بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی پووشپەڕ، “مەلێحە حەسەننژاد”، دایکی محەممەد حسێنی، کە لە دوای گیانبەختکردنی کوڕەکەی جەڵتەی دڵ لێی دابوو و بۆ ماوەی حەوت مانگ لە کۆمادا بوو، لە نەخۆشخانەی ڕەجایی شاری تاران گیانی لەدەستدا.
شایانی باسە، ماوەیەک دوای کوژرانی محەممەد حسێنی لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە، یەکێک لە کادرەکانی ژنی ئیتلاعاتی سپا بەشێوەیەکی تایبەت لە پرسەی سەرەخۆشی و لە نێو ماڵدا، مەلێحە حەسەننژادی خستبووە ژێرچاوەدێری و هەموو پەیوەندیییەکانی کۆنترۆڵ کردبوو بەشێوەیەک ئیزنی نەدابوو لەگەڵ هیچ کەسێک قسە بکات. بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی حسێنی، مەلێحە حەسەننژاد، بەهۆی ئەم گوشارانە و ڕێگریی ناوەندە ئەمنییەکان بەرانبەر بە میدیایی کردنەوەی هەواڵی کوشتنی کوڕەکەی، دووچاری جەڵتەی دڵ بووە و کەوتووەتە کۆما، کە لە ئەنجامدا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی. جێگای ئاماژەیە، محەممەد حسێنی، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕەزبەری پارەکە، لە ڕەوتی ئاخێزی جەماوەریی گەڕەکی مەسکەنی مێهری کوهدەشت سەر بە شاری سەقز لە کاتێکدا بەرانبەر بە تێکشکاندنی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان لە لایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ناڕەزایەتی دەربڕیبوو، لە لایەن ئۆتۆمبێلی هێزەکانی دژە شۆڕش کرابووە ژێرەوە و دووجار ئۆتۆمبێلی ئەم هێزانە بەسەریدا ڕۆشتبوو.