ئازادکرانی فەرزانە ڕەشیدی بەدانانی بارمتەی قورس لە زیندانی ناوەندیی سەقز
دوشەممە ۰۶-۰۵-۱۴۰۴   |  28-07-2025

بە پێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی گەلاوێژی ١٤٠٤، “فەرزانه ڕەشیدی” تەمەن ٢٦ساڵ و خوێندکاری زانکۆی پەیامی نووری بانه، دوای دوو مانگ بەندکران بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد و ٥٠٠ میلیۆن تمەن، لە زیندانی ناوەندیی سەقز ئازاد کرا.
جێگای ئاماژەیە، فەرزانه ڕەشیدی، سەرەتای مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، لە یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی شاری بانه بۆ زیندانی سەقز و سامان کەریمی بۆ زیندانی ناوەندی بانه گواسترابوونەوە. ڕۆژی یەکشەممە ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٤، سامان کەریمی و فەرزانه ڕەشیدی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر کرابوون. هێزە ئەمنییەکان بە توندووتیژیەوە، سەرەتا سامان کەریمیان لە یەکێک لە کۆڵانەکانی شاری بانه دەستبەسەر و دوایەش بە هێرش بۆ سەر ماڵەکەی، فەرزانه ڕەشیدیان دەستبەسەر کردبوو.