فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ئاخێزی مەزنی جەماوەری لەدژی بوودجەی ڕیازەتی لە فەڕانسە
یەکشەممە ۳۰-۰۶-۱۴۰۴   |  21-09-2025

مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی ئەم دواییە لە فەڕانسە لەدژی پێشنووسی بوودجەی ٢٠٢٦ بە بەشداریی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە کرێکاران و زەحمەتکێشان لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی سێپتامبری ٢٠٢٥، یەکێک لە گەورەترین بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی ساڵانی ڕابردوو لەم وڵاتە بوو. ئەم مانگرتن و ڕێپێوانە شکۆدارە لە زیاتر لە ٢٥٠ شار و ناوەندی سەنعەتی بەڕێوەچوو. لە بەرامبەر ئەم حەرەکەتە مەزنە بەکۆمەڵەدا، دەوڵەتی فەڕانسە ٨٠ هەزار هێزی پۆلیسی لە سەرتاسەری وڵات هێنایە مەیدان و دەیان کەسی لە ناڕازییان دەستبەسەرکرد، کە خۆی نیشانەی نیگەرانیی چینی دەسەڵاتدار لە گەشە و ڕادیکاڵیزمی ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییەیە. تێکهەڵچوون لە چەندین شار لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە سەرکوتگەرەکانی حکوومەت، بۆ جارێکی تر بۆشایی قووڵی نێوان دەوڵەتی بورژوازی و زۆرینەی خەڵکی زەحمەتکێشی نیشاندا.

مانگرتووان لە بەشە جۆراوجۆرەکانەوە لەوانە پەروەردە، گواستنەوە، وزە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان هاتبوونە مەیدان. خوێندکاران و گەنجان ڕۆڵێکی کارایان لەم ناڕەزایەتییانەدا بینی و دروشمیان دژی جینۆسایدی حکوومەتی ئیسرائیل لە غەززە بەرزکردەوە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ناڕەزایەتییەکان تەنیا لە بەشێکی بزووتنەوەی کرێکاریدا سنووردار نین، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی تووڕەیی بەربڵاو و کەڵەکەبووی کرێکاران و کەسانی کەمدەرامەت لە سەرانسەری کۆمەڵگایە. مەسەلەکە تەنیا بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی یان بڕینی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان نییە؛ ئەم سیاسەتانە بەشێکن لە بەرنامەیەکی گەورەی خۆپارێزی بۆرژوازی کە قازانجی سەرمایەداری گەرەنتی دەکات و تێچووی قەیرانی سەرمایەداری دەخاتە سەر شانی کرێکاران.

ئەوەی لە فەڕانسە ڕوودەدات تەنها ناڕەزایەتییەکی ئابووری نییە. بەشێک لە کرێکاران درکیان بەوە کردووە کە دابەزینی ئاستی ژیان و نائەمنی کار و لەناوبردنی مافە کۆمەڵایەتییەکان، ئاکامی مانەوەی سیستەمی سەرمایەدارییە، کە قەیرانەکان بووەتە بەشێک لە مەوجوودییەتی. بەشداریی ملیۆنی لە شەقامەکان و پەیوەندی توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، پۆتانسیەل و توانایەکی بەرچاوی بۆ تێپەڕین لە موقاومەتی پەڕاکەندە و پڕژوبڵاو بەرەو خەباتی سیاسی و سەرتاسەری لەدژی گشت نیزامی دەسەڵاتدار ئاشکرا کردووە.

سەرۆک کۆمار ئیمانوێل ماکرۆن بە بێدەنگی و پشتگوێخستنی داواکارییەکانی خەڵک، هەمان سیاسەت درێژە پێدەدات کە بەخاتری لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا  بە “سەرۆک کۆماری دەوڵەمەندەکان” ناسرابوو. واتە “پێداگری لەسەر پێشخستنی چاکسازییە نیولیبراڵییەکان سەرەڕای دژایەتیی توندی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان”. سیاسەتەکانی ئەو لە درێژەی میراتی سارکۆزی و ئۆلاند، شتێک نییە بێجگەلە هێرشی بەردەوام بۆسەر مافی مێژوویی چینی کرێکار و پەرەپێدانی دەسەڵاتی سەرمایە. بایەخ نەدانی دەوڵەت بە ناڕەزایەتییەکان، ڕێگایەکی ئاگاهانەیە بۆ نیشاندانی ئیتقداری بورژوازی. بەڵام ئەم ئیقتدارە لەئێستادا تەنیا بە سەرکوتی پۆلیسی پشت ئەستوورە. هەتا بۆشایی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگا قووڵتر بێتەوە، دەوڵەت زیاتر ناچار دەبێت ئامرازی سەرکوت بەکاربهێنێت. ئەوە لۆژیکی دەوڵەتی بورژوازییە کە لە کاتی قەیراندا، نقابی “دیموکراسیی لیبڕاڵ” لادەبات و ڕوخساری ڕاستەقینەی دەسەڵاتی پۆلیسی نیشان دەدات.

یەکێک لە تایبەتمەندییە گرینگەکانی بزووتنەوەی ئێستا، سنووردارکردنی ڕێبەریی یەکیەتی یان سەندیکا فەرمییەکانە. لە کاتێکدا کە جەماوەری کرێکار زەرفییەت و توانای دەربڕینی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی شۆڕشگێڕانەی خۆیان هەیە، سەندیکاکان هەوڵ دەدەن خەبات لە چوارچێوەی “وتووێژ کردن لەگەڵ دەوڵەت” بپارێزن. بەڕێوەبردنی ڕێپێوانی بەرنامە بۆ داڕێژراو، پێداگری لەسەر “ناڕەزایەتیی ئاشتیانە” و نەبوونی ئاسۆ بۆ مانگرتنی گشتیی بێسنوور، نیشانەی ئەوەن کە بوروکراسیی سەندیکایی بووەتە هاوپەیمانی دەوڵەت تا نەهێڵێ بزووتنەوەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی ببێتە بزووتنەوەیەکی سیاسی و ڕادیکاڵ بۆ خستنە ژێر پرسیاری دەوڵەتی بورژوازی.

ئەمەش ناتەبایی سەرەکیی نێوان پۆتانسیەلی ڕاستەقینەی چینی کرێکار و بەربەستەکانی بوروکراسیی سەندیکاییە. ئەم بزووتنەوەیە ئەگەر بیهەوێ لە چوارچێوەی ڕێفۆرمی سنووردار تێپەڕێت و لە بەڕێوەچوونی سیاسەتی ڕیازەتی ڕێگری بکات، دەبێ خۆی لەژێر کۆنتڕۆڵی باڵە سازشکارەکانی سەندیکاکان بێنێتە دەر و پشت بە داهێنانی ڕاستەوخۆی جەماوەری کرێکار و ڕێکخستنی بەکۆمەڵ و شۆرایی ببەستێت.

خەباتی ئێستا ناکرێ جیا لە میراتی مێژوویی بزووتنەوەی کرێکاریی فەڕانسە سەیر بکرێت. لە شۆڕشی ١٧٨٩وە تا کۆمۆنی پاریس لە ساڵی ١٨٧١، لە مانگرتنە گەورەکانی دەیەی ١٩٦٠ەوە هەتا خۆپیشاندانەکانی جلیقە زەردەکان، فەڕانسە بەردەوام مەیدانی نەبەردی نێوان کار و سەرمایە بووە. مێژوو نیشانی داوە کە دەوڵەت هەر کات ویستوویە مافی کۆمەڵایەتیی زەحمەتکێشان بە قازانجی خۆی سنووردار بکات، لەگەڵ شەپۆلی مەزنی خەبات بەرەوڕوو بووەتەوە. بەڵام لە نەبوونی ڕێبەریی حیزبێکی کرێکار و کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕدا کە بتوانێ ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییانە بکاتە بزووتنەوەیەکی سیاسی بۆ پاشەکشە پێکردن بە دەوڵەتی بورژوازی، ئەم شەپۆلانە زۆر جار یان کۆنتڕۆڵ کراون یان تووشی شکست بوون.

مانگرتنی ملیۆنیی ئەم دواییەی فەڕانسە نەک هەر ناڕەزایەتییەکی سینفی، بەڵکوو هاواری بارودۆخێکی مێژوویی، هاواری ئیعتراز لە دژی قووڵبوونەوەی بۆشایی چینایەتی و نابەرابەرییە کۆمەڵایەتییەکان و هاوار لەدژی ئەو بێبەشییانەیە کە سەرمایەداریی فەڕانسە بەسەر زۆرینەی دانیشتووانی ئەم وڵاتەیدا سەپاندووە. دەورونەخشی چینی کرێکار لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی و بەشداریی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە شەقامەکان لە بەرامبەر ٨٠ هەزار هێزی پۆلیس، نیشانی دا کە کام لایەنی کۆمەڵگا، هێزی ڕاستەقینەیە. داهاتووی ئەم بزووتنەوەیە بەوە وابەستەیە کە ئایا کرێکاران دەتوانن لە ناڕەزایەتیی سنوورداری سەندیکایی تێپەڕن و بەرەو ڕێکخستنی شۆڕشگێڕانە، بەرەو شۆراکانی خەڵک و ناڕەزایەتیی بێسنوور حەرەکەت بکەن یان نا. وەها تێپەڕینێک، نەتەنیا بۆ ڕزگاربوون لە گشت سیستمی چەوسێنەری سەرمایەداری، بەڵکوو بۆ بەرگریکردن لە هێنانەخواری تەمەنی خانەنشینی یان بۆ پاراستنی پشووی فەرمی و سەپاندنی چاکسازی ڕیشەییش پێویستە. ئەمڕۆ لە فەڕانسە، دروشمی مێژوویی کۆمۆنی پاریس، جارێکی دیکە دەنگ دەداتەوە: ڕزگارکردنی کرێکاران، ئەرکی خودی کرێکارانە.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv