
حەمید نووری دادیاری پێشووی زیندانی گەوهەردەشت و یەکێک لە ئەنجامدەرانی کوشتاری زیندانییانی سیاسیی ئێران لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی کە لە یەکێک لە بێوێنەترین دادگاییە مێژووییەکانی وڵاتی سوێد بەتاوانی جەنایەت لەدژی مرۆڤایەتی بە زیندانی هەتاهەتایی مەحکووم کرابوو، لە ئاکامی موعامەلەکی قیزەون و بێشەرمانە لە نێوان دەوڵەتی سوێد و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە زیندان ئازاد و ڕۆژی ٢٦ی جۆزەردان ڕەوانەی ئێران کرا. ئازادیی حەمیدی نووری لە بارودۆخێکدا ئەنجام دراوە کە دیوانی باڵای سوێد پێشتر داوای پێداچوونەوەی بەسەر حوکمی زیندانی هەتاهەتایی ناوبراو ڕەت کردبووەوە. ئەم موعامەلە بێشەرمانەیە شەپۆلێکی لە تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خەڵکی ئازادیخوازی لە سەرتاسەری جیهان بەتایبەت لەناو بنەماڵەی قوربانییانی جەنایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لێکەوتووەتەوە.
بەوتەی سەرۆکوەزیرانی سوێد دەوڵەتی ئەم وڵاتە و سرویسە ئەمنیەتییەکانی لە بەرابەر ئازادیی “یۆهان فلۆدرۆس” و “سەعید عەزیزی”، دوو هاووڵاتیی سوئدی کە لە زیندانی کۆماری ئیسلامیدا بوون، حەمید نووریی جەنایەتکاریان ئازاد کردووە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ئەم دوو هاووڵاتییە سوێدییە کە لە چنگی کۆماری ئیسلامیدا گرفتار بوون هیچ تاوانێکیان ئەنجام نەدابوو و ڕژیمی جەنایەتکاری ئیسلامی تەنیا بۆ ئەنجامدانی ئەم موعامەلە بێشەرمانەیە ئەوانی بەبارمتە گرتبوو. بەڵام حەمید نووری لە مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٨ لە کاتی گەشت بۆ وڵاتی سوێد لە فڕۆکەخانە بەتۆمەتی ئەشکەنجەگەری و بازجووی “هەیئەتی مەرگ”ی کۆماری ئیسلامی و دەست هەبوون لە کوشتاری هەزاران کەس لە زیندانییانی سیاسی لە زیندانەکانی قزڵحەسار، ئێڤین و گەوهەردەشت، دەستگیرکرا. دۆسیەی ١٠ هەزار لاپەڕەیی ئەم تاوانە لەلایەن تیمێکی پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتی، کۆمەڵناس، دەروونناس و زانای ئیسلامییەوە بۆ ماوەی بیست مانگ پشکنین و لێکۆڵینەوەی لەسەر کرا. لە کاتی دادگایی حەمید نووری کە ڕۆژی ١٩ی مانگی گەلاوێژی ١٤٠٠ لە دادگایەکی ستۆکهۆڵم دەستیپێکرد نزیکەی سەد کەس لە سکاڵاکاران و دادخوازان کە خویان لە قوربانییان و ڕزگاربووانی ئەم جەنایەتانە بوون لە وڵاتانی دیکەوە هاتنە سوێد و لەم دادگایەدا شەهادەتیان دا و وڵامی پرسیاری قازییەکانی دادگایان دایەوە. لە سێ ڕۆژی یەکەمی ئەم موحاکمە مێژووییەدا “کریستینا کارلسون” دادستانی ستۆکهۆڵم و نوێنەرەکەی لە بەشێک لە کەیفەرخواستی خۆیاندا ناوی ژمارەیەک لە زیندانیان و ڕەوتی ئێعدامکردنی ئەوانیان خوێندەوە. لەسەر بنەمای ڕەوایەتی شایەتحاڵان و ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی نیشانیاندا کە چۆن حەمیدی نووری و هاوکارانی لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ٦٧دا بەندکراوانیان بەڕیز کردووە و بە چاوی بەستراوە بە بێ ئەوەیکە مافی دیفاع لە خۆیانیان هەبێ لەڕێگەی کاناڵەکانی مەرگەوە بۆ ساڵۆنی زیندانی گەوهەردەشت بۆ لای هەیئەتی مەرگیان بردوون.
