بەپێی ڕاپۆرتەکان، کاتژمێر ١٠ی بەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی ڕەزبەر، خەدیجە مێهدیپوور بەندکراوی سیاسی و خەڵکی شارۆچکەی ئەیوان، دوای تێپەڕ کردنی ٦٤ ڕۆژ لە سزا سێ مانگ بەندکرانەکەی، لە کاتێکدا کە نزیک یەک مانگ لە سزاکەی مابوو، بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێشوەختە لە زیندانی ناوەندیی شاری ئیلام ئازاد بوو.
خەدیجە مێهدیپوور، سەرەتای مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، لە لایەن لقی ١٠٣ دەزگای دادوەری گشتی و شۆڕشی ئیلام بە تۆمەتی “بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە” بە سێ مانگ بەندکردن سزا درا و ڕۆژی شەممە ٢٨ی گەلاوێژ، بۆ جێبەجێ کردنی سزاکەی بۆ زیندانی ناوەندی ئیلام گواسترایەوە. شایانی باسