چین وەک هێزێکی تازەدەرکەوتوو لە سەدەی ٢١دا گۆڕانکاریی گەورەی لە هاوسەنگیی هێز لە نێوان زلهێزەکانی سەرمایەداری جیهانی و ناوچەییدا پێکهێناوە. لە جەرگەی ئەم گۆڕانکارییانەدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا بۆ چوونەدەرەوە لەژێر گوشاری دەسەڵاتەکانی ڕۆژاوا، پەیوەندی خۆی لەگەڵ چین وەک هاوپەیمانی جێگای متمانە و “ڕۆژهەڵاتی” بەهێز کردووە، بەجۆرێک کە ئەم دوو وڵاتە بەڵگەی پەیمانی ستراتێژیکی ٢٥ ساڵەیان واژۆ کردووە و هەتاکوو ئێستاش لە ئاشکراکردنی ناوەرۆکی ئەم پەیماننامەیە خۆدەبوێرن. ئابووریی ئێران هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ ئابووریی ڕوو لە گەشەی چیندا تێکەڵ بووە و لە هەموو کاتێک زیاتر پێوەی گرێ دراوە. بەڵام چین بەرەبەرە نفووزی خۆی لە ئێران زیاتر کردووە و هێژمۆنی و پێگەی باشتری خۆی پتەوتر کردووە.
بەپێچەوانەی ئەو ڕادەیە لە پەیوەندیی ئابووری، ڕژیمی ئێران نەتەنیا نەیتوانیوە پێگەی خۆی لە کێشمەکێشی ژێئۆپۆلیتیکی لەگەڵ دەسەڵاتەکانی ڕۆژاوا و ناوچەکە باشتر بکات و خۆی لەم گێرەوکێشانە دەرباز بکات، بەڵکوو کاریگەریی خستووەتە سەر پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ چین و بەرەڕووی بەربەستی نوێی کردووەتەوە. ئەم کێشەیە یەکێک لەو بێ ئەژمار فاکتۆرانەیە کە کۆماری ئیسلامیی لە دانوستانەکانی لەسەر “بووژاندنەوەی بەرجام” لەگەڵ زلهێزەکانی ڕۆژاوا، خستووەتە پێگەی لاوازترەوە.
هەرلەم پێوەندەدا، مەجیدڕەزا حەریری، سەرۆکی ژووری هاوبەشی بازرگانیی ئێران و چین ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی مانگی سەرماوەز لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێریی ئیلنا ڕایگەیاند کە تەجارەتی ئێران و چین کەوتووەتە ژێر کاریگەریی گەمارۆکانەوە و ئێران لە پلەی یەکەمی تەجارەت لەگەڵ چین بۆ پلەی پێنجەم دابەزیوە. کاربەدەستانی ڕژیم لە حاڵێکدا باس لە لاوازبوونی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ چین دەکەن کە ئێران لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا پتر لە هەر کاتێک پشتی بە ئابووریی چین بەستووە. لە کۆتاییەکانی دەیەی ٨٠ی هەتاویدا چین بوو بە گەورەترین شەریکی تەجاریی ئێران. لە ماوەی ساڵی ٢٠٠٤ تا ٢٠١٩ سەرمایەگوزارییەکانی چین نزیکەی دوو سێهەمی سەرمایەگوزاریی ڕاستەوخۆی دەرەکییان لە ئێران پێکدێنا. ئەم بابەتە پێگەیەکی تایبەت و هێژمۆنیکی بۆ چین لەپێناو پەرەپێدانی بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی خۆی لە ئێران خوڵقاندووە. سەرمایەگوزاری چین لە بواری درووستکردنی تۆڕی هێڵی ئاسن، مێترۆ و ڕێگاکانی ئێران، خێرایی ڕەوتی تێکەڵبوونی ئابووریی ئەم وڵاتەی لەڕێگەی “ڕێگای هاورشمی نوێ”وە توندتر کردووەتەوە.
چین بەهۆی پەرەپێدانی نفووزی خۆی لە ئێران بەردەوام لەژێر تیغی دووبەری گوشارەکانی ئەمریکادا بووە. گەمارۆکانی ئەمریکا دژبە ئێران، دەرفەتی گونجاوی بۆ کۆمپانیا گەورە نەوتییەکانی چین خوڵقاند تا جێگای کۆمپانیا چەند نەتەوەییە گەورەکانی ڕۆژاوا بگرنەوە و کۆمەڵێک گرێبەستی سەرمایەگوزاری لە بەشی وزەی ئێراندا واژۆ بکەن. بەڵام گەمارۆکان هاوکات پەیوەندی نێوان چین و ئێرانیشی ڕاستەوخۆ کردووەتە ئامانج. بۆ نموونە، گەمارۆکانی ئەمریکا پاش هاتنە سەر کاری دۆناڵد ترامپ لە ساڵی ٢٠١٦دا، ڕەوتی هاوردەکردنی چین لە ئێرانی لە٢٧ ملیارد دۆلار لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بۆ نزیکەی ٦ونیو ملیارد دۆلار لە ساڵی ٢٠٢٠ هێنایە خوارێ. هەروەها تا ساڵی ٢٠١٩ وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا پێنج کۆمپانیای گەورەی چین و شەش کەسایەتیی بەڕەگەز چینیی بەهۆی هاوکاری کردنیان لەگەڵ ئێران خستە لیستی گەمارۆکانەوە. ئەم گەمارۆ قورسانە، هاوردەکردنی نەوتی چینی لە ئێران یەکجار هێنایە خوارێ و بەهۆیەوە هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین لە ساڵی ٢٠١٩دا نزیک بە ٧ ملیارد دۆلار دابەزی و لە ساڵی ٢٠٢٠دا گەیشتە ١،٣ ملیارد دۆلار، واتە خوارترین ئاستی خۆی لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا.
لە نموونەیەکی دیکەدا، ئەگەرچی گرێبەستی بەرقی کردنی ڕێگەی ئاسنی خێرای تاران – مەشهەد بە ئەرزشی ١،٥ ملیارد دۆلار لە مانگی گەلاوێژی ٩٦دا لەنێوان ئێران و ئێگزیم بانکی چیندا بەڕێوەچوو، بەڵام جێگری وەزیری ڕێگای ئێران لە مانگی ڕێبەندانی ٩٩دا چوونەدەرەوەی چینی لەم پڕۆژەیە ڕاگەیاند. ئەوەش لە حاڵێک دایە کە ئەم پڕۆژەیە بەشێک لە هێڵی ئاسنی “ڕێگای هاوریشمی نوێ”یە کە چین لە ڕێگەی ئاسیای ناوەندەوە بە بازاڕە گەورەکان و سەرچاوەکانی وزەی ناوچە خاوەن نەوتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەریای خەزەر و ناوەندی ئاسیای ڕۆژاوا و ئەورووپا پەیوەند دەدات. گەمارۆ داسەپاوەکان، هۆکاری سەرەکیی چوونەدەرەوەی سەرمایەگوزارانی چینی لەم پڕۆژە گرینگانەن.
لەسەر بەستێنی وەها باروودۆخێکی پڕ لە گرژیی جیهانی و ناوچەییدا “حەریری” داهاتووی پەیوەندیی ئابووریی ئێران و چین، بە چارەنووسی دانوستانەکانی بەرجامەوە گرێ دەدات و دەڵێت: “کاتێک ئێمە گەمارۆکانمان بەسەردا سەپاوە، لە دانوستانی بازرگانی لەگەڵ لایەنە چینییەکان هەڵوێستێکی ناچاریمان گرتووەتەبەر. هەروەها زۆرێک لە کۆمپانیا چینییەکان کە لە ئاستی نێونەتەوەییدا چالاکی دەکەن بەخاتری تێبینیی گەمارۆکان بەئاسانی لەگەڵمان کار ناکەن. ئێمە لە بواری ڕاکێشانی سەرمایەگوزاری چینی و بەڕێوەبردنی پڕۆژە هاوبەشەکان کە قەرار بوو بەشێوەی فاینانس ئەنجام بدرێت و هەروەها لە بواری تەجارەتدا تووشی کێشە بووین.”
کەوابوو قایمکاربوونی چین لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران و ملکەچبوونی لە بەرامبەر گوشارەکانی ئەمریکا، تا ڕادەیەکی زۆر لە گرێ درانی ئابووری و بەرژەوەندی بەرینی ئەم وڵاتە بە ئابووریی جیهانییەوە سەرچاوە دەگرێت. هەربۆیە پێکەن داهاتوو و بەرژەوەندی بەرینی جیهانیی خۆی فیدای پەیوەندی سنوورداری لەگەڵ تاران ناکات و بەردەوام خەریکی قەرەبووکردنەوەی هاتنەخوارەوەی ئاستی چالاکییەکانی لە ئێران، لە ڕێگەی پەرەپێدانی نفووزی لە وڵاتانی خاوەن وزەیە.
کۆماری ئیسلامی لە مەنگەنەی هیواداربوون بە هاوکاریی لەگەڵ چین و گوشارەکانی ئەمریکادا گرفتار بووە. ئەم کێشەیە، کۆماری ئیسلامیی لە دانوستانەکانی بەرجامدا خستووەتە پێگەیەکی سەرشۆڕانە و دیفاعییەوە و سەرەڕای خۆهەڵکێشانی بێناوەرۆکی سەرانی ڕژیم، ناچارن ملکەچی خواستەکانی دەوڵەتانی ڕۆژاوا بن. ئەگەر ئەم فاکتۆرە لە پەنا خەبات و ناڕەزایەتیی بەرین و بەردەوامی کۆمەڵایەتی لە ئێران و قەیران و داڕمانی ئابووریی ڕژیم دابنێین، ئەم ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێت کە ڕژیمی ئێران پتر لە هەموو کاتێک لە پێگەی پاشەکشە و داماوی دایە و زیاتر لە جاران پڕتووکاوە و سەرەنجام ناچار دەبێت جامی ژەهر لەژێرناوی “نەرمشی قارەمانانە”دا بنۆشێت و سەد ئەوەندەیتر سەرشۆڕی و زەبوونی قەبووڵ بکات.
لەئێستادا ئەوەیکە هیوابەخشە و دەتوانێ خەباتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە جەرگەی قەیرانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیدا بەرەوپێش بەرێت، بەردەوامبوونی مانگرتن و ناڕەزایەتیی پڕگوڕوتین و هیوابەخشی کرێکاران، موعەلیمان، ژنان و جەماوەری بێبەشە. تەنیا لە جەرگەی پێشڕەویی ئەم خەباتە دایە کە ئەم بزووتنەوانە دەتوانن ڕەوتی ڕێکخراوبوون و یەکگرتوویی سەرتاسەرییان دابین و بەهێز بکەن و ڕێگای ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئاسان و ئامادە بکەن.