گیان بەختکردنی لاوێک و بریندار بوونی هاوڕێکەی لە شاری سنە
دوشەممە ۳۰-۰۸-۱۴۰۱   |  21-11-2022
فەرهاد خەسرەوی خەڵکی کرماشان، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی خەزەڵوە لە ڕاپەرین و بەرگری خەڵکی شاری سنە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم گیانی بەختکرد و هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی کرماشان بەناوی خوداداد ڕەزایی لە کۆمادایە.
هێزەکانی ڕژیم دوای گواستنەوەی فەرهاد خەسرەوی بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنە، هەتا ئێستا ئیزنیان بە بنەماڵەکەی نەداوە کە تەرمەکەی بۆ کرماشان ببەنەوە.
هەروەها، خوداداد ڕەزایی، هاوڕێی فەرهاد خەسرەوی، کە پێکەوە لە شاری سنە کەوتبوونە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی رژیم، لە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی خەزەڵوەرەوە، لە نەخۆشخانەی کەوسەر خەوێندراوە و لە بەشی چاودێری چڕدایە.
بەوتەی شایەتحاڵان، ئەو دوو هاووڵاتییە بە سێ جۆری چەکی جیاواز تەقەیان لێکراوە.