کاتێک لات و چەقۆکێشەکانی گەشتی ئیرشاد مەهسای لاویان کوشت، پێیان وا نەبوو کە قەتڵی مەهسا بزووتنەوەیەکی لێ بکەوێتەوە کە لەماوەیەکی کورتدا چوار گۆشەی ئێران بگرێتەوە و لەم ئاستەدا ڕەنگدانەوەی جیهانیی هەبێت. لایان وانەبوو کە خرۆشی “ئێمە هەموومان مەهساین” شەقام و مەیدان و ماڵەکان دادەگرێت. مەهسا بەدەستی ڕێژیمێک کوژرا کە ئیسلامی سیاسی و یاسای دژی ژن یەکێک لە پایەکانی دەسەڵاتەکەیەتی. لەماوەی زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتیدا هەموو ئامرازەکانی سەرکوتی بەئامانجی کۆیلەکردنی ژنان بەکار هێنا. بیست ساڵ لەمەوبەر ئەوباشەکانی خۆی لەژێرناوی “گەشتی ئیرشاد” بۆ سەرکوتی ژنان سازمان دا و هێنانیە مەیدان. ئێستا هەر ئەو نەسلەی کە دەبێ بە زۆر و زەبری ئەم لات و ئەوباشانە حیجاب لەسەر بکات، ڕاپەڕیون و هاتوونەتە سەر شەقام. حیجاب بە زەوی دادەن، هەرچی هێمای کۆیلەتیی ژنە لە ئاگردا دەیسووتێنن و درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی” دەڵێنەوە. ژنان و پیاوانی ئازادیخواز هاتوونەتە مەیدان و بە درووشمی “کار، نان، ئازادی”، “زیندانیی سیاسی دەبێت ئازاد بکرێت”، “خوێندکار، کرێکار، یەکگرتن، مانگرتن” خواست و ئاسۆی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی مەهسا هاوار دەکەن. لەڕاستیدا شکستی ڕێژیم لە هەفتەی “حیجاب و عیفاف” و هێرشێک کە ژنان کردیانە سەری، پێشەکییەک بوو بۆ پێشەنگ بوونی ژنان لە ئاخێزی مەهسادا.
سەرانی ڕێژیم لە ترسی ناڕەزایەتیی جەماوەر بۆ جارێکی تر تاکتیکی “حاشالێکردن”یان گرتە بەر. سەرۆک کۆماری قاتڵ بەڵێنی دا کە لەلایەن دەزگای قەزاییەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت. دەزگایەکی قەزایی کە کارنامەی خوێناویتر لەوەیە کە کەس باوەڕی پێ بکات. خەڵک زۆریان لەمجۆرە حاشالێکردنانە بیستووە. لە خەزەڵوەری ٩٨دا سینگی زیاتر لە ١٥٠٠ ژن و پیاو و پیر و لاو و منداڵیان دایە بە گولـلە و حاشایان لێکرد. ناڕەزایەتیی خەڵکی ئیسفەهان و خووزستانیان وەبەر گولـلە دا و حاشایان لێکرد. فڕۆکەی ئۆکراینییان بەرداوە و حاشایان لێکرد. بەکتاش ئابتینیان لە زینداندا کوشت و حاشایان لێکرد. لە ئەوەڵی مانگی مەیەوە بەرەو ئەملا دەیان چالاکی کرێکارییان بە بیانووی “هەوڵ دژبە ئەمنییەتی میللی” زیندانی کرد. بەڵام مەهسا نە بۆ بەشداریکردن لە بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی چووبووە تاران و نە بۆ بەناو دیدار لەگەڵ دەست و پێوەندی دەرەکی سەفەری کردبوو، بەڵام بە بێ ئەوانەش خوێنڕێژانی ڕێژیمی ئیسلامی دەستگیریان کرد و کوشتیان. ئەم قەتڵە دڵتەزێنە بوو بە چەخماخەیەک و ئاگری تووڕەیی و ناڕەزایەتیی پەنگخواردووی خەڵکی ئێرانی داگیرساند.
ئەگەرچی ئەوە یەکەمین قەتڵی جەنایەتکارانەی ڕێژیم نەبوو، بەڵام ئەم قەتڵە لە باروودۆخێکدا ئەنجام درا کە گرکانێک لەژێر پێستی کۆمەڵگەدا چاوەڕوانی دەرفەتێک بوو بۆ تەقینەوە. مەعلووم بوو کە لە قۆناغی دوای کۆرۆنادا، جەماوەری وەگیان هاتوو لە گرانی، بێکاری و هەژاری و نەهامەتیی ئابووری و جەماوەری بێزار لە هەڵاواردنی ڕەگەزی و بێ مافیی کۆمەڵایەتی دێنە مەیدان. لەماوە مانگەکانی ڕابردوودا هەموو هەفتەیەک خانەشنیکراوان هاتوونەتە مەیدان و دەنگیان دژبە هەژاری و فەلاکەت هەڵبڕیوە. مامۆستایان بە مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرانسەرییان، داخوازییەکانیان بەردەوام هاوار کردووە. بنەماڵەی زیندانییانی مەحکووم بە ئێعدام هەموو ڕۆژێ دەستیان داوەتە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و خوازیاری ڕزگارکردنی ئازیزانیان لە سزای ئێعدام بوون. بەڵام ئێستا ئاخێزی مەهسا هەموو ئەم دەنگانەی وێک خستەوە. درووشمی “لە کوردستانەوە تا تاران، خوێناوییە هەموو ئێران”، “لە زاهدانەوە تا تاران، خوێناوییە هەموو ئێران” بوو بە بەڵێننامەی پەیوەندی هەموو ئەوانەی وا زیاتر لە چوار دەیەیە سەرکوت کرابوون. بزووتنەوەیەک کە بەشی بەرینی هێزی بزوێنەری ژنانی بوێر و ڕاپەڕیو پێکیان هێنابوو، لەماوەیەکی زۆر کورتدا بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، بزووتنەوەی خوێندکاران، مامۆستایان، خانەنشینکراوان و بێبەشانی شاری پێکەوە پەیوەند دا و پەیوەندخواردن لەگەڵ بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی چینی کرێکاری خستە ئاسۆوە. ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە بە ڕووحییەی تەعەڕوزی، بە پێشەنگایەتیی ژنان، بە درووشم و خواستەکانی، بە هاوپشتیی سەرانسەری و تاکتیکەکانی و سەرەنجام بە ڕێبەرانی لاو و لێهاتوویەوە بەنیسبەت ئاخێزەکانی پێشوو هەنگاوی گەورەی بەرەو پێش هەڵگرتووە. بێگومان ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ناتوانێ کۆمەڵگا بۆ قۆناخی بەرلە ئاخێزی مەهسا بگەڕێنێتەوە.
درووشمەکانی دوو هەفتەی ڕابردوو، نەتەنیا بەیانی خواستی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و نیشاندەری ئاسۆی ڕزگاریی کۆمەڵگا بوون بەڵکوو هاوکات “نا”یەکی گەورەش بوون ڕوو بە بەشێک لە هێزە ئۆپۆزیسیۆنە بۆرژواکان. درووشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، “ئێمە هەموومان مەهساین، بۆ جەنگ برووسکەئاساین”، “نان کار ئازادی”، “نا بۆ ئاپارتایدی ڕەگەزی”، “بێگاری، بێکاری، حیجابی ژن ئیجباری”، تەنیا ڕێگای ڕزگاری، ئیدارەی شۆرایی”، “زیندانیی سیاسی دەبێت ئازاد بکرێت”، “ئازادی، ئازادی، ئازادی”، “خوێندکار، کرێکار، یەکگرتن، مانگرتن” و “مەرگ بۆ چەوسێنەر، چ شا بێت و چ ڕێبەر”، ئەو درووشمانە بوون کە خواستی زۆرینەی بێبەشان و ستەملێکراوانی کۆمەڵگایان پێکەوە پەیوەند دا.
هەموو ئەم درووشمانە مۆری چەپی کۆمەڵگەیان پێوەیە و بەتەواو مانا لە بەرامبەر ستراتێژی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی دان. ڕەنگبێ ئەوەش یەکێک لە گرینگترین نیشانەکانی پێگەیشتوویی ئەم بزووتنەوەیە بێت لە چاو ئاخێزەکانی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨. لە مانگی بەفرانباردا درووشمی “ئیسلاح تەڵەب، ئۆسوولگەرا، ئیتر تەواو بوو ماجەرا” وڵامێک بوو بە تەقەلای ئەو بەشە لە بۆرژوازی کە هەوڵی دەدا بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک بگرێتە خزمەت کێشمەکێشی باندەکانی ڕێژیم و سنوورداری بکات. لە مانگی خەزەڵوەری ٩٨یشدا جەماوەری بێبەش لە وڵام بە هێرشی هێزە سەرکوتگەرەکان لە هەموو شوێنێک هێرشیان کردە سەر هێماکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و ئاگریان تێبەردان و وتاری تێپەڕینی شۆڕشگێڕانەیان بەهێز کرد.
ئێستا لە باروودۆخێکدا کە دۆسیەی دەسەڵاتی سیاسیی بەڕووی کۆمەڵگەدا ئاواڵەیە، لە هەلومەرجێکدا کە کۆمەڵگە بەپەلە بەرەو ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە دەڕوات و لە دۆخێکدا کە کۆمەڵگە بەخێرایی جەمسەربەندی دەکرێت، چینە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان، و بە نوێنەرایەتی لەوان، هێزە سیاسییەکان و پارتەکانی سەربەم چینانە دێنە ناو کێشمەکێشی سیاسییەوە. درووست لەم کاتە هەستیارانەدا کە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی بە درووشمەکانی لەگەڵ هەموو پارتە بۆرژواکان سنووربەندیی کردووە، هاتنە مەیدانی چینی کرێکار لەئاستی کۆمەڵایەتیدا بووەتە زەروورەتێکی سیاسی و چینایەتی. چینی کرێکار بە مانگرتنی خۆی دەتوانێ بەم ئاخێزە هێز و توانایەکی تر ببەخشێت و ماشێنی سەرکوتی ڕێژیم ئیفلیج و زەوینگیر بکات. کرێکارانی نەوت و کرێکارانی هەفت تەپە هۆشداریان بە سەرکوتگەران دا کە ئەگەر سەرکوت درێژە پێ بدەن، دەست لە کار دەکێشنەوە و مان دەگرن. ئاخێز و ناڕەزایەتی درێژەی هەیە و سەرکوتیش درێژەی هەیە. بەکرێگیراوانی سەرکوتگەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە زاهدان زیاتر لە چل کەس لە ناڕازییانیان کوشت و دەیان کەسیشیان بریندار کرد. درێژە و پێشڕەویی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی مەهسا لە گرەوی هاتنە مەیدانی چینی کرێکار دایە. چینێک کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە مانگرتنی شکۆداری خۆی بڕبڕەی پشتی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی بووە.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران