نیزامی سەرمایەداری کە سێبەری چەوسێنەرانەوە تاڵانکەرانەی خۆی بە سەر تەواوی دنیا دا کێشاوە، بە بێ مافی و بێبەشی میلیۆنان ئینسانی کرێکار و زەحمەتکێش پشت ئەستوورە کە بە هێزی مەچەک و بازوی خۆیان سەروەتەکانی دنیای ئەمڕۆ دەخوڵقێنن. کەمینەیەکی بچوک زۆرینەی خەڵکی جیهانیان بە کۆیلایەتی و هەژاری و بێبەشی کێشاوە. ئەم زۆرینە بێبەشە ریزی سەدان میلێۆنی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە سەرتاسەری جیهان دەبێ یەکگرتوانە بۆ دابین کردنی مافە ڕەواکانی خۆیان و دامەزراندنی کۆمەڵێکی نوێ لە دژی ئەم کەمینە سەرمایەدارە و تەواوی نیزامی چەسێنەر و ستەمکاری ئەو ئاخێزێک وەڕێپخەن.
ئێمە کۆمۆنیستەکان ئاڵا هەڵگری شۆڕشی جیهانی چینی کرێکارین. شۆڕشێک کە بە تێکشکاندنی دەسەڵاتی چینی چەوسێنەر، بە دامەزراندنی حکوومەتی رەوای کرێکاران و بە جێبەجێ کردنی کەرەستەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی بە خاوندارییەتی گشتی کۆمەڵگا، یەکسانی راستەقینەو تەواو کەماڵی ئینسانەکان لە کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستی بە دوور لە ستەم و چەوسانەوە تەزمین دەکات. ئەمڕۆ لە باروودۆخێک دا کە کۆماری ئیسلامی تێدەکۆشێ بە زۆری چەک و یاسا دواکەوتووەکانی لە خزمەت بە سەرمایە و سەرمایەداری خۆی بە سەر کۆمەڵانی خەڵک لە کوردستان دا بسەپێنێ، لە باروودۆخێک دا کە داکۆکیکارانی نیزامی سەرمایەداری لە ئێران لە هەوڵ دان خواستە بنەڕەتییەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان دەمکوت کەن، رێکخروای کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران-کۆمەڵە وەک هێزی پێشڕەوی کرێکارانی شۆڕشگیر لە کوردستان بنەما سەرەکییەکانی مافە رەوا و حاشاهەڵنەگرەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان راشکاوانە رادەگەیەنێ و هەموو هێزە شۆڕشگێرەکان بۆ پشتیوانی لەو ئامانجە شۆڕشگێریانە لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامی و هەموو بەرگریکارانی چەوسانەوە و ملهوڕی و ستەمکاری نەتەوایەتی، بانگەواز دەکا.
بەیاننامەی مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی زەحمەتکێش لە کوردستان
1. بەشداری راستەوخۆ و ئازادانە لە دیاری کردنی چارەنووسی سیاسی کۆمەڵگەو شێوازی بەڕێوەبەرایەتی ئەو مافی بێ ئەم لاو لای هەموو کەسێکە. هەر کەسێکی سەرووی 16 ساڵ لە ژن و پیاو دەتوانێ لە هەڵبژاردنی هەر ئۆرگانێکی نوێنەرایەتی بەشداری پکات و هەڵبژێرێ. هەر کەسێکی سەرووی 18 ساڵ لە ژن و پیاو دەتوانێ بۆ هەر ئۆرگانێکی نوێنەرایەتی هەڵببژێردرێ. بەڕێوەبەرایەتی کوردستان لە تەواوی ئاستەکان لە سەرەوە تا خوارێ دەبێ لە رێگەی ئۆرگانە هەڵبژێردراوەکانی خەڵک و بە بەشداری راستەوخۆی خۆیان بێت.
2. هەر کەس لە باوەڕمەندییەکانی خۆی و بەیان و تەبلیغی ئەوان ئازادە.هیچ هێزێک ناتوانێ ئازادی رادەربڕین، باوەڕمەندی و بیری سیاسی لە کرێکاران و زەحمەتکێشان زەوت کا. لێکۆڵینەوە لە بیروباوەڕ و سەپاندنی بیروباوەڕ قەدەغەیە.
3. مافی دیاری کردنی چارەنووس مافی حاشاهەڵنەگری هەر نەتەوەیەکەو خەڵکی کوردستان ئازادن بە هەر شێوازێک خۆیان بەڕێوەبەرن و شکڵ و قەوارەی سیاسی و پەیوەندییە ئیدارییەکانی دیاری پکەن. بەکارهێنانی زۆر لە لایەن هەر دەوڵەت و هێزێکی سیاسی بۆ پێشگرتن بە وەگەڕ خستنی ئیرادەی ئازادانەی خەڵکی کوردستان لە دیاری کردنی چارەنووسی سیاسی خۆیان باتڵەو لە بەرامبەر مافخوازی نەتەوەیەک دا مەحکووم بە شکەستە. شۆڕش و خەباتی چەکداری لە بەرامبەر کردەوەگەلی ئاوا مافی بێ ئەم لاو لای خەڵکی کوردستانەو کاردانەوەیەکی رەوا و بەرحەقە.
4. هەر کەسێک ئازادە هەر مەزهەبێک هەڵبژێرێ یان هیچ مەزهەبێکی نەبێ. هەر جۆرە هەڵاواردنێک لە سەر ئەساسی باوەڕمەندییە مەزهەبی و غەیرە مەزهەبییەکان قەدەغەیە. بۆ تەزمین کردنی ئازادی بیروباوڕ بۆ هەموو کەسەکان، دەبێ مەزهەب لە دەوڵەت و پەروەردە جیا بکرێتەوە و ئەمری کەسێتی خەڵک رابگەینرێ.
5. پێکهێنانی کۆڕ و کۆمەڵ و وەڕێخستنی رێپێوان و کەڵك وەرگرتن لە مێدیاکان و رادیۆ و تەلەویزیۆن بۆ بەیانی ئازادانەی بیروباوڕ مافی سەلمێنراو و زەوتنەکراوی کۆمەڵانی خەڵکی بێبەشەو ئازادی بێ شەرت و مەرجی پێکهێنان یان پەیوەست بوون بە هەر جۆرە رێکخراوێکی سیاسی و سینفی و کۆمەڵایەتی دەبێ تەزمین و رچاو بگیرێ.
6. هەر ئینسانیکی زەحمەتکێش چ بێکار و چ شاغڵ و هەر ئینسانێک کە بۆ دابین کردنی بژیوی خۆی ئامادەی کار کردن بێت، دەبێ ژیانێکی ئاسوودە و هەموو مافەکانی دابین کراو بێت. خۆشگوزەرانی و دابین کردنی کۆمەڵایەتی مافی سەلمێنراوی هەموو ئەو کەسانەیە کە بە هۆکاری جۆراوجۆر لەوانە بە ساڵاچوویی و نەخۆشی، کەم ئەندامی و شتی دیکە توانای کار کردنیان نییە. هەموو کەسێک لە هەڵبژاردنی پیشە ئازادە و بەهرەمەند بوون لە کاتی پشوو دان و حەسانەوە و هەل بۆ پێڕاگەیشتن بە گەشەی فەرهەنگی و مەعنەوەی، مافی سەلمێنراوی خەڵکی زەحمەتکێشە.
7. ژنان لە تەواوی بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی لە بەرهەمهێنان، لە بنەماڵە و لە هەموو بوارەکانی ئابووری، سیاسی و فەرهەنگی لە مافی یەکسان لە گەڵ پیاوان بەهرەمەندن. کۆیلایەتی ژنان لە رێگەی چینە دەسەڵات دارەکانەوە دەبێ کۆتایی پێ بێت. ژن و پیاو لە بەرابەر کاری یەکسان حەقدەستی یەکسان وەردەگرن.
8. هەر کەسێکی سەرووی 18 ساڵ لە ژن و پیاو لە پێکهنێنانی بنەماڵە بە حەزی خۆی ئازادە. هیچکەس نابێ بە پێچەوانەی حەز و ئارەزووی خۆی وادار بە هاوسەرگیری بکرێ. هاوسەرگیری بە تۆمار کردن لە بنکە رەسمیەکانەوە لە لایەن کۆمەڵگاوە بە رەسمییەت دەناسرێن. کەسەکان لە بەڕێوەبردن یا نەبردنی رێوڕەسمی تایبەتی ئایینی لە هاوسەرگیری موختارن. ژن و پیاو لە هەموو بوارەکانی پەیوەندیدار بە بنەماڵەوە لە تەڵاق و بەرپرسایەتی منداڵ و لە میرات لە مافی یەکسان بەهرەمەندن.
9. شوێنی ژیانی کەسەکان و پەیوەندییەکانی لە هەموو جۆرە دەستدرێژی و دەستێوەردانێک تەزمین کراوە و کەسایەتی تاکەکان لە سووکایەتی و بێ حورمەتی پارێزراوە. هەموو کەسێک لە سەفەر کردن و دیاری کردنی شوێنی ژیان و نیشتەجێ بوونی بە تەواوی ئازادە. دوور خستنەوەی کەسەکان و هەر جۆرە جێبەجێ کردنێکی زۆرەملێ چ بە تاک و چ بە کۆمەڵ کردەوەیەکی دژە ئینسانییەو پێشێل کردنی مافەسەرەتاییەکانی ئینسانی ئەمڕۆیەو مەحکووم و قەدەغەیە.
10. تەندرووستی جەستەیی خەڵک دەبێ تەزمین بکرێ. دەبێ بێهداشت و دەرمانی خۆڕایی و شیاو بۆ هەموو خەڵک لە شارەکانەو تا دوور کەوتووترین دێهاتەکان دابین بکرێ. تەواوی تاکەکانی کۆمەڵگا مافی بەهرەمەند بوون لە ماڵ و شوێنی ژیانی شیاویان هەیە.