حەمید نووری بەم دۆسیە قورسە لە تاوانەکانی، لە جەریانی دادگاییەکەیدا کە زیاتر لە ٩ مانگی خایاند بەتاوانی جەنایەت لەدژی مرۆڤایەتی بە زیندانی هەتاهەتایی مەحکووم کرا. بەڵام “ئۆلف کریستێرسۆن”، سەرۆکوەزیرانی سوێد هەموو ئەم تاوانانە و حوکمی دادگای نادیدە گرت و بەوپەڕی ڕیاکارییەوە و لە حاڵێکدا کە خۆی بە بەرگریکاری مافی مرۆڤ دەزانێت، باس لە ڕەوتی گۆڕینەوەی زنیدانییەکان لەگەڵ ئێران دەکات. سەرۆک وەزیرانی سوێد دەڵێی ڕاپۆرت لەسەر گۆڕینەوەی بەندکراوان و بەدیلگیراوانی دوو ئەرتەش دەدات کە لە حاڵی شەڕدان. حەمید نووری لە مەیدانی شەڕدا بەدیل نەگیرا. ئەو لە فڕۆکەخانەی ئارلاندا بەتۆمەتی ئەشکەنجە و کوشتنی زیندانییانی سیاسی و بازجوی “هەیئەتی مەرگ”ی کۆماری ئیسلامی دەستبەسەرکرابوو. لە حاڵێکدا کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا دوو هاووڵاتیی مەدەنیی سوێدی بە بێ ئەوەیکە تاوانێکیان ئەنجام دابێ بە ئامانجی سیاسی و ئەنجامدانی وەها موعامەلەیەکی بێشەرمانە دەستگیر و بەبارمتە گرتبوو. بەڵام ئەم سیاسەتە ڕیاکارانە و کۆنەپەرستانەیەی دەوڵەتی سوێد بۆ جارێکی تر نیشانی دا کە هەرکات باسی بەرژەوەندی دەوڵەتانی سەرمایەداری بێتە گۆڕێ، ئیدیعای سەربەخۆبوونی دەزگای قەزایی لە دەوڵەت و دەزگا ئەمنییەکان تەنها درۆییەکە و هیچی تر. ئەم سیاسەتەی دەوڵەتی سوێد تەسلیمبوونی ئاشکرایە لە بەرامبەر سیاسەتی تیرۆریستی و بەبارمتەگرتنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و سەرانی ئەم ڕژیمە بەرەو درێژەدانی ئەم سیاسەتە دژەئینسانییانە هان دەدات. دەوڵەتی سوێد بە پاساوی دابینکردنی ئاسایشی هاووڵاتییانی سوێد ئەم موعامەلە بێشەرمانەیەی ئەنجام داوە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ئەم سیاسەتە بوار بۆ هێرشی تیرۆریستیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ بارمتەگرتنی هاووڵاتییانی ئورووپا زیاتر پەرەپێدەدات. بەڵام بەڕاستی لە جیهانکێدا کە دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری لە جینۆساید و کۆمەڵکوژیی دەوڵەتی ئیسرائیل لەژێرناوی مافی بەرگری لە خۆی پشتیوانی دەکەن، لە دەوڵەتی سەرمایەداریی سوێد لەوە زیاتر چ چاوەڕوانییەکی لێدەکرێت.
