ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە شاری شنۆ گوشاریان خستووەتە سەر بەڕێوەبەرانی کاناڵە تێلێگرامییەکان. بەپێی زانیارییەکان ناوەندە ئەمنییەتییەکان داوایان لە بەڕێوەبەرانی ئەو کاناڵانە کردووە کە دەبێ زیاتر هەواڵ و زانیاریی پەیوەندیدار بە ڕێژیمەوە دابنێن و نابێ زۆر ڕەخنە لە دەسەڵات بگڕن و ڕوونکردنەوە بە خەڵک بدەن.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چەند کەس لە بەڕێوەبەرانی ئەو کاناڵانە بانگهێشتی دادگا کراون و بۆ ماوەی شەش مانگ هەڵپەسێردراون. بەو کەسانە وتراوە لەو ماوەیەدا لە ئەگەری بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە هەواڵ و زانیارییەک کە ڕەزامەندیی بەرپرسانی ڕێژیمی پێوە نەبێت حوکمی زیندانیان بۆ دەر دەکرێت. ئەوە یەکەم جار نییە کە لە شاری شنۆ بەڕێوەبەرانی کاناڵە تلێگرامییەکان بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەتییەکان دەکرێن و هەڕەشەیان لێ دەکرێت.