لە کاتکێدا کە چەندین مانگ لە ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی پەرستارانی زەحمەتکێش لە زیاتر لە ٢٥ پارێزگای ئێران تێدەپەڕێت، حکوومەتی ئیسلامی توانای وڵامدانەوەی بە خواستە ڕەواکانیان نییە. پەرستاران لە ناڕەزایەتی دژبە وەزعیەتی خراپی ژیان و بارودۆخی سەختی کار، لە ناڕەزایەتی دژبە هەڵسووکەوتی هەڕەشەئامێز و سەرکوتگەرانەی بەرپرسان و هێزی ئەمنی و ئینتزامی و حەراسەت، لە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەردەوامن. پەرستاران سەرەڕای ئەوەیکە بەردەوام بۆ بێدەنگبوون و تەسلیمبوون لەئاست بارودۆخی دژواری کار و ژیانی چەند بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری، لەلایەن کاربەدەستان و هێزە سەرکوتگەرەکانەوە هەڕشەی پەروەندەسازیی ئەمنیەتی و لەسەر کار دەرکردنیان لێکراوە، بەڵام لێبڕاوانە لەسەر خواستەکانیان پێداگری دەکەن و بۆ وەدیهێنانیان دەست دەدەنە مانگرتن و ناڕەزایەتی.
لە درێژەی ناڕەزایەتیی مانگەکانی پێشووی پەرستاراندا، ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ٢٦ و ٢٧ی مانگی خەزەڵوەریش پەرستارانی زەحمەتکێش لە زۆرێک لە شارەکان بۆ نموونە کادری دەرمانیی نەخۆشخانەی لوقمانی تاران، پەرستارانی نەخۆشخانەکانی ڕەجایی و زەینەبییەی شیراز، کادری ئورژانسی شارەکانی داراب و فەسا لە پارێزگای فارس، پەرستارانی نەخۆشخانەی یاسووج، تەورێز، ئەراک و شوێنەکانی دیکە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. پەرستاران لەڕێگەی بەدەستەوەگرتنی پلاکارد و وەرەقی ١٠ هەزار تمەنیی بێ ئەرزش و بە وتنەوەی دروشمی سیاسی و سینفی داخوازییەکانی خۆیان دووپات کردەوە و دژبە حکوومەتی ئیسلامی ناڕەزایەتییان دەربڕی. داخوازیی پەرستاران، ئەم توێژە شەریف و زەحمەتکێشە کە لە جەریانی کۆرۆنادا بەوپەڕی فیداکاری نیشانیان دا کە چ ڕۆڵێکی گرینگیان لە نەجاتدانی گیانی نەخۆشەکاندا هەیە، مافێکی سەرەتایی و سرووشتی و ڕەوایە. چەند نموونە لە خواستەکانی پەرستاران کە لایەن ڕژیمەوە جێبەجێ نەکراون بریتین لە: ”گەڵاڵەی ڕیزبەندیی کارە سەخت و زیانبارەکان، بەڕێوەبردنی دەقیقی تەعرەفەی پەرستاری، قەدەغەکردنی ئیزافەکاری بە مەبەستی بردنەسەری کوالیتیی خزمەتگوزاری، دابینکردنی ئەمنیەتی کار، پێدانی لانیکەمی حەقدەستی سی ملیۆن تمەنی (کە بەرابەرە لەگەڵ هێڵی هەژاری).
پەرستاران بڕیاری لێبڕاوانەی خۆیان بۆ درێژەدانی ناڕەزایەتی هەتا گەیشتن بە داخوازییەکانیان بە دروشمی سەرەکیی “یەکگرتوویی و ناڕەزایەتیی سەرتاسەری ڕەمزی سەرکەوتنمانە” ڕاگەیاندووە. ئەوان بە وتنەوەی دروشمی سیاسی، پەردەیان لەسەر گەندەڵی و دزیی کارەبەدەستانی حکوومەت لابردووە و ئیفلاس و داماویی کۆماری ئیسلامییان نیشان داوە. بۆ نموونە لە شەقام و لە بەرامبەر ئیدارەکانی حکوومەت هاواریان کرد: ” تەنیا یەک دە هەزاری ئاکامی ڕوتبەبەندی؟ – پزیشکیان خەجاڵەت خەجاڵەت”، “ڕوتبەبەندی هەمسانسازی – حاسڵی حۆقەبازی”، “دزییەک کەم بێتەوە – حەقی ئێمە دەدرێ”، “تەعرەفەی ئێمە لە کوێیە – لە گیرفانی ئێوەدایە”، “دەوڵەتییەکان حەیا کەن – حەق خواردن ڕەها کەن”، هەزینەکان دۆلارییە – حقووقمان ڕیاڵییە”، “ڕوتبەبەندی حەقی ئێمەیە – حاسڵی دەستڕەنجی ئێمەیە”، هەڕەشە و تەوبیخ ئیتر کاریگەر نییە”، “هەتا حەقمان وەرنەگرین، ناچینەوە سەرکار”.
هێرشی پزیشکیان بۆسەر مافی پەرستاران و خانەنشینان لەکاتێکدایە کە لەبیری چووەتەوە خۆی پێشتر بەشێک لە کادری دەرمانی بووە. بەڵام لە وتەکانیدا بەبۆنەی ١٦ی خەزەڵوەر (ڕۆژی پەرستار)، بێشەرمانە ڕایگەیاند کە: ”دەوڵەت بەنیاز نییە لە کاردانەوە بە ناڕەزایەتیی هەر بەش و سینفێک، ئیمتیاز و حەقێکیان پێ بدات. پووڵمان نییە! وە ناتوانین حقووقەکان لەوە زیاتر ( واتە لە ٢٠ لەسەد) بەرینە سەرتر”. ئەوە لە کاتێکدایە کە سەرۆک کۆماری ملکەچ و خزمەتکاری ویلایەت، لەوپەڕی بێشەرمیدا حازر بووە بە فەرمانی ڕێبەریی سپای پاسداران بوودجەی هێزی سەرکوتگەری ئینتزامی، کە کاریان تەنیا سەرکوتی ناڕەزایەتیی کرێکاران، پەرستاران، خوێندکاران، موعەلیمان و توێژە زەحمەتکێشەکانی کۆمەڵگایە، لەژێرناوی بوودجەی دیفاع لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، یەک جێ ٢٠٠% زیاد بکات. ئەو لەبیر خۆی دەباتەوە کە ڕێژەی تەوەرۆم لەژێر دەسەڵاتی ئیسلامیدا لە سەرووی ٥٠ لەسەدە و سەبەدی مەعیشەتی بنەماڵەیەک گەیشتووەتە ٣٧ ملیۆن تمەن. بەڵام حقووق و مەزایای پەرستاران و باقیی کرێکاران لە حەدی ١٠ تا ١٥ ملیۆن تمەن، واتە سێ بەرابەر لەژێر هێڵی هەژاریدا ماوەتەوە.
لە وەها بارودۆخێکدا دەزگا ئەمنیەتییەکان بەردەوام بە هاندانی هەستی نەخۆشەکان و بنەماڵەکانیان دژبە پەرستاران و کادری دەرمان، بێشەرمانە هەوڵ دەدەن هۆکاری کەمبوونی زیاتر لە ١٠٠ هەزار پەرستار و کادری دەرمانی، دابین نەکرانی دەرمان و ئیمکاناتی پێویستی پزیشکی لەلایەن ئەم حکوومەتە گەندەڵە، سەفی دورودرێژی نەخۆشەکان بەهۆی نەبوونی ناوەندی دەرمانیی پێویست و تەنانەت مەرگی نەخۆشەکان، بۆ مانگرتن و ناڕەزایەتیی پەرستاران بگەڕێننەوە. بەو ئامانجەی کە پەرستاران لە ناڕەزایەتی دژبە ڕژیم بۆ وەدیهێنانی خواستەکانیان دەست هەڵگرن. هەڵبەت لە بەرامبەر ئەم هەوڵەی حکوومەتدا، ڕێکخراوە کرێکارییەکان، خانەنشینان، موعەلیمان و باقیی توێژە ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەبەکانی کۆمەڵگا بە دەرکردنی بەیاننامە لە داخوازییەکانی پەرستاران پشتیوانییان کردووە. لەم پەیوەندییەدا شۆرای نێونەتەوەیی پەرستاری (ئای سی ئێن) گرتن و مەحکووم کرانی پەرستارانی ناڕازیی لە ئێران بەخاتری خەبات بۆ وەدیهێنانی خۆاستەکانیان مەحکووم کردووە.
درێژە و پەرەسەندنی مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتیی پەرستاران و کادری دەرمانی، موعەلیمان، خانەنشینان، زەرەرمەندان و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا بەشێوەی هاوکات، نیشانەی بوونی ژانێکی هاوبەشە. ئاکامی قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری، گەندەڵیی سیستماتیک لە پێکهاتەی حکوومەتیدا، شکستی سیاسەتی ژئۆپۆلیتیکیی حکوومەتی ئیسلامی و بنبەستی وتووێژی ئەتۆمی کە دابەزینی بەردەوامی بەهای ڕیاڵ و گرانیی زیاتری بەدوای خۆیدا هێناوە، بارودۆخی ژیانی کرێکاران، پەرستاران، موعەلیمان و توێژە زەحمەتکێشەکانی دیکەی لە ئێران چەند هێندە خراپتر کردووە. سەرەڕای ئەوەیکە ڕژیم هەوڵی داوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەم بارودۆخە ئێعدام و گرتن و زەبروزەنگ لە کۆمەڵگادا زیاتر پەرەپێبدات، بەڵام لەئاستی سەرتاسەریدا شایەدی گەشەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشین.
لە وەها بارودۆخێکدا کە کۆمەڵگا چووەتە قۆناغێکی شۆڕشگێڕانەوە، هەڕەشە و سەرکوت وەک تەنیا ئامرازی مانەوەی ڕژیم کاریگەریی ڕابردووی خۆی لەدەستداوە؛ کرێکاران، پەرستاران و توێژە زەحمەتکێشەکانی دیکەی کۆمەڵگا ڕایدەگەیەنن کە لە خەباتیان بۆ گەیشتن بە خواستەکانیان بەردەوام دەبن، هەوڵ بۆ پەیوەنددانی خەباتی جۆراوجۆر دژبە ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایە، هەوڵ بۆ شکڵدان بە ڕێبەریی سەرتاسەری بۆ هیدایەتی ستراتێژیکی خەبات و هەوڵ بۆ ڕێکخستن و پێکهێنانی ڕێکخراوەی جەماوەری و چینایەتیی کرێکاران لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری، لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەدارانە.