گیانلەدەستدانی ژنێکی لاو بەهۆی تەقینەوەی پاشماوەی تەقەمەنییەکانی شەڕ لە گیەڵان
دوشەممە ۰۳-۰۲-۱۴۰۳   |  22-04-2024
هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری گیەڵانی سەر بە پارێزگای کرماشان، بەهۆی تەقینەوەی پاشماوەی تەقەمەنیی بەجێماوی سەردەمی شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێران و عێراق، گیانی لەدەست دا.
ڕۆژی یەکشەممە، ٢ی گوڵان، ئەختەر مورادی، خەڵکی گوندی “گورسفید”*ی سەر بە شاری گیەڵان لە پارێزگای کرماشان، بەهۆی ئەو تەقینەوەیە بەسەختی بریندار بووە و بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست داوە.
ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە، ١ی گوڵان، دوای ئەوەی بەهۆی تەقینەوەی پاشماوەی تەقەمەنیی بەجێماوەی شەڕ بەسەختی بریندار بووە، بۆ نەخۆشخانەی “ئەلزەهرا”ی شاری گیەڵان گواستراوەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان بنەماڵەی ئەم ژنە قوربانییە بە کۆکردنەوە و فرۆشتنی ئەو پاشماوانە و شتومەکە کۆنەکان بژێویی ژیانی خۆیان دابین کردووە.