لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی “نێ” سەر بە شاری مەریوان بە ناوی “زانیار ئەفسەری” تەمەن ٣٣ ساڵ، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە زیندانی ناوەندیی ئەمشارە ئازاد کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە بۆ زیندانی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو. شایانی باسە، زانیار ئەفسەری لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە. جێگای ئاماژەیە، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانان، ئەم هاووڵاتییە بە بێ هیج هۆکارێک لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو. ئەمە لەحاڵێکدایە کە تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی زانیار ئەفسەری زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.