گوڕوتینی ئاخێزێکی مەزن؛ مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی مامۆستایان
زێدەڕۆیی نییە ئەگەر یەک دەیەی ڕابردوو بە قۆناغی سەرامەدی بزووتنەوەی پێشڕەو و چینایەتیی مامۆستایان پێناسە بکەین. ئەگەر چاوخشاندنێکمان بێت بەسەر ڕەوتی پڕ لە هەواز و نێشوێی ناڕەزایەتی و جۆش و خرۆشی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە کۆمەڵگای ئێران، بێگومان ناڕەزایەتیی بەردەوام و سەرانسەریی مامۆستایان یەکێک لە بەرچاوترین و شکۆدارترین دیمەنەکانی خەباتی کۆمەڵایەتی و مافخوازی بووە. سەرەڕای سەرکوت و زیندان، پەروەندەسازی و تۆقاندن، ئازار و ئەزییەت، گوشار و هەڕشەی بەردەوام دژبە پێشڕەوان و چالاکانی ئەم بوارە، مامۆستایان و فەرهەنگییانی ئازادیخواز نەتەنیا مەیدانی خەبات و چالاکییان چۆڵ نەکردووە و چاوترسێن نەبوون، بەڵکوو بە عەزمێکی پۆڵایینەوە بەردەوام یەکێک لە ستوونەکانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و مافخوازیی جەماوەری بەرینی تووڕە و ناڕازی بوون.
دواینن نموونەی، سێ ڕۆژی بەردەوام مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرانسەری لە ڕۆژانی شەممە ٩ی ڕێبەندان و یەکشەممە ١٠ی ڕێبەندان و هەروەها بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە سەرانسەری ئێران لە بەرامبەر مەجلیسی ڕژیم و ئیداراتی ئامووزش و پەروەرشی شارستانەکان لە ڕۆژی دووشەممە ١١ ڕێبەنداندایە. بەپێی بانگهێتشی “شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایانی ئێران”، مامۆستایان سەرەتا لە پتر لە ٢٠٠ شار، ناوچە و ناحییەی ئامووزش و پەروەرش و بە بەشداریی دەیان هەزار مامۆستا دەستیان لە کار کێشایەوە، کلاسی دەرس و مەدرەسەیان تەعتیل کرد و دواتر دەستیان دایە مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەری. ئەوەیکە مامۆستایان لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا نیشانیان دا، ئاڵقەیەکی جێگای شانازی و شکۆداری دیکە لە زنجیری مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییەک بوو کە لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوودا خوڵقاندوویانە. ئەوەیە گوڕوتین و شکۆی ئاخێزی مەزنی مامۆستایان کە کۆماری ئیسلامی بەهیچ تاکتیکێک ناتوانێ پاشەکشەی پێبکات و چاوترسێنی بکات. ئەم بابەتەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە مامۆستایان ڕێکخراوترین هێزی کۆمەڵایەتی و بزووتنەوەی ڕادیکاڵ و چینایەتیی ساحەتی سیاسیی ئێرانن.
مانگرتن و کۆبوونەوەی سەرتاسەریی ئەمجارەیان لە ناڕەزایەتی دژبە بەڕێوەنەچوونی کامڵی ڕیزبەندیی مامۆستایان، بایەخ نەدان بە گەڵاڵەی هاوسانسازی، بەڕێوەنەچوونی ماددەی ٦٤ یاسای خزمەتگوزاریی وڵات، بەڕێوەنەچوونی ئەسڵی ٣٠ی یاسای بنەڕەتیی واتە پەروەردەی بێبەرامبەر، و هەروەها ناڕەزایەتی بە دەستبەسەرکردنی مامۆستایان و پەروەندەسازی دژبە چالاکان و هەڵسووڕاوانی پیشەیی بووە. گرینگترین خواست و داخوازیی مامۆستایان “بەڕێوەچوونی کامڵی ڕیزبەندیی مامۆستایان”، هاوسانسازیی کامڵی خانەنشینکراوان”، “پێدانی کامڵی مووچە دواخراوەکان”، “دامەزراندنی مامۆستایانی خەریدی خەدەماتی ئامووزشی”، “پەروەردەی بێبەرامبەر بۆ خوێندکاران”، “تەیارکردنی مەدرەسەکان”، “بەڕێوەچوونی عەداڵەتی فێرکاری” و “ئازادیی مامۆستایانی بەندکراو” بووە.
