مووسا ئیسماعیلی، بەندکراوی سیاسی و خەڵکی گوندی “پەسەوێ”ی سەر بە شاری پیرانشار، لەژێر ئەشکەنجەی ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی گیانی لەدەست دا.
ڕۆژی شەممە ١٧ی پووشپەڕ، ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ پاش ٦٢ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی مووسا ئیسماعیلی، بەندکراوی سیاسی، تەلەفۆنیان بۆ بنەماڵەکەی کردووە و پێیانیان ڕاگەیاندووە کە بچن تەرمی کوڕەکەیان لەو ناوەندە حکوومەتییە وەر بگرنەوە. شایانی باسە، دوای سەردانی ئەو بنەماڵەیە بۆ ئەم ناوەندە حکوومەتییە، لەوێش پێیانیان ڕایانگەیاندووە کە کوڕەکەیان مردووە، بەڵام نەک هەر تەرمەکەیان بەو بنەماڵەیە نەداوەتەوە، بەڵکوو هەڕەشەی ئەوەشیان لێیان کردووە کە نابێت ڕێوڕەسمی سەرخۆشی بۆ کوڕە کوژراوەکەیان بگرن. جێگای ئاماژەیە، مووسا ئیسماعیلی، تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی گوندی “پەسوێ”ی سەر بە شاری پیرانشار، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی گوڵان، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، دەستبەسەر و ئۆتۆمبێلەکەیشی دەستی بەسەردا گیراوە.
هەر لەم پەیوەندییەدا ناوەندەکانی ڕژیم هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئیسماعیلی کردووە کە ئەگەر لەو بارەیەوە هەر جۆرە زانیارییەک بڵاو بکرێتەوە و ئەو هەواڵە لە ڕاگەیاندنەکاندا ڕووماڵ بکرێت، لێکەوتەی جیددی و خراپی بۆیان لێ دەکەوێتەوە. شایانی باسە، مووسا ئیسماعیلی لە دوای دەستبەسەربوونی تا کاتی کوژرانی، هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا نەبووە و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەشی لە ناوەندە حکوومەتی و دادوەرییە جیاوازەکاندا هیچ ئاکامێکی نەبووە و هیچ وەڵامێکیان وەر نەگرتووە.