11. پەروەردە و راهێنانی خۆڕایی و ئیمکانی یەکسان بۆ بەهرەمەند بوون لە دەسکەوتە زانستی، فەرهەنگی و تەکنیکییەکانی بەشەر بۆ هەموو تاکەکان دەبێ دابین بکرێ. بێسەوادی ئەم میراتە شوومەی نیزامی چەوسێنەری سەرمایەداری دەبێ بنەبڕ بکرێ.
12. مافی هەبوونی چەک بۆ هەر زەحمەتکێشکی کوردستان کە لە پێناو ئازادی و بۆ پارێزگاری لە ئەمنییەتی خۆی و بنەماڵەکەی خەبات دەکا پارێزراوە. هێچکەس مافی چەک ساندنەوەی لە کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستانی نییە. ناردنی زۆرملێی کەسەکان بۆ بەرەکانی شەڕ قەدەغەیە و هەر جۆرە رەشبگیری و سەربازگیرییەک لە کوردستان قەدەغەیە.
13. یاسا ئایینییەکانی کۆماری ئیسلامی نابێ لە کوردستان بە کردەوە دەربێن. هەر جۆرە دادگایەکی شاڕاوە و نەهێنی پەسەند نەکراوە. تەواوی قازییەکان دەبێ لە هەموو ئاستەکان لە رێگەی خەڵکەوە هەڵبژێردرێن. هەموو محاکەمەکان دەبێ ئاشکرا بن. بنەمای هەر محاکەمەیەک بێتاون بوونی تاوانبارکراوە. هەر جۆرە ئازاریکی جەستەیی و دەروونی چ وەک سزادان و چ لە کاتی دەسبەسەری، لێپێچینەوە قەدەغەیە. هەرجۆرە دەسبەسەر کردنی تاکەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە قەدەغەیە و لە هەر حاڵەتیک دا حەتا ناوەندە قەزاییە هەڵبژێردراوەکانی خەڵکیش بە بێ راگەیاندنی تاوان مافی دەسبەسەر کردنی زیاد لە 24 کاتژمێرییان نییە.
14. تەواوی یاساکان و ئەو ناوەندانەی نوێنەر و پارێزەری ستەمی نەتەوایەتین دەبێ هەڵوەشێنەوە. هەرجۆرە هەڵاواردنێکی ئابووری و سیاسی و فەرهەنگی لە دژی خەڵکی کوردستان پەسەندنەکراو مەحکوومە. خەڵکی کوردستان لە بەهرەمەند بوونیان لە فەرهەنگی نەتەوایەتی خۆیان و کەڵک وەرگرتن لە زمانی دایکی خۆیان بۆ پویوەندییەکانیان و لە ناوەندە دەوڵەتییەکان و راهێنان و پەروەردە بە زمان و فەرهەنگی خۆیان لە مەدرەسەکان بە تەواوی ئازادن.
کرێکارانی شۆڕشگێری کوردستان!
بە کردەوە دەرهێنانی ئەم ئامانجانە تەنیا هەنگاویکە لە پێناو لە ناو بردنی نیزامی داڕماوی سەرمایەداری لە ئێران و دامەزراندنی حکوومەتی کریکاری. لە حیزبی کۆمۆنیستی خۆتان دا رێکخراو بن و کۆمەڵانی بەرینی بێبەشی کوردستان بۆ بە کردەوە دەرهێنانی ئەم مافە حاشاهەڵنەگرانە لە ریزی خەباتی شۆڕشگێرانەی خۆتان و لە ژێر ئاڵای حیزبی خۆتان کۆپکەنەوە.
کۆمەڵانی بێبەش و زەحمەتکێشی کوردستان!
ئەوانە مافی سەلمێنراو و سەرەتایی و حاشاهەڵنەگری ئێوەن. ئەوانە ئەم افانەن کە کرێکارانی شۆڕشگێر بە رابەرایەتی حیزبی کۆمۆنیست لە یەکەمین رۆژی سەرکەوتن دا دابین و تەزمینیان دەکا و کۆمەڵە هەر لە ئێستاوە بە تەواوی هێزەوە بۆ جێخستنی بەند بە بەندی ئەمانەو وەلانانی سوونەت و یاسا دواکەتووەکان لە کوردستانی شۆڕشگێر بە هێزی رێکخراو و چەکداری خۆتان خەبات دەکا. مافەکانی خۆتان بناسن و لە بەرامبەر هەر دەسدرێژییەکی دواکەوتووی دژە شۆڕش دا بەرگری لە دەسکەوتەکان پکەن. لە بەرامبەر دوژمن، لە بەرامبەر سەرکوتگەر لە هەر جل و بەرگێک دا ئاڵای مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی زەحمەتکێش لە کوردستان هەڵ پکەن. رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران-کۆمەڵە هەموو حیزبە سیاسیە شۆڕشگێرەکان و هەموو خەڵکی کوردستان و ئێران و جیهان بۆ پشتیوانی شێلگیرانە لەو بەیانییە بانگەواز دەکات.