شەوی یەکشەممە، ٢٩ی خەزەڵوەر، هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم خەڵکی ڕاپەڕیوی شاری جوانڕۆیان دایە بەر دەستڕێژ و لە ئەنجامدا لانیکەم سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی “بەهائەدین وەیستی” تەمەن ١٦ ساڵ و “عیرفان کاکایی” تەمەن ٤٥ ساڵ و مامۆستای وەرزش لە ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی جوانڕۆ گیانیان بەخت کرد.
بەوتەی سەرچاوەکانی هەواڵ، کە نەجمەلدین وەیسی برای بەهائەدین وەیسی بە سەختی بریندارە و لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم ڕفێندراوە، هەروەها عیرفان کاکایی لە کاتی گەڕانەوەی لە مزگەوت کەوتووەتە بەر تەقەی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم و گوللە بەر سەر و سینگی کەوتووە.
هەروەها لە شاری پیرانشار، هێزەکانی ڕژیم خەڵکیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئەنجامدا دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی کاروان قادر شوکری تەمەن ١٦ ساڵ و تاهیر عەزیزی تەمەن ٣٠ ساڵ گیانیان بەخت کرد.
لە کاتی گواستنەوەی تەرمی کاروان قادر شوکری بۆ مزگەوی شیناوێ، هێزەکانی ڕژیم تەقەیان لە خەڵک کرد و هاووڵاتیکی دیکە بەناوی جەلال قوربانی گیانی بەخت کرد.
موحسین نیازی تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی دێولان، کە ڕۆژی ڕابردوو لە ڕاپەرین و بەرگری خەڵکی ئەو شارە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم بەسەختی بریندارکرابوو، شەوی ڕابردوو بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانەی کەوسەر گیانی بەخت کرد.