فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کەمبوونی ئاوی سالم، هەڕەشە لە گیانی خەڵکی کوردستان دەکات
یەکشەممە ۱۶-۰۸-۱۴۰۰   |  07-11-2021

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی ئۆستانی کوردستان تام و بۆنی ناخۆشی ئاو لەم ئۆستانە و بەتایبەتی لە شاری سنە زیاتر لە سێ ساڵە کە خەڵکی بەرەوڕووی کێشەی جیددی کردووەتەوە، تا جێگایەک کە خەڵک بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی سالم  گرفتار و سەرگەرانی کێو و بیابان بوون. هەڵبەت کێشەی ئاو لە شارستانەکانی بانە و سەقزیش خەڵکی لەگەڵ کێشەی جۆراجۆر بەرەوڕوو کروودەتەوە. لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا بەڕەسمی پڕۆژەی ئاوگەیاندنی بەندئاوی ئازاد بۆ ناوەندی پاڵاوتنی ئاوی شاری سنە بەم ئامانجە دەستپێکرد تا خەڵکی شاری سنە لە تام و بۆنی ناخۆشی ئاوی خواردنەوە نەجات بدات. ناڕەزایەتی خەڵک لەئاست ئاوی خواردنەوە، بوو بەهۆی ئەوەیکە بەرپرسانی ئۆستانی لەوانە ئۆستانداری کوردستان، جێگری ئۆستاندار و هەروەها سەرۆکی ڕێکخراوی بەڕێوەبەری و بەرنامەڕێژیی ئۆستان، بەڵێن بە خەڵکی سنە بدەن کە هاوینی ئەمساڵ دوایین وەرز دەبێت کە تام و بۆنی ناخۆشی ئاوی سنە تەحەمول دەکەن و تەئکیدیان کرد کە ئەم پڕۆژەیە بە کۆتایی دەگات. بەڵام لە حاڵێکدا کە چەند مانگ لە وەرزی هاوین تێپەڕ بووە، هێستا هەواڵێک لە تەواوبوونی پڕۆژەی ئاوگەیاندنی بەندئاوی ئازاد نابیسترێت. سەرۆکی ڕێکخراوی بەرنامە و بودجەی ئۆستانی کوردستان ئەراوردی ئێتعباری گشت پڕۆژەکەی  ٣٥٠ ملیارد تمەن ڕاگەیاندووە و وتوویەتی کە خۆی هەتا ئێستا ٢٥٠ ملیاردی بۆ ئەم پڕۆژەیە تەرخان کردووە. ڕاستییەکەی ئەوە کە ئەم پڕۆژەیەش وەکوو باقیی پڕۆژەکانی دیکە لەم ئۆستانە بەهۆی کەمبوونی ئیعتبار پێشکەوتنێکی وای نەبووە و ئۆستانداری کوردستان لە سەردانی بۆ بەندئاوی ئازاد  و ناوەندی گواستنەوەی ئاو بۆ پاڵاوگەی شاری سنە، دانی بەوە داناوە کە نەبوونی ئیعتبار دەلیلی سەرەکیی وەدواکەوتنی ئەم پڕۆژەیەیە و بە بەڵێنی دووبارەوە ڕایگەیاندووە کە تا کۆتایی مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵ ئەم پڕۆژەیە تەواو دەبێت و دەستبەکار دەکات. 

لە لایەکی دیکەوە بە پێی ڕاپۆرتی “شۆرای بەڕێوەبەریی کەمپەینی داخوازیی ئاوی خواردنەوەی سنە”، پەیگیری ئەوان لە ڕێکەوتی ٢١ی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ لە چاوپێگەوتنێکی مەیدانی لە ڕەوتی پێشڕەویی فیزیکیی پڕۆژەی ئاوگەیاندن لە بەندئاوی ئازادەوە بۆ پاڵاوگەی ئاوی سنە، یەکێک لە ئەندامانی کۆمیتەی فەننی و تێکنیکاڵی کەمپەین، بە نوێنەرایەتی لە لایەن شۆرای بەڕێوەبەری کەمپەینەوە وێڕای ئاماژە بە توندبوونەوەی ناڕەزایەتیی گشتی لەئاست ڕەوتی یەکجار خاوی بەڕێوەبردنی ئەم پڕۆژەیە کە لە ٢٦ کیلۆمیتر، تەنیا ٣ کیلۆمیتری لولەی بۆداندراوە و هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی دەسپێکی وەرزی سەرما و بارین، خوازیاری بەڕێوەبردنی خێرای ئەم پڕۆژەیە بوون.” پرسیارێک کە لێرەدا دێتە گۆڕێ ئەوەیە کە ئەم پڕۆژەیە کە لە ماوەی دە مانگی ڕابردوودا تەنیا ٢٥ لەسەدی ئەنجام دراوە و بەسەرەنجدان بە کەمبوونی بودجەی ئێعتباری، ئایا دەکرێت لە ماوەی چوار مانگی داهاتوودا ئەم پڕۆژەیە تەواو بێت و دەست بەکار بکات؟ کەمپەینی داخوازیی ئاوی خواردنەوەی سنە وێڕای دەربڕینی ڕەخنەی ڕاشکاوانە، کەمتەرخەمیی چەندین ساڵی بەردەوام لەئاست سڵامەتیی جەستەیی و دەروونیی خەڵکی شاری سنەی پێشێلکردنی ئاشکرای مافی هاووڵاتییان پێناسە کرد. لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە: “کوردستان وەک یەکێک لە سەرچاوە گرینگەکانی دابینکەری ٥ حەوزەی ئاوڕێژ بۆ ئۆستانەکانی دیکە، خۆی بەهۆی بەڕێوەبەریی پرتووکاو و ناکارامە، لە نیعمەتی ئاوی خواردنەوەی سالم بێبەرییە. و ئاکامەکەشی دەکرێ لە ورووژمی خەڵک بۆ کانییەکانی دەورووبەری شار ببیندرێت”.

بەسەرەنجدان بە باروودۆخی نالەباری ئابووری، بێکاری و تەوەرۆم، خەڵک بۆ دابینکردنی ئاوی سالم و کڕینی ئاوی مەعدەنی لەگەڵ کێشەی جۆراوجۆر بەرەوڕوون و بەکردەوە ناتوانن هەزینەکەی دابین بکەن. خەڵک حازرن چەندین سەعات لە سەفی ئاودا ڕاوەستن و لە کانییەکان ئاوی پێویستیی خۆیان دابین بکەن. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە جێگری کاروباری تەندرووستیی زانکۆی علوومی پزیشکیی کوردستان وێڕای ئاماژە بەوەیکە ئاوی هیچ کانییەک لەمشارە تەئید نەکراوە ڕایگەیاند کە: “ئاو لە زرووفی پەلاستیکیدا نابێ لە ٢٤ سەعات زیاتر هەڵبگیرێت، ئەوە لەحاڵێکدایە کە خەڵک ئاوی یەک حەوتووی خۆیان لە کانییەکان هەڵدێنجن و لە ماڵەوە ڕایدەگرن” بەڵام سەرەڕای هەمووی ئەوانە هاووڵاتییان ئەم ئاوەیان پێ لە ئاوی لوولەکەشی باشترە.

لە حاڵێکدا کە ڕژیمی سەرمایەداریی ئیسلامیی ئێران بۆ میلیتاریزەکردن و سەرکوتی جەماوەری خەباتکار، بۆ میلیتاریزەکردنی کوردستان، بۆ دەخاڵەتگەریی نیزامی لە وڵاتانی ناوچەکە، بۆ پڕچەک کردنی گرووپە تیرۆریستە ئیسلامیەکان بوودجەی فراوان تەرخان دەکات، بەڵام لەژێر باری بەرپرسایەتیی دابین کردنی بوودجەی ئاوی خواردنەوەی خەڵک شان لادەبات و حازر نییە بوودجەی ئیعتباری پێویست بۆ دابین کردنی تەرخان بکات. نابێ لەبیرمان بچێتەوە کە خەڵکی کوردستان پتر لە چل و دوو ساڵە لەژێر دەسەڵاتی ڕژیمی سەرمایەداریی ئیسلامیدا، سەرەڕای توندبوونەوەی ستەمی چینایەتی لەسەر کرێکاران، بەهۆی داسەپانی سیاسەتی شۆوێنیستی لە ستەمی نەتەوەیی ڕەنج دەبەن و هەر ئەم بابەتەش بووەتە هۆی ئەوەیکە لە بواری ڕێژخانی ئابووری، کەرەستەی خۆشبژێوی و بەکردەوە دەرهاتنی پڕۆژە ئابوورییەکان یەکجار بکەونە ژێر گوشارەوە. ئەزموونی ساڵەها خەباتی خەڵکی کوردستان نیشانی دەدات کە هەر ڕادە لە پێشڕەوی لە بواری دەستڕاگەیشتن بە خواستی خەڵکی کوردستان و پاشەکشەپێکردن بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە گرەوی خەباتی یەکگرتووانەدا ئاکامی دەبێت. کەوابوو پێویستە کلتووری ناڕەزایەتی و خەبات بۆ دەستڕاگەیشتن بەم مافە سەرەتاییانە بەشێوەیەکی هەرچی بەرینتر بکرێتە کلتووری گشتی. پێویستە کەمبوونی ئاوی خواردنەوەی سالم، ئەم پێداویستییە گرینگ و سەرەتاییەی خەڵک بکرێتە بەستێنێک بۆ بەڕێوەبردنی ناڕەزایەتیی گشتی. لەسەر ئەم ئەساسە، پەیوەندی خەباتی هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاری و چالاکانی ژینگەپارێز و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوەکانی ناو کۆمەڵگا، دەتوانێ باوەڕپێکراوترین هێز بێت لە بەرەوپێش بردنی خەباتی یەکگرتووانە و دژبە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و وەدیهێنانی خواستەکانی جەماری ستەملێکراوی کورستان.

https://alternative-shorai.tv