لەو نێوەدا یەکێک لە بەرچاوترن و شکۆدارترین تایبەتمەندییەکانی مامۆستایان، پێشەنگ بوونی ژنان لە ڕیزی شکۆدار و تێکهەڵکێشراوی ئەم کۆبوونەوە و مانگرتنە سەرتاسەرییە بوو. ئەگەرچی ژنان بەشێوازی جۆراوجۆر لەگەڵ کلتوور و یاسای پیاومەزنانە و دژەژن بەرەوڕوون و بەردەوام لەلایەن دەست و پێوەند و گرووپە کۆنەپەرستەکان و هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی دەدرێتە بەر توندویتیژی و سەرکوت و ئازار و ئەزییەت بەڵام بە بەشداریی کاریگەر و بەرجەستەی خۆیان، وێنەی نوێ و پڕگوڕوتینیان بە بزووتنەوەی چینایەتی و ڕادیکاڵی مامۆستایان بەخشیوە. ئەمانە نیشانەی ئەو واقعییەتەن کە ژنان بە تێپەڕین لە هەموو بەربەستێکی دەستوپێگری کلتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی، جەسارەت و دلێریی زیاتر لە خۆیان نیشان دەدەن و بە نەبەردی بەردەوامەوە دەکەونە ڕیزی پێشەوەی ئەم خەباتە لەپێناو مافخوازی و بەرابەری تەڵەبی. هەروەها بەشداریی بەرچاو و پێشەنگبوونی ژنان، گەشە و پێشڕەویی خەباتی ڕادیکاڵی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە کۆمەڵگای ئێران نیشان دەدات. ئەم فاکتۆرانەن لەلایەکەوە داڕمانی ئۆتۆریتەی ئیدێئۆلۆژیک و سیاسیی کۆماری ئیسلامی و باقی هێزە کۆنەپەرستەکان ئاشکرا دەکات و لایەکی دیکەشەوە مژدەی داهاتوویەکی گەشی بۆ خەبات و ئاخێزی کرێکاران و جەماوەری ستەملێکراو و بێبەش پێیە.
ئەوەیکە مامۆستایانی لە پانتایی سەرتاسەریدا بەرەو ناڕەزایەتی و مانگرتن بردووە و لەئاستێکی بەریندا هێناونێ سەر شەقامەکان ڕیشەی لە بۆشایی چینایەتی، هەژاری و فەلاکەت، نابەرابەری و دیکتاتۆریی لەئاستی ئێران دایە. ڕوون و ئاشکرایە کە بەکردەوەدەرهێنانی سیاسەتی نێئۆلیبرالی لەلایەن هەموو باڵە سیاسییەکانی ناو حکوومەت و نیزامی سەرمایەداریی دەسەڵاتدار، لە لایەکەوە پەلاماری ئاشکرا و بەرین بۆسەر هەستیی کۆمەڵایەتی، مەعیشەت و مەنزەلەتی مامۆستایان بووە کە بەمجۆرە ئەوانی بەرەو موقاومەت و ناڕەزایەتی بردووە. هاوکات دواهاتی ڕاستەوخۆ و گشتگیربوونی ئەم سیاسەتانە، خسووسی سازیی سیستەمی پەروەردە و زانکۆکان و بەشوێنیدا بەپارەبوونی فێرکارییە کە دواهاتە زیانبارەکانی زیاتر لەسەر شانی منداڵانی کرێکاران و هەژاران قورسایی دەکات. لەڕاستیدا هەزینەی سەرسووڕهێنەری خوێندن بووەتە هۆی ئەوەیکە خوێندکاکانی چینی کرێکار و توێژە هەژاەکانی ناو کۆمەڵ دەست لە خوێندن هەڵگرن و بە لەشکری بەرینی منداڵانی کار و شەقام پەیوەست بن. هەربۆیە بزووتنەوەی مامۆستایان بە درووستی بە هێنانە گۆڕی داخوازی و درووشمی وەک “پەروەردەی بێبەرامبەر”، “نا بۆ خسووسی سازی”، “نان، کار، ئازادی- پەروەردە ڕزگاری، “بەڕێوەبردنی شۆرایی مەدرەسە”، “مافی فێرکردن بە زمانی دایک”، “نابۆ هەڵاواردن” و زۆر خواستی گشتیی دیکە، بەستێنە بابەتی و ماددییەکانی پەیوەست بوونی خوێندکاران و بنەماڵەکانیان بە مانگرتن و خەباتی ڕەوای مامۆستایان دابین کروودە.
