
ڕۆژی دووشەممە ٣١ی خەرمانانی ١٤٠٤، ژینا مودەڕێس گورجی رۆژنامەنووس و چالاکی ژنان لە دوای کۆتاییهاتنی ماوەی بەندکرانەکەی، لە بەندی ژنانی چاکسازی ژنان و منداڵانی زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرا. جێگای ئاماژەیە، ناوبراو ١٢ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو بە مەبەستی تێپەرکردنی ماوەی بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرابوو. ژینا مودەڕێس گورجی پێشتر بە ٢١ ساڵ زیندان و دورخستنەوەی بۆ زیندانی هەمەدان مەحکووم کرابوو. لە دوای پێداچوونەوە بە حوکمەکەی لە لایەن دادگای سنە، سزاکەی بۆ ٢٨ مانگ گۆڕدرا و بە کۆی ٤ مانگ کە پێشتر لە دەستبەسەریدا بوو سزای ١٦ مانگ دەستبەسەرکرانی بۆ دەرچوو. ئەم هاووڵاتییە بە بڕیاری لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی سنە بە تۆمەتەکانی وەکوو “پێکهێنانی دەستە و گرووپی نایاسایی بە ئامانجی ڕووخانی حکوومەت” سزای ١٦ مانگ بەندکران و “پڕوپاگەندە دژی حکوومەت” بە یەک ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو. دوایین دانیشتنی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم چالاکە مەدەنییە لە ڕێکەوتی ٢١ی خاکەلێوەی ئەمساڵ بەڕێوەچوو و حوکمی دەرچوو ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی جۆزەردان بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیێندرابوو.