەزینەی دابینکردنی ژیانی کارمەندان و کەمئەندامانی سازمانی بێهزیستی بە خسووسی کردنی دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی فریاگوزاری و یان بە سواڵ و خورافەی ئیسلامی لە گیرفان و سفرەی کرێکاران و خەڵکی بێبەشی کۆمەڵگا بدات. لەم پەیوەندەدا جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی بێهزیستیی ئۆستانی کوردستان ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی خاکەلێوە لەوپەڕی بێشەرمیدا ڕایگەیاند کە: ”لە سەروبەندی جێژنی ڕەمەزاندا ئەم ئیدارەیە، ئامادەیە بۆ کۆکردنەوەی زەکات، فترە و نزوورات و کفاراتی مسوڵمانان. ناوەندەکانی تۆمارکردنی سازمانی بێهزینستی، ناوەندە خێرخوازی و بێهزیستییەکان لەئاستی ئوستاندا بۆ وەرگرتنی خێر ئامادەیی تەواویان هەیە. بەخۆشییەوە خەڵکی تێکۆشەر و وشیاری کوردستان کە زیاتر لە چوار دەیەیە ڕۆژانە بەرامبەر بە سیاسەتی دژەئینسانیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە نەبەرددان، سرووشتی ئەم حکوومەتە باش دەناسن و هەرگیز حازر نین یارمەتییەکانی خۆیان بدەنە دەست بەرپرسانی دز و دەزگا گەندەڵەکانی حکوومەتی ئیسلامی.
خۆدزینەوەی حکوومەتی ئیسلامی لە دابینکردنی بوودجەی پێویست بۆ سازمانی بێهزیستی و کەمئەندامان و حەواڵەکردنیان بۆ زەکات و فترە و خێر نیشانەی وەرشکستەیی کۆماری ئیسلامییە. لە حاڵێکدا کە ئیبراهیمی ڕەئیسی ئیدیعای گەشەی ئابووریی ٦ لەسەدی و کۆنتڕۆڵکردن و هێنانەخواری ڕێژەی تەوەرۆم دەکات و پاسدار ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆکەی دوو مانگ لەمەوبەر ئابووریی ئێران لە ڕەدیفی بیست وڵاتی باشی دنیا تەوسیف دەکات، بۆچی دەبێ ڕژیم بوودجەی پێویستیان بۆ تەرخان نەکات؟ بێگومان واقعییەت شتێکی ترە. ئاماری ناوەندە ماڵییەکانی ڕژیم تەرازی تجارەتی غەیری نەوتی ڕەقەمی مەنفی ١٧ ملیارد تمەن و گەشەی بەرهەمهێنانی کەشاوەرزی و سەنعەتیی ئێرانیشیان مەنفی ڕاگەیاندووە. لە سەرەتای دەست بە کار بوونی دەوڵەتی ڕەئیسیەوە، پارەی ئێران ٦٢ لەسەدی تر بەهای خۆی لەدەستداوە. ڕۆژی شەممە و بەدوای بۆمبارانی کۆنسوولخانەی ڕژیم لە سووریە لەلایەن ئیسرائیل، قیمەتی دۆلار بۆ جارێکی تر چووە سەرێ و قیمەتی هەر دۆلارێکی ئەمریکا گەیشتە ٦٥ هەزار و ٥٠٠ تمەن. ئەگەرچی مەقاماتی ئابووریی دەوڵەتی ڕەئیسی ئەم چوونەسەرێی قیمەتی دۆلاریان ئاکامی فەزاسازیی میدیاکانی دوژمن ڕاگەیاند، بەڵام لەڕاستیدا ڕیاڵ لە ڕیزی بێ ئەرزشترین و ناسەقامگیرترین دراوەکانی دنیا دایە.
لەگەڵ قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووریی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، بێکاری زیاتر بووە، تەوەرۆم و گرانی تواانای کڕینی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی یەکجار هێناوەتە خوارێ و هەژاری و برسیەتی بەشێوەیەکی بێوینە پەرەی سەندووە. سەران و بەرپرسانی ڕژیم و فەرماندەکانی سپای پاسداران و چینی سەرمایەدار لەڕێگەی پەرەپێدانی چەوسانەوە و دزی و گەندەڵی و ڕانتخۆری، سەروەت و سامانی کۆمەڵگا تاڵان دەکەن. ڕژیم نەتەنیا ناتوانێ هیچ جۆرە باشتربوونێک لە ژیانی کرێکاران و خەڵکی بێبەشی کۆمەڵگا پێکبێنێت بەڵکوو بێکاری و هەژاری و برسیەتی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر بەرۆکیان پێ دەگرێ. لە وەها بارودۆخێکدا جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ستەمیدە ڕێگایەکیان بێجگەلە گەشەپێدانی خەبات و ڕێکخستنی ڕیزەکانیان و ئامادەکرنی پێداویستییەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی حکوومەتی ئیسلامی سەرمایەدارانیان بۆ نەماوەتەوە.
وتەی ڕۆژی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
www.facebook.com/Peshrawcpiran