لاوێکی خەڵکی شاری تیکاب کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە لە شاری سەقز دەستبەسەرکرابوو، لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەدا گیانی لەدەستدا. ناوبراو لە وەزشوانانی تایکواندۆ و خاوەنی چەندین میدالیا لە ئاستی ئۆستان و گشتیی ئێراندا بوو.
ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ڕەشەممە، مێهران ئەکرەمی لاوی تەمەن ٣٢ ساڵی خەڵکی شاری تیکاب کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی مانگی خەزەڵوەری پارەکە لە شاری سەقز دەستەسەرکرابوو، لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە گیانی لەدەستدا. مێهران ئەکرەمی لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دەستبەسەرکرابوو و لەو کاتەوە لە حاڵێکدا کە چارەنووسی ناڕوون بوو لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم ڕاگیرابوو.
بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەکرەمی، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی ڕەشەممە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقزەوە پەیوەندییان بەو بنەماڵەوە گرتووە و پێیان ڕاگەیاندوون کە منداڵەکەیان گیانی لەدەستداوە و داوایان لێکراوە تەرمەکەی وەرگرنەوە. بەڵام کاتێک بۆ وەرگرتنی تەرمی مێهران ڕۆیشتوونەتە زیندانی ناوەندی سەقز پێیان وتراوە کە تەرمەکەی لە نەخۆشخانەی “خومەینی”یە.
ئەو سەرچاوە ڕایگەیاندووە: “بنەماڵەی ئەکرەمی دوای ڕۆیشتن بۆ نەخۆشخانەی خومەینی زانیویانە کە تەرمی مێهران بەمەبەستی توێکاری بۆ پزیشکی یاسایی گواستراوەتەوە و تەنیا کاتێک تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی دەکرێتەوە کە باوکی مێهران نووسراوەیەک واژۆ بکات کە لەوێدا هاتووە وەڵامی توێکارییەکە یەک ساڵی دیکە بەوان دەدرێتەوە.”
شایانی باسە کە، حەفتەی ڕابردوو مێهران ئەکرەمی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز بەسەختی لەژێر لێدان و کوتان و ئەشکەنجەدا داندرابوو و بەو هۆیەوە هەردوو گورچیلەی لە ناکاودا لەکار کەوتبوون و لە نێوان ڕێوشوێنی سەختی ئەمنیدا بۆ نەخۆشخانەی “خومەینی” گواسترابووەوە. بنەماڵەی ئەکرەمی ڕایانگەیاندووە کە ڕۆژی سێشەممە بەمەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ کوڕەکەیان ڕۆیشتوون و دیتوویانە کە دووکەس لە هێزە ئەمنییەکان لە ژوورەکەیدا جێگیر کراون و هەر دوو دەست و لاقێکیان بە تەختەکەی بەستراوەتەوە.
مێهران ئەکرەمی ڕۆژی سێشەممە دوای چەند کاتژمێر خەوێندران و دیالیز کردن، بە پێشنیاری دکتۆرەکەی بۆ زیندان گەڕێندرابووەوە و کاتژمێر ٦ی دوانیوەڕۆ و تەنیا ٣ کاتژمێر دوای گواستنەوەی بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات گواسترایەوە و هەر لەوێ لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا.
تەرمی مێهران ئەکرەمی ڕۆژی پێنجشەممە ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە و هەر ئەو ڕۆژە لە شاری تیکاب لە نێوان ڕێوشوێنێکی سەختی ئەمنیدا ڕێوڕەسمی بەخاک سپاردنەکەی بەڕێوەچوو.