بەگوێرەی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی مانگی پووشپەڕی ١٤٠٣، لقی یەکی بێدادگای دژەئینقلابی ئیسلامی لە ڕەشت، شەریفە محەممەدی چالاکی کرێکاریی بە تۆمەتی ئەندامیەتی لە ” کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان” و ئەندامیەتی لە کۆمەڵە، کە لە یاسای کۆنەپەرستانەی فیقهیدا پێی دەوترێ “بەغی”، موحاکمە و بە ئیعدام مەحکووم کردووە. شەریفە محەممەدی کە لە ڕێکەوتی ١٤ی مانگی سەرماوەزی ١٤٠٢دا بە تۆمەتی چالاکیی تەبلیغی دژبە نیزامی ئیسلامی دەستگیر کرابوو لەئێستادا حەوت مانگە کە لە زیندانی کۆماری ئیسلامیدا بەسەر دەبات و لەم ماوەیەدا گەلێک جار خراوەتە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە و بۆ ماوەیەکی زۆر لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و منداڵەکەی بێبەری بووە.
ئەم حوکمە جەنایەتکارانەیە لە کاتێکدا دژبەم چالاکە کرێکارییە دەرکراوە کە شەریفە محەممەدی لە هیچ قۆناغێک لە ژیان و کار و چالاکیدا هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ تەشکیلاتی کۆمەڵە نەبووە. هێزە ئەمنیەتییەکانی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژیمی ئیسلامی لە پەروەندەسازییەکی ئەمنیەتیدا، شەریفە محەممەدییان بە ئەندامیەتی لە ” کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان” تۆمەتبار کردووە و ئەم ڕێکخراوە عەلەنی و سەربەخۆ کرێکارییەیان سەربە کۆمەڵە ڕاگەیاندووە. کۆمەڵە لەمبارەیەشەوە لێبڕاوانە ئەم ئیدیعایانە ڕەت دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت کە ” کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان” هیچ پەیوەند و نزیکایەتییەکی ڕێکخراوەیی لەگەڵ کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران نەبووە و نییە.
دەرکردنی ئەم حوکمە تاوانکارانەیە لەدژی شەریفە محەممەدی بەر لەوەیکە حوکمێکی یاسایی دژبەم چالاکە کرێکارییە بێت، حوکمێکی سیاسییە و هەموو هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاری و بەتایبەت ئەو بەشە لەو هەڵسووڕاوانەی بۆ قۆناغێک لە کۆمیتەی هاوئاهەنگیدا چالاک بوون، کردووەتە نیشانە. لەڕاستیدا ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی بە دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ شەریفە محەممەدی دەیهەوێ گشت چالاکانی کرێکاری و کۆمەڵگا چاوترسێن بکات. دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ شەریفە محەممەدی درێژەی هێرش بۆسەر سفرەی بەتاڵی کرێکاران، درێژەی هێرش بۆسەر ژنانی بێ حیجاب لە جەرگەی تەبلیغات و کێبڕکێی قیزەونی شانۆی ئینتخابات و شکستی یەک لە دوای یەکی ڕژیم لە چەند مانگی ڕابردوودایە. سەرانی حکوومەتی ئیسلامی دڵنیا دەکەینەوە کە دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ شەریفە محەممەدی، شکستە هەمەلایەنەکانیان قەرەبوو ناکاتەوە و ناتوانێ مانەوەی دەسەڵاتی تاوانکاریان زەمانەت بکات.
بێگومان ڕژیم بە دەرکردنی ئەم ئەحکامە جەنایەتکارانەیە دژبە چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری، خۆی لە لێواری هەڵدێر نزیکتر دەکاتەوە. ئەمجارە دروشمی سزای ئێعدام دەبێ هەڵوەشێتەوە، کرێکاری زیندانی، زیندانیی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێ بەهێزتر لە ڕابردوو لە ناوەوە و دەرەوەی زیندان و ئەشکەنجەگاکانی ڕژیم هاوار دەکرێت. کۆمەڵە وێڕای ئەوەیکە بۆ جارێکی تر هەر جۆرە ئیدیعای پەیوەندیی شەریفە محەممەدی لەگەڵ تەشکیلاتی کۆمەڵە و پەیوەندیی “کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان” لەگەڵ کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەتوندی ڕەت دەکاتەوە، داوا لە هەموو ئینسانێکی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب دەکات کە لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و بە بەرزکردنەوەی دروشمی سزای ئێعدام دەبێ هەڵوەشێتەوە، کرێکاری زیندانی، زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێ، ڕژیمی ئیسلامی بۆ ئازادیی شەریفە محەممەدی و سەرجەم زیندانیانی سیاسی و کرێکاران و موعەلیمانی زیندانی بخەنە ژێر فشارەوە.
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١٤ی پووشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی
٤ی جولای ٢٠٢٤ی زایینی