بەپێی ڕاپۆرتەکان ڕۆژی دووشەممە ٥ی پووشپەڕ، “ئەیووب ئاغڵیانی” تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی شاری شنۆ، بە دانانی بارمتەی ٢١ ملیارد و ٢٥٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ئازاد بوو.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەیووب ئاغڵیانی، لە ڕێبەندانی پارەکە و لە لایەن لقی ١٠٦ی دادگای تاوانەکانی ٢ی ورمێ بە تۆمەتی “تێکدانی کەرەستە گشتییەکان بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی نیزام و تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی” سزای یەک ساڵ و پێنج مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو. شایانی باسە، ناوبراو پێشتریش لە مانگی بەفرانبار لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ژمارە ٢ی شنۆ، بە ١٠ ساڵ و ٦ مانگ زیندان و ٧٠ زەربە شەلاق مەحکووم کرابوو. ئەمە لەکاتێکدایە، کە ئەیووب ئاغڵیانی لە دۆسییەیەی سێیەمیدا، ڕۆژی شەممە ٢٠ی ڕەشەممە، لە لایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ورمێیەوە بانگهێشت کراوە و سەبارەت بە تۆمەتی “تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی” و “تێکدانی کەرستەی گشتی بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی نیزام و ڕاپەڕینی چەکدارانە بەرانبەر حکومەتی ئیسلامی” دادگایی کراوە.