ڕۆژی شەممە ٤ی خەرمانان، “بەیان فەرەجوڵڵایی”،ژنە چالاکی تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی شاری سنە، بە دانانی بارمتەی ٢ ملیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی لە بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد بوو.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی یەکشەممە ۵ی خەرمانان، دانیشتنی دادگای پێڕاگەیشتن بەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە، لە دادگای شۆڕشی شاری سنە بەڕێوە دەچێت. شایانی باسە، بەیان فەرەجوڵڵایی دوای یەک مانگ و ١٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات تەندروستیی جەستەیی و دەروونیی ناجێگیرە. هەروەها ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا، لە مافە سەرەتایییەکانی وەک مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری، بێبەری و بێبەش کراوە. جێگای ئاماژەیە، بەیان فەرەجوڵڵایی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی پووشپەڕ، لە ماڵی خۆیان و لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە دەستبەسەر کرابوو.