بەڕاستی چ شتێک دەتوانێ تەعتیلیی دەستەجەمعیی کار و پەیوەست بوون بە مانگرتن و کۆبوونەوەی سەرتاسەری بەم شێوەیە بێنێتە ئاراوە، ئەگەر ئیرادەی پۆڵایین و بڕیاری وشیارانەی خودی مامۆستایان ڕووناکبین و ئازادە بەنیسبەت هاوپشتی و یەکیەتیی چینایەتی و کۆمەڵایەتیی بۆ وەدیهێنانی مافەکانیان نەبوایە. چ شتێک دەیتوانی مەدرەسە و شەقام بەمجۆە بکاتە دیمەنی خۆڕاگری و خەباتی پڕگوڕوتین، ئەگەر گەشەی وشیاریی چینایەتی و پێگەیشتنی سیاسیی مامۆستایان نەبوایە. چ شتێک ئەوانی بە شێوەی زنجیرێک تێکهەڵکێشراو لەئاستی جوگرافیای ئێراندا دەردێنا ئەگەر تۆڕی پێکەوە پێوەنددراوی چالاکانی ئەم بوارە لە ئاستی سەرتاسەری و مەحەلی نەبوایە و ئەگەر ئەم پێشڕەوانە پەیوەندییەکی ئۆرگانیک و تەنگاوتەنگیان لەگەڵ بەدەنەی مامۆستایان لە هەموو ئاستەکاندا نەبوایە و ئەگەر ڕێکخراوێکی سەربەخۆی وەک “شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایانی ئێران” بوونی نەبوایە. ڕێکخراوێک کە وەک ناوەرۆکی پێکهێنەری هاوئاهەنگی و ئاڵقەی پەیوەندی نێوان ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان لە مەدرەسەی شار و گوندەکان لە گوشە و کەناری وڵات عەمەل دەکات.
بەڵێ! مامۆستایان ڕێگا نیشان دەدەن. ئەزموونی بزووتنەوەی مامۆستایان دەرسی بەنرخی خستووەتە ئیختمارمانەوە کە زەروورەتی بەکارهێنانی لە باقیی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتییە ڕادیکاڵ و چینایەتییەکان پێویستە. لەکەس شاراوە نییە کە باروودۆخ و پێگەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان لە بەشە جۆراوجۆرەکان کەم و زۆر جیاوازە و هەرکامیان تایببەتمەندیی خۆیانیان هەیە و هاوکات لەگەڵ بەربەست و کۆسپی جۆراوجۆر و تایبەت بەرەوڕوون. بەڵام هەوڵ بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوی سەربەخۆ و جەماوەری لە شوێنی کار و ژیانی چینی کرێکار و توێژە هەژارەکان، و هاوکات پێوەنددانییان لەئاستی مەحەلی ئۆستانی و سەرتاسەری، پێداویسیتییە بابەتی و زەینییەکانی پێشڕەویی خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان دابین و زەمانەت دەکات. تەنیا لەسەر بەستێنی پێشڕەویی هەنگاو بە هەنگاو و گرتنەوەی سەنگەری خەباتکارانەیە کە بزووتنەوەی دژە سەرمایەداری و دژەدیکتاۆری دەتوانێ خۆی بۆ بزووتنەوەیەکی گشتی و سەرتاسەری، بۆ شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و تێکەوەپێچانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئامادە بکات و دەسەڵاتی سیاسی بەدەسەتوە بگرێت تا لە دواڕۆژی ئازادی و ڕزگاریدا نیزامی سۆسیالیستی و شۆرایی بنیات بنێین.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە