فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

گیان لەدەستدانی هاووڵاتییەکی خەڵکی زابۆل لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی سپای پاسداران
پێنجشەممە ۲۳-۰۹-۱۴۰۲   |  14-12-2023

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی سەرماوەز، “مەحموود ڕەخشانی” تەمەن ١٩ ساڵ و خوێندکاری خولی پێش زانکۆ دەبیرستانی “حسێنی”ی زابۆل، دوای سێ مانگ مانەوە لە حاڵەتی کۆمادا، بەهۆی برینداربوونی لەئەنجامی ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە نەخۆشخانەی “ئەمیرەلمۆئمەنین”ی زابۆل گیانی لەدەستدا.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی حاڵوەش، ئیتلاعاتی سپای پاسداران، لە تەواو ئەو ماوەی کە مەحموود ڕەخشانی لە حاڵەتی کۆمادا تێپەڕی کردووە، ئەو نەخۆشخانەی کە مەحموود ڕەخشانیی تێدا خەوێندرابوو بە چڕی لەژێر کونتڕۆڵ داناوە و لە میدیایی کردنەوەی هەواڵێک لەو بارەیەوە بەسەختی ڕێگری کرابوو. شایانی باسه، باوکی ئەو خوێندکارە، کاریگەری  ساختمانییە و لە ماوەی ڕابردوودا تووشی جەڵتەی مێشک بوو. ئەمە لەحاڵێکدایە کە ئیتلاعاتی سپای پاسداران بە هەڕەشەکردن لە بنەماڵەی مەحموود ڕەخشانی، هەتا وەرگرتنی لێخۆشبوونی زۆرەملێ لە بنەماڵەکەی لە ڕادەستکردنی تەرمی منداڵەکەیان ڕێگرییان کردبوو. لە ئاکامدا، ئەو بنەماڵە تەرمی مەحموود ڕەخشانییان بە لێخۆشبوونی زۆرەملێ لە دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ٢١ی سەرماوەز وەرگرتووە و ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی سەرماوەز بەخاکیان سپاردووە. جێگای ئاماژەیە، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی خەرمانانی ئەمساڵ، بە بیانووی بوونی چەک هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی مەحموود ڕەخشانی و دوای پشکنینی ماڵەکەیان و نەدیتنەوەی چەک، مەحموود ڕەخشانییان لەگەڵ خۆیان بردووە و لە دەستبەسەرگە بە ئەشکەنجەدانی ناوبراو به‌ مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانان ئەشکەنجەیان داوە کە دوای زیان دیتنی کاسەی سەری چووەتە کۆماوە. بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ی زایینییەوە لانیکەم ١٠ بەندکراو لە زیندانەکانی ڕژیم لەژێر ئەشکەنجە گیانیان لە دەستداوە کە دوو کەس لەو بەندکراوانە بەلووچ و ٧ کەسیان کورد بوون.