بەپێی ڕاپۆرتەکان، “کاروان شاهی پەروانە، فەریاد حەمزەشوور، فەرزاد محەممەدپوور، شەهرام مەعرووف مەولا، ڕەزا ئیسلام دووست و دوو برا بە ناوەکانی فەرهاد و فەرزاد تەهازادە”، کە لە لایەن دەزگای دادوەریی ڕژیمەوە تۆمەتی موحارەبەیان بەسەردا سەپاوە، لە زیندانی ورمێ لەژێر گوشاری دەروونی و جەستەیی هێزەکانی ڕژیمدان و بارودۆخیان خراپە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم حەوت بەندکراوە کە خەڵکی شاری شنۆن، لە بەندی ٢ی زیندانی ورمێ ڕاگیراون و هێشتا چارەنووسیان ناڕوونە. شایانی باسە، ئەو بەندکراوانە لە هەر چەشنە مافێکی سەرەتایی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنەکەیاندا، بێبەری و بێبەش کراون. ئەمە لەحاڵێکدایە کە خوازەنامەی دادستان لەسەر ئەو بەندکراوانە بۆ لقی ٣ی دادگای ڕژیم لە ورمێ نێردراوە، بەڵام هەتا ئێستا چارەنووسی ئەو حەوت بەندکراوە ناڕوونە و دانیشتنی دادگاییکردنەکەیان بەڕێوە نەچووە.