سیاسەتی دووڕوویانە و کۆنەپەرستانەی دەوڵەتی سوێد درێژ ەی مەنتقیی هەمان سیاسەتی دەوڵەتانی ئورووپا و ئەمریکا لە سەردەمی کوشتاری خوێناویی زیندانییانی سیاسی لە ساڵی ٦٧ی هەتاوییە. ئەو سەردەمیش دەوڵەتەکانی ئورووپا و ئەمریکا و کارناسانی مافی مرۆڤ نەتەنیا لەدژی ئەم کوشتارە ناڕەزایەتییان دەرنەبڕی بەڵکوو بەشێوەی نهێنی مۆری تەئیدیشیان لێدا. میدیاکانی بەناو ئازادی دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان لەئاست کوشتاری هەزاران بەندکراوی سیاسی بێدەنگییان گرتە بەر. دەوڵەتەکانی ڕۆژئاوا، ئەم داکۆکیکارە درۆینانەی مافی مرۆڤ کە سیاسەتی یارمەتیدان بۆ سەقامگیرکردنی دەسەڵاتی ئیسلامییان گرتبووەبەر، دەستی سەرانی ڕژیمیان بۆ ئەنجامدانی ئەم کۆمەڵکوژییە ئاواڵە هێشتەوە. ئەوان دوای ناچارکردنی سەرانی ڕژیم بە قەبووڵی شکست لە شەڕی ئێران و عێراق و نۆشینی جامی ژەهر، چرای سەوزیان بە حاکمانی ئێران نیشاندا کە بۆ ڕێگریکردن لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و ئەمنکردنی ئێران لەپێناوی چەوساندنەوە و تاڵانکاریی سەرمایەداریی جیهانی، دەتوانن دەست بۆ هەموو جەنایەتێک بەرن. هەر بەم هۆکارە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە کلووپی نێونەتەوەیی ئەم دەسەڵاتانەی سەرمایەدارییە، لەئاست ئەم تاوانە خوێناوییە سیاسییە، بێدەنگیی گرتەبەر و بەنهێنی مۆری تەئیدی بەسەردا کوتا.
بەڵام سەرەڕای بەڕێوەچوونی ئەم سات و سەودا قیزەونە، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ناتوانێ بزووتنەوەی دادخوازیی خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بۆ بەر لە دادگاییکردنی حەمید نووری بگێڕێتەوە. دادگای حەمید نووری وەک یەکێک لە بەڕێوەبەرانی قەتڵوعامی زیندانییانی دەیەی شەست، لەڕاستیدا دادگای غیابیی سەران و دامەزرێنەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بوو کە بڕیاردەر و ڕێکخەری ئەم کوشتارە و ناشتنی قوربانییان لە گۆڕە بەکۆمەڵ و بێ ناو و نیشانەکاندا بوون. ئەو بەڵگانەی لەم دادگایەدا لێکۆڵینەوەیان بۆ کرا، بە ڕای گشتی لە جیهاندا نیشانی دا کە کوشتنی زیندانیانی سیاسی بە فەرمانی ڕاستەوخۆی خومەینی بە ڕاوێژی خامنەیی و لە لایەن دەستەیەکی تایبەتەوە کە دواتر بە هەیئەتی مەرگ ناسرا ئەنجام دراوە. ئەم هەیئەتە بریتی بوون لە: مورتەزا ئەشراقی (دادستانی ئەوکات)، ئیبراهیم ڕەئیسی (جێگری ئەوکاتی دادستان)، حسێنعەلی نیری (حاکمی شەرعی ئەوکات) و مستەفا پوور محەممەدی (نوێنەری ئەوکاتی وەزارەتی ئیتلاعات لە زیندانی ئێڤین).
سەرەڕای موعامەلەی شەرمەزارکەری حکومەتی سوێد لەگەڵ ڕژیمی تاوانکاری ئیسلامی و ڕادەستکردنەوەی حەمید نووری بە ئێران، بزووتنەوەی سکاڵاکردن لە دژی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی یەکێک لە بوارە گرینگەکانی خەبات دژی ڕژیمی جەنایەتکاری ئیسلامییە و پێویستە بەشێوەی بەهێز بەردەوام بێت. بزووتنەوەی دایکانی گیانبەختکردووانی خاوەران، سەرەڕای گوشاری بێوچانی سەرکوت، بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ساڵانە بۆ ڕێزلێنان لە قوربانییانی ئەو کارەساتە، کار و چالاکییەکانی لێکۆڵینەوە بۆ ڕوونکردنەوەی ڕەهەندە نادیارەکانی ئەم کارەساتە، بەڕێوەچوونی دادگای سەمبۆلیک، ئاکسیۆن و هەڵمەتی تەبلیغی بەرامبەر بەم مامەڵە شەرمەزارکەرە و هتد، هەموو ئەمانە هەتا ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی پێویستە درێژەیان بێت. بە ئەنجامدرانی ئەم موعامەلە قیزەونە، بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانەی کرێکاران و خەڵکی ئێران ڕوونتر بووەتەوە کە هەتا ئەو کاتەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە زەبری شۆڕش نەڕووخێت و ڕێبەرانی تاوانکاری لە دادگایەکی گشتیدا لەبەردەم خەڵکی ئازارچێشتووی ئێراندا دادگایی نەکرێن، نابێ چاوەڕێی وەدیهاتنی دادخوازی بکەین.