ئەو ئاخێزەی کە لە ناڕەزایەتی دژبە قەتڵی دەوڵەتیی مەهسا (ژینا) ئەمینی دەستی پێکرد، سێهەمین هەفتەی تێپەڕاندووە و سەرنجی هەموو جیهانی بەرەو بوێری و قارەمانیەتیی خۆپیشاندەرانی سەر شەقام ڕاکێشاوە. ژنانی ئێران کە زیاتر لە چوار دەیە لە بوارە جیاجیاکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا لەگەڵ نیزامێکی هاری ئاپارتایدی ڕەگەزی و یاسای دژی ژنی ڕێژیمی ئیسلامی خەبات دەکەن، تەنیا چەخماخەیەک پێویست بوو بۆ ئەوەی توڕەیی و ناڕەزایەتییان هەڵچێت و هەمووی بە یەکجار، بەسەر سەری حاکمانی جەهل و سەرمایەدا بڕێژن. هێزی پڕ خرۆشی ژنان ئیتر نایهەوێ تەسلیمی کۆمەڵگەی پیاوسالار، ئاپارتایدی ڕەگەزی، حیجابی زۆری، قەتڵی نامووسی و تەسلیمی ئەوباشانی گەشتی ئیرشاد و ملکەچی فەرمانی ئەوانە بێت کە بە مرۆڤی دەرەجە دوو پێناسەی دەکەن. بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن و بزووتنەوەی ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران چووەتە قۆناخێکی نوێوە.
لەمێژ بوو لێرە و لەوێ لە زمانی شیکارانی حکوومەتی و بورژواییەوە باس لە شۆڕشی برسییەکان دەکرا، باس لە ڕاپەڕینی نان دەکرا، دەمێک بوو کرێکاران لە چوار سووچی ئەم وڵاتە هاواریان بەرز ببووەوە و ناڕەزایەتی و مانگرتنی شکۆداریان ڕێکخستبوو. لەمێژ بوو مامۆستایان لەڕێگەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرانسەری خۆیانەوە داخوازییەکانیان گەڵاڵە دەکرد، دەمێک بوو خانەنشینکراوان هەموو هەفتەیەک دەستیان دەدایە کۆبوونەوە، چونکە نەیاندەزانی لەم گرانییە بێسنوورەدا چۆن ژیانیان بەڕێوەبەرن، لەمێژ بوو پەراوێزی شارەکان ببوونە گۆڕەپانی ناڕەزایەتیی بێبەشانی شار. ئێستا ئیتر هەموو ئەوانەی وا کاسەی سەبریان لێوڕێژ بووە، هاتوونەتە سەر شەقام.
ئەم تەقینەوە کۆمەڵایەتییە، ئەم هەمووە بوێری و قارەمانیەتییە، ڕووداوێکی گرنگ و مێژووییە لە ئێراندا. بەتایبەت ئەوەیکە ژنان بوونەتە بزوێنەری ئەم ڕووداوە مێژووییە و سەرەڕای هەموو سەرکوتگەرییەکان هەروا بە بوێرییەوە ناڕەزایەتیی شکۆدار بەڕێوە دەبەن. ژنان بەتایبەت لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئیسلامی سیاسی دیلیەتیی ژنی کردووەتە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی سیاسەت و ستراتێژیی خۆی، ئازادی لە چنگ ئیسلامی سیاسی لە گرەوی سەرکەوتنی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی مەهسادا دەبینن. بێهۆ نییە کە لە گشت ناوچەکە، بە وێنەی مەهساوە دێنە سەر شەقام و هاوپشتیی خۆیان لەگەڵ ئەم ئاخێزە ڕادەگەیەنن.
ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا ئاڵوگۆڕی هێندە بەرینی پێکهێناوە کە ئیتر بێگومان پڕۆسەی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی گەڕانەوەی نییە. لەڕاستیدا هیچ ڕێگایەکمان بێجگەلە پێشڕەوی لەبەر نییە. ئەگەر قەرارە ژنان لە دیلیەتی ڕزگار بن، ئەگەر قەرارە کۆمەڵگا لەژێر چنگی سەرمایە بێتە دەر، ئەگەر قەرارە دین لە دەوڵەت و پەروەردە و بارهێنان جیا بکرێتەوە، ئەگەر قەرارە ئازادیی بێ شەرت و مەرجی سیاسی بەڕێوە بچێت، ئەگەر قەرارە سزای ئێعدام هەڵوەشێتەوە و دەرگای زیندانەکان بشکێن، ئەگەر قەرارە ئیتر دیاردەیەک بەناوی منداڵی کار نەبێت و دەیان ئێش و ئازاری تر نەمێنێت، لە هەنگاوی یەکەمدا پێویستە کۆماری ئیسلامی بخرێتە زبڵدانی مێژووەوە. هەموو ئەم کارەساتانە، هەموو ئەم هەژاری و نەهامەتی، حاشیەنشینیی ملیۆنی، کۆیلەتیی بەرهەمهێنەران، گەندەڵی و دزیی هەزاران ملیاردی، ئاکامی دەسەڵاتداریەتیی نیزامێکی تاڵانکەری سەرمایەدارییە کە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا لەگەڵ کۆنەپەرستیی ئیسلامی ئاوێتە بووە.
نەگەڕانەوەی پڕۆسەی ڕووخاندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەو مانایەیە کە دۆسیەی دەسەڵاتی سیاسی بە ڕووی کۆمەڵگادا کراوەتەوە. لەم هەلومەرجەدا بەشە جیاجیاکانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوایی جموجۆڵێکی تازەیان تێکەوتووە. لە حاڵێکدا کە ئۆپۆزیسیۆنی بورژوایی و پارتە ناسیۆنالیستەکان هەموو هەوڵی خۆیان خستووەتە گەڕ تا بۆ ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەڵک ڕێبەر بتاشن و یان لە سەرووی جەماوەری ناڕازییەوە ناوەندەکانی دەسەڵات پێک بێنن. ئێمە دەڵێین جەماوەری ناڕازی خۆیان دەبێت ڕێبەریی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەیان بگرنە دەست و ڕێگە نەدەن قارەمانیەتی و بوێری و گیانفیداییان بکەوێتە خزمەت بونیاتنانەوەی نیزامی سەرمایەداریی غەیرە ئیسلامی. ئێمە دەڵێین ژنانێک کە لە جەرگەی هێرشی سەرکوتگەران و ڕەوەی وەحشییانی ئیرشاد و حیزبوڵڵادا، حیجابی داسەپاویان لەسەر کردووەتەوە و ئاگریان تێبەرداوە، خۆیان باشترین هێزن بۆ پاراستن لە داخوازییەکانیان و نابێ ڕێگە بدەن کە نەزمی پیاوسالارانە و ئاپارتایدی ڕەگەزی ئەمجارەیان بە ناوێکی دیکەوە درێژەی بێت و دووبارە بەرهەم بێتەوە. ئێمە دەڵێین ئەو لاوانەی کە بە بوێرییەکی بێوێنەوە زیاتر لە سێ هەفتەیە شەقامەکانیان کردووەتە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕێژیم، دەبێ بیر لە درووستکردنی شۆراکانی گەڕەک بکەنەوە. و بە گرتنەبەری تاکتیکی گونجاو بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سەرکوتگەران، یەکگرتوویی و یەکپارچەیی ناڕازییان بپارێزن و دروشمەکان هاوئاراستە بکەن. ئێمە دەڵێین ئەو خوێندکارانەی کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا گەلێک جار دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی و ڕایانگەیاندووە کە “ڕۆڵەی کرێکارانین، هەردەم پشتیوانیانین”، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە بە پێداگری لەسەر ستراتێژی یەکگرتن لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان، ڕێکخراوی سەربەخۆی خوێندکاری پێک بێنن و ئەرکی خۆیان لەم قۆناخە لە قەیرانی سیاسیدا بەجێ بێنن.
بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران کە بێگومان لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا پڕجموجۆڵترین بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی بووە و بەهۆی وشیاریی ڕێبەرانییەوە توانیویەتی لە زۆرێک لە کارخانە و ناوەندە سەنعەتییەکان کۆمیتەی مانگرتن و کۆبوونەوەی گشتی بەڕێوە بەرێت و مانگرتنی شکۆدار ڕێک بخات، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە بێتە مەیدان و درێژە و پێشڕەویی ئاخێزی ژینا زەمانەت بکات. چارەنووسی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا بە پەیوەندی کارخانە و شەقامەوە گرێ دراوە. بزووتنەوەی پڕ تەحەڕوکی کرێکاری، لە پێکهێنانی ئامادەکاریی زەینی بۆ بەرپاکردنی ئاخێزی جەماوری و لە گۆڕینی هاوسەنگیی هێز بە قازانجی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی، گرنگریتن دەورونەخشی بووە. لەئێستادا هاتنە مەیدانی بوێرانە و پڕ گوڕوتینی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز دژبە دۆخی زاڵ، کردەوەیەکی شۆڕشگێڕانە لەلایەن چینی کرێکارەوە دەخوازێت. چارەنووسی ئاخێزی ئێستا تەنیا کاتێک دەتوانێ بە قازانجی زۆرینەی ملیۆنی تەواو بێت کە چینی کرێکار بە مانگرتنی سەرانسەریی خۆی شەقام و کارخانە پێکەوە پەیوەند بدات و بەشێوەی بابەتی نەک هەر لەپێناو ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو بەئامانجی بنبڕکردنی نیزامی سەرمایەداری، بێتە ڕێبەری خەبات.
تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران