ئازادکرانی جەماڵ عەلیزادە لە دەستبەسەر کراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی
شەممە ۲۲-۱۰-۱۴۰۳   |  11-01-2025

ڕۆژی هەینی ٢١ی بەفرانبار، جەماڵ عەلیزادە هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار دوای تێپەڕکردنی حوکمی ٢٣ مانگ بەندکرانەکەی لە زیندانی ناوەندیی نەغەدە و نیوەی ئەو سزایە لە دەرەوەی زیندان لە ژێر چاودێری پێبەندی ئەلیکترۆنێکی، لە زیندان ئازاد کرا.
جێگای ئاماژەیە، جەماڵ عەلیزادە خاکەلێوەی پارەکە لە لایەن دادگای شۆڕشی مەهاباد بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ میدیاکانی دژبەری حکوومەت” بە ٣٠ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو کە ئەم حوکمە لە دادگای پێداچوونەوە بۆ ٢٣ مانگ بەندکران کەم کرابوویەوە. ناوبراو لە کۆتاییدا ڕۆژی سێشەممە ٧ی خەرمانانی پارەکە دوای بانگکرانی بۆ لقی جێبەجێکرانی سزاکانی دادگای پیرانشار، دەستبەسەر و بەمەبستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی بۆ زیندانی ناوەندیی نەغەدە گواسترابوویەوە.