بەرپرسان و ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیم لە سەرووبەندی ساڵڕۆژی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” گوشارەکانیان بۆ سەر بنەماڵەی دادخوازەکان زیاتر کردووە و هەر لەم پەیوەندییەدا بنەماڵەی “ئاریان خۆشگوار” خەڵکی شاری سنە لە ژێر زەخت و گوشارن بۆ وەرگرتنەوەی سکاڵاکەیان.
بەگوێرەی زانیارییەکان، حەسەن عەسگەری، لە بەرپرسانی پێشووی سپای پاسداران و فەرمانداری ئێستای شاری سنە، پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەی دادخوازی محەممەد ئاریان خۆشگوار گرتووە و هاوکات لەگەڵ هەرەشە کردن لێیان وتوویە، دەتوانن بە وەرگرتنی دیە و خوێن بەهای کوڕەکەیان لە سکاڵاکەیان پاشگەز ببنەوە و لە ئەگەری ئەنجام نەدانی ئەم کارە تووشی کێشەی ئەمنییەتی دەبن. شایانی باسە، ئەم بنەماڵە سەرەرای تۆمار کردنی سکاڵا لە دادگۆستەری، زانیویانە دۆسیەکە بە بێ هیچ هەوڵێکی کاریگەر و بێ هیچ لێکۆڵینەوەیەک داخراوە. جێگای وەبیرهێنانەوەیە، “محەمەد ئاریان خۆشگوار” لاوی تەمەن ١٨ ساڵی خەڵکی شاری سنە، ڕۆژی ٢٦ی خەزەڵوەری پارەکە، بە چەقۆ و باتۆم لە لایەن هێزەکانی یەگان ویژەی ڕژیم لەم شارە بریندار کرا. ناوبراو لە کۆتاییدا ڕۆژی ٢٣ی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو، دوای چوار مانگ مانەوە لە نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنە گیانی لەدەست دا.