فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

گواستنەوەی دووبارەی هێمن مستەفایی بۆ بەندیخانەی سنە و مەترسیی ئەگەری لەسێدارەدانی لەسەرە
هەینی ۱۲-۱۲-۱۴۰۱   |  03-03-2023

هێمن مستەفایی، بەندکراوی خەڵکی شارەدێی “کانی دینار”ی شاری مەریوان کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە، پاش ۵ مانگ لێکۆڵینەوە، لێپرسینەوە، ئەشکەنجە و ئازاردان لە کاتێکدا مانی لە خواردن گرتبوو، جارێکی دیکە لە دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات لە سنە، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ڕژیم لە شاری سنە گواستراوەتەوە.
هێمن مستەفایی پێش گواستنەوەی بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعات لە ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەر، دەیەمین ساڵی بەندکرانی لە بەندیخانەی ناوەندیی ڕژیم شاری سنە تێپەڕ دەکرد؛ ناوبراو لەلایەن داواکاری گشتیی پارێزگای سنە هەڕەشەی جێبەجێکرانی “سزای سێدارە”ی سەپێندراو بەسەریدا لێ کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بەندیخانەی ناوەندیی ڕژیم لە شاری سنە، گوللەی چەکی ساچمەیی بەر لای چەپی سینگی کەوتبوو و ساچمەکان چوونەتە ناو قوڵاییی جەستەی ناوبراو و نزیک لە دڵی.سەرەڕای سەختیی برین و خراپیی بارودۆخی تەندروستیی هێمن مستەفایی و پێویستی خێرای بە نەشتەرگەری و چارەسەریی پزیشکی، هەتا ئێستا لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە ڕێگری لە گواسترانەوەی ناوبراو بۆ ناوەندە دەرمانییەکان کراوە.