بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی شەممە ٢٢ی گوڵان، سابیر ئیبراهیمی هاووڵاتیی خەڵکی گوندی ئاڵکاوێی سەر بە شاری شنۆ، دوای ٥٣ ڕۆژ دەستبەسەربوو لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بە دانانی بارمتەی پێنج ملیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە زیندانی ناوەندیی شنۆ ئازاد کرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سابیر ئیبراهیمی دوای دەستبەسەرکران لە شنۆ بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گواسترابوویەوە و لە ماوەی دەستبەسەرکرانەکەیدا لە ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعات لەژێر ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەییدا بووە. جێگای ئاماژەیە، سابیر ئیبراهیمی تەمەن ٢٤ ساڵ و ئامۆزای مەحیەدین ئیبراهیمی بەندکراوی سیاسیی لە سێدارەدراو، ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی ڕەشەممەی پارەکە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شنۆ لە شوێنی کارەکەیدا دەستبەسەر کرابوو. مەحیەدین ئیبراهیمی بەندکراوی سیاسی ٢٦ی ڕەشەممەی ١٤٠١، دوای شەش ساڵ دەستبەسەربوون لە زیندانی ورمێ لە سێدارە درا.