
ڕۆژی سێشەممە ٥ی خاكەلێوەی ١٤٠٤، دوو چالاكی بواری مافەكانی ژنان بە ناوەکانی، “لەیلا پاشایی” تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵكی شاری سەقز دانیشتووی سنە و “باران ساعدی” تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵكی سنە، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆنی و بە شێوەی كاتی تا كاتی كۆتاییهاتنی دادگاییەكەیان لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد كران.
شایانی باسە، ئەم دوو چالاكە مەدەنییە لە ماوەی دەستبەسەركرانەكەیاندا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها مافی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەكانیان بێبەش بوون و لە ژێر گوشاری دانپێدانانی زۆرەملێ لە پێش كامێرا بوون. جێگای ئاماژەیە، لەیلا پاشایی و باران ساعدی ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕەشەممەی ١٤٠٣، لەگەڵ سۆهەیلا موتاعی و سۆما محەممەدڕەزایی دوو كەسی دیكە لە چالاكانی مافەكانی ژنان، لە شارەكانی سنە و دێهگولان لە پەیوەندی لەگەڵ چالاكی و ئامادەبوونیان لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی ژن لە سنە لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئەم شارە گواسترابوونەوە.