
ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی ڕێبەندان، زاهید خالیدیان، تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی قوروە دوای ٢٦ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە زیندانی ناوەندیی ئەوشارە ئازاد کرا.
ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی ڕێبەندان لەگەڵ براکەی، واحید خالیدیان بەهۆی بەشداری لە مانگرتنەکانی کوردستان بەنیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە سەپاندنی حوکمی ئێعدام بەسەر پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی قوروە لە دوکانەکەی خۆیاندا لە گۆڕەپانی ئیتحادی ئەو شارە دەستبەسەر کرابوون. هەروەها لە هەمان ڕۆژدا، هێرش زەندی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو، تەمەن ٤٠ ساڵ و دانیشتووی شاری سنە پاش یەک مانگ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرا. ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕێبەندان، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە گواسترابوویەوە.