ناوەندی پاراستنی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە و بارهێنانی شاری سنە لە سەرووبەندی هاتنی ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ ئەو شارە، گوشاری خستووەتە سەر قوتابییانی کچی خەڵکی سنە بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی پێشوازیکردن و خوێندنی سروودی حکوومەتی و لە ئەگەری بەشدارینەکردنیان، هەڕەشەی “گەرتنەبەری ڕێکاری دیسیپلینی” لێیان کراوە.
ناوەندی پاراستنی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە و بارهێنانی شاری سنە بە هاوکاریی بەڕێوەبەرانی قوتابخانەی کچانەی “سدیقینی یەک” کە لە شارۆچکەی “سەعدی”ی شاری سنەیە، گوشاریان خستووەتە سەر قوتابییان بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی حکوومەتیی پێشوازیکردن لە ئیبراهیم ڕەئیسی.
سروودەکە بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە، ١٢ی خەزەڵوەر لە گۆڕەپانی ئازادیی (مەیان ئیقباڵ) شاری سنە لەلایەن قوتابییانەوە بەپێچەوانەی ویستی تاکەکەسیی خۆیان، بە ئامادەبوونی ئیبراهیم ڕەئیسی بخوێندرێت.
شایانی باسە کە پەروەردە و بارهێنانی کۆماری ئیسلامی ئەم کارەی لە سەروبەندی ١٣ی خەزەڵوەر کە لە ساڵنامەی خۆیدا بە “ڕۆژی قوتابی” دیاری کردووە، خستووەتە بەرنامەی کارییەوە و هەڕەشە لە قوتابییەکانیش کراوە کە ئەگەر بەشداریی ئەو ڕێوڕەسمە نەکەن، ڕێکاری دیسیپلینی دەگیردرێتە پێش و سزا دەدەرێن.