شەوی پێنجشەممە، ٢٦ی خەزەڵوەر، پێنج هاووڵاتیی خەلکی شاری بۆکان، بە ناوەکانی مستەفا شەعبانی، غەفوور مەولوودی، هەژار مام خەسرەوی، هیوا جان جنان و ئەمجەد عینایەتی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم گیانیان بەخت کرد و بریندارێکیش بەناوی میلاد مەعرووفی رۆژی هەینی گیانی لەدەست دا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی هەواڵ لە بۆکان، کەوسەر و کامیل شەعبانی، خوشک و برای مستەفا شەعبانی، کە لە شەقامی سەردار عەزیز خان موکری لە گەڕەکی مەجبورئاوای شاری بۆکان بە گوللەی هێزە حکومەتییەکان گیانی بەخت کرد، شەوی پێنجشەممە لەلایەن ئیتلاعاتی ڕژیمەوە ڕفێندران. ئەو هێزانە ئیزنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشییان لە مزگەوت بە بنەماڵەی شەعبانی نەداو و ڕێگری لە هەرچەشنە هاتووچۆیەکی خەڵک بۆ ماڵی ئەوانیان کرر.
غەفوور مەولودی خێزاندار و باوکی سێ منداڵە و ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی ناوبراو، ڕۆژی هەینی لە گوندی سەهۆڵان لەناو ئاپۆرای خەڵکدا بەڕێوەچوو.
لە لایەکی دیکەوە، میلاد مەعرووفی، لاوی تەمەن ٢٣ ساڵ، کە ڕۆژی ڕابردوو بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی رژیم بە سەختی بریندارکرابوو، رۆژی هەینی بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی بەختکرد.