
یەدێ بەهاریزەڕ چالاکی کرێکاریی خەڵکی گوندی “ئەوێهەنگ” سەر بە شاری سنە و دانیشتووی شاری دەماوەند لە ڕۆژی یەکی پووشپەڕی ١٤٠٤ و بەدوای سێ ساڵ زیندانی کرانی، بە مورەخەسی مەرجدار لە زیندانی ناوەندیی دەماوەند ئازاد کرا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە مانگی جۆزەردانی ١٤٠١، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەم چالاکە کرێکارییە و پاش پشکنینی ماڵەکەی، دەستیان بەسەر مۆبایلەکەیدا گرتوەو خۆیان دەستبەسەر کردبوو. ناوبراو لە ڕۆژی ٣١ی خەرمانانی ١٤٠١دا لە لقی ١٠١١ی دادگای کەیفەری ٢ی شاری دەماوەند بە تۆمەتەکانی وەک: “پێکهێنان و بەڕێوەبردنی گرووپ” بە شەش ساڵ زیندان، “پێوەندی لەگەڵ کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران” بە ٣٢ مانگ زیندان و “بێڕێزی بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی”بە ١٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو. شایانی باسە، پاش ڕادەستکردنی دۆسییەی ئەم چالاکە کرێکارییە بۆ دادگا، ناوبراو لەلایەن لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی شاری دەماوەند، تۆمەتەکەی بۆ ڕوون کرایەوە و بە دانانی بارمتەی سێ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی لە زیندان ئازاد کراوە.