لە باروودۆخێکدا کە کۆمەڵگەی ئەفغانستان لەگەڵ هەژاری و برسییەتی، شەڕ و تێکهەڵچوونی قەومی و مەزهەبی، ئاوارەیی، سەرکوت و زەبروزەنگ و جەولەی گرووپە کۆنەپەرستە مەزهەبییەکان بەرەوڕوویە و زۆربەی خەڵکی ستەملێکراوی ئەفغانستان لە وەزعییەتێکی جەحەنەمیدا بەسەر دەبەن، گرووپی تیرۆریستیی و ئیسلامگەرای تاڵەبان هەوڵ دەدات تا دەسەڵات و شەریعەتی ئیسلامیی خۆی زیاتر لە جاران بەسەر خەڵکی ئەم وڵاتەدا بسەپێنێت. بەدوای بانگەواز بۆ “کۆبوونەوەی گەورە” لەلایەن گرووپی تاڵەبان، کۆبوونەوەیەکی سێ ڕۆژە لە کابۆل بە بەشداریی زیاتر لە چوار هەزار ئاخوند و مەلا و مۆرەی کۆنەپەرستی سەربە گرووپی تاڵەبان بەڕێوەچوو. ئەم کۆبوونەوە سێ ڕۆژەیە کە لە ڕۆژانی ٩ تا ١١ی جۆزەردان بەڕێوەچوو، زیاتر بەئامانجی هێزنواندنی گرووپی تاڵەبان، بەدەستهێنانی “مەشرووعییەت” لای هێزە کۆنەپەرستەکان و پێکهێنانی کەشوهەوای ترس و تۆقاندن دژبە زۆربەی کۆمەڵگە بوو. ئەم کۆبوونەوەیە، هاوشێوەی کۆبوونەوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پیاوانی کۆنەپەرست و عەمامە لەسەر پێکهاتبوو. بەڕاستی ئەوەی لەم کۆبوونەوەیەدا نومایش درا و ئەوەی گرووپی تاڵەبان بەشوێنێوەیەتی، وەبیرهێنەرەوەی ئەو ڕۆژە ڕەش و خوێناویانەیە کە ڕژیمی ئیسلامیی ئێران لە ساڵەکانی دوای ڕاپەڕینی ٥٧ و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات بەسەر کۆمەڵگەی ئێرانیدا سەپاند و تا بە ئەمڕۆ درێژەی بە دەسەڵاتی نگریسی داوە.
با چەند دیمەنێک لەو کۆبوونەوەیە بخەینە بەرچاو تا پەردە لەسەر ڕوخساری قیزەونی گرووپی تاڵەبان و ڕەوتە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان لابدەیەن. مەجیب ڕەحمان ئەنساری، خەتیبی مزگەوتی جامعی ئەنساری لە ویلایەتی هەرات و یەکێک لە بەشداربووانی ئەم کۆبوونەوەیە، لە وتارەکەیدا ڕوو بە سەرانی تاڵەبان ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە نەیارانی “نیزامی ئیسلامی” و هەر کەسێک کە دژبە ئیماراتی ئیسلامی “چکۆلەترین حەرەکەت ئەنجام بدات” دەبێ سەرکوت بکرێت. ئەو وێڕای تەئکید لەسەر ئەوەیکە مەلا و کەسانی مەزهەبی لە سەرتاسەری ئەفغانستان دەبێت لەگەڵ ئەم فتوایە یەکدەنگ بن، ڕایگەیاند: “هەر کەس بەرامبەر بە حکوومەتی ئیسلامیی ئێمە بوەستێت، دەبێ سەری لێ بدرێت و لەناوبچێت.” عەبدولحەکیم حەقانی، سەرۆکی دەزگای قەزایی و سەرۆکی دادگای باڵای تاڵەبان ڕایگەیاند کە لەڕێگەی مەنبەری مزگەوت و مەدرەسەوە دەبێ بە خەڵک ڕاگەیەندرێت کە “دژایەتی لەگەڵ نیزامی ئیسلامی کردەوەیەکی ناڕەوایە و دەبێ خۆی لێ بەدوور بگرن.”
ئەم کۆبوونەوەیە بە دەرکردنی بڕیارنامەیەک، لەگەڵ ” ھەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە”، ڕێبەری گرووپی تیرۆریستیی تاڵەبان، بەیعەتی تازە کردەوە و ناوبراوی “حاکمی شەرعی ئەفغانستان و ئەمیری ئیماراتی ئیسلامی” ناو لێنا و داوای لە وڵاتان و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە “ئیماراتی ئیسلامی وەک نیزامی مەشرووع بە فەرمی بناسن.” لە ماددەی شەشی ئەم بڕیارنامەیەدا هاتووە کە “ئیماراتی ئیسلامی نیزامێکی ئیسلامییە کە بەسەر هەموو وڵاتدا دەسەڵاتی هەیە”. لە درێژەدا هاوشێوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وتراوە کە نەیارانی چەکداری حکوومەتی تاڵەبان، “بەغاوەت و فەساد فی ئەرز” پێناسە دەکرێن. هەروەها هاوشێوەی ئیدیعا بێ ئەساسەکانی سەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەماەوی زیاتر لە ٤٠ ساڵی ڕابردوو، “مەلا محەممەد حەسەن ئاخوند”، سەرۆک وەزیرانی گرووپی تاڵەبانیش لە کۆتایی ئەم کۆبوونەوەیەدا وتی “خەڵکی ئەفغانستان خوازیاری ڕەعایەتی حیجاب و حکوومەتی ئیسلامین و ژمارەیەکی زۆر کەم لەگەڵ حیجاب دژایەتی دەکەن.” ئەوەش لە حاڵێکدایە کە وەزارەتی مەعاریفی ئیماراتی ئیسلامیی تاڵەبان، حەوت مانگ دوای بە دەسەڵات گەیشتنیان، لە ڕۆژی کرانەوەی مەدرەسەکانی کچاندا ڕایگەیاند کە هەموو مەدرەسەکانی کچان تا ئاگادارکردنەوەی دووبارە دادەخرێن.
ئەمانە تەنیا چەند دیمەنێکن لە تەوەحوش و بەربەرییەتێک کە قەرارە بەسەر ژنانی ستەملێکراو، کرێکاران، ئازادیخوازان و خەڵکی ستەملێکراوی ئەفغانستاندا بسەپێت. ئەوەیکە ڕەوتی کۆنەپەرستی تاڵەبان بەسەر خەڵکی ئەفغانستانی دێنێت، خەڵکی ئێران لەماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا بە پێست و گۆشت و ئێسقان تەجروبەیان کردووە. ڕەوتە تاریک ئەندێشەکانی ئیسلامی سیاسی و دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەیان، داغی نەنگن بە ناوچاوانی مێژووەوە.
هاتنە سەر کاری دووبارەی تاڵەبان لە ئەفغانستان ئاکامی گۆڕانکاری جیهانی و شکستی سیاسەتی شەرەنگێزانەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و ناوچەکەیە. سەرەڕای هەزیمەتی نیزایی ئەمریکا لە ئەفغانستان و بەند و بەست و سازان لەگەڵ گرووپی تیرۆریستیی تاڵەبان، خێرایی لێکهەڵوەشانی پێکهاتەی سیاسی و ئیداریی ئەو دەوڵەتە بێ ناوەرۆکەی کە ئەمریکا و باقیی دەسەڵاتەکانی ناتۆ لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا لە ئەفغانستان پێکیان هێنابوو، نیشانەی شکستی بەرینی سیاسەتە ئیمپریالیستییەکان و دەخاڵەتی دەرەکی لە وڵاتانی ناوچەکەیە. هەموو تەبلیغات و پڕوپاگەندەی ڕەنگاوڕەنگ و بەرین کە زیاتر لە دوو دەیە لەژێرناوی “شەڕ لەگەڵ تیرۆریسم و پەرەپێدانی دیموکراسی، وەدیهێنانی مافی مرۆڤ و پێکهێنانی دەوڵەت – نەتەوەی مۆدێرن و دیموکراتیک” لەجاڕیان دابوو، وەک بڵقێک تەقیەوە. ئاکامی شەڕی ئیمپریالیستی دەسەڵاتە بەشداربووەکانی شەڕی ئەفغانستان، تێچووی تریلیۆن دۆلاریی ئەم شەڕە، پێکهێنانی “دەوڵەت”ی ئەفغانسان و سازوبەرگی نیزامی و ئەمنیەتی و ئیداری، هیچ شتێک نەبوو بێجگەلە کوشتار و خوێنڕێژی و وێرانی و تەوەحوش و لەناوچوونی بنەماکانی شارستانیەتی و مرۆڤایەتی. بەهۆی ئەم باروودۆخەوە وڵاتی ئەفغانستان بوو بە مەیدانی ڕەمبازێنی هێزی کۆنەپەرست و تیرۆریستیی تاڵەبان، ئەلقاعیدە، داعش و باقییی گرووپە تیرۆریست و ئیسلامییەکان. قوربانییانی سەرەکیی ئەم کارەساتەش خەڵکی ستەملێکراو، ژنان، منداڵان، مرۆڤە چەپ و کۆمۆنیست و ئازادیخوازەکانی ئەفغانستان بوون.
بەڵام ئەو مۆتەکەیەی کە ساڵەهایە بەسەر سەری خەڵکی ئەفغانستانەوەیە و بە گەڕانەوەی تاڵەبان بۆسەر کورسیی دەسەڵات بەهێزتر بووە، چارەنووسی حەتمی و ئەبەدیی خەڵکی ئەفغانستان نیییە. بێگومان ژنان قوربانییانی سەرەکیی دەسەڵاتی ئیسلامی تاڵەبانن. ئەگەرچی بەند و بەستی دەسەڵاتە ئیمپریالیست و کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە لەگەڵ ڕەوتی ئیسلامی سیاسی و یارمەتییەکانی دەوڵەتی پاکستان، تاڵەبانی دووبارە کردەوە “ئاڵتێرناتیڤ”ی بێ بەدیل و هەر ئێستاش لە ئەورووپا فەڕشی سووریان لەژێر پێ ڕادەخەن تا ئەم تەوەحوش و تیرۆریسمە نۆرمالیزە و مەشرووع نیشان بدەن و سەرەنجام بەڕەسمییان بناسن. بەڵام هەروەک ناڕەزایەتیی ژنان دژبە سەرکوت و بەربەرییەت لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا نیشانی داوە، شارستانیەتی و خۆڕاگری و خەبات لە قووڵایی کۆمەڵگەدا هەروا لە ئارا دایە. بێگومان ئەم ڕەوتە بەشێوازی جۆراوجۆر سەر هەڵدەدات و ئاڵوگۆڕی هیوابەخش دەخوڵقێنێت.