لەماوەی چوار مانگی ڕابردوودا، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە وڵاتی مێکزیک، ٢٤٩ کەس گیانیان لەدەست داوە.
ئێوارەی رۆژی هەینی ٦ی گەلاوێژ، وەزارەتی تەندروستیی مێکزیک راپۆرتێکی سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بەرزبوونەوەی زیاد لە رادەی پلەکانی گەرماوە لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە، بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لەکاتێکدا پلەکانی گەرما لە کۆتایی مانگی جۆزەردان لە مێکزیک نزیکەی ٤٥ لەسەد بووە، لە نێوان ٢٩ی جۆزەردان تا ٣١ی پووشپەڕ، ٢٤٩ کەس بەهۆی بەرزبوونەوەی زیاد لە رادەی پلەکانی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە. لە کاتێکدا زۆرترین حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان لە ویلایەتی “نویڤۆ لیۆن” تۆمار کراون کە ١٠٠ حاڵەت بوون، لەسەدا ٩٢ لەسەدیی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان بەهۆی گەرما لێدانەوە بووە و ئەوانی دیکەش بەهۆی تینوێتییەوە بووە. لە هەمان مانگەکانی ساڵی رابردوودا، ٣٨ کەس بەهۆی بەرزبوونەوەی لە رادە بەدەری پلەکانی گەرماوە لەو وڵاتە گیانیان لەدەستدابوو. ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی هەینی ئانتۆنیۆ گۆتێرێش، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، زەوی قۆناغی گەرمبوونی تێپەڕاندووە و ئێستا لە قۆناغی کوڵاندایە.