بەپێی زانیارییەکان هێزە ئەمنییەکان لە بەرەبەرەی ساڵیادی کوژرانی ئارمیتا گەڕاوەند، وێنەی سەر گڵکۆکەیان گۆڕیوە.
وێنەیەک کە بنەماڵەی ئارمیتا لەسەر بەردی گڵکۆکەیان دابوو، وێنەی ڕاستیی ئارمیتا بێ ڕەچاوکردنی حیجابی زۆرەملێ بوو و وێنەکە بەشێوەی سێلفی گیرابوو، بەڵام هێزە ئەمنییەکان وێنەکەی خۆیان لابردووە و وێنەیەکیان لە ئارمیتا داناوە کە بە کەڵکوەرگرتن لە “زیرەکی دەستکرد” و بە لەبەرچاوگرتنی یاسای حیجابی زۆرەملێ ساز کراوە. شایانی باسە، ڕۆژی یەکشەممە ٦ی خەزەڵوەر، تەنیا چەند کەس لە ئەندامانی نزیکی بنەماڵەی ئارمیتا، کاتژمێر دووی دوانیوەڕۆ و بۆ ماوەی ١٥ خولەک ڕێگەیان پێدراوە لەسەر گڵکۆی ئارمیتا و ڕێوڕەسمی ساڵیادی کوژرانی ئامادە بن. هەروەها بەوتەی سەرچاوەیەکی بڕواپێکراو، ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمنییەکان دەوروبەری ماڵ و گلکۆی ئارمیتا گەراوەندیان گەمارۆ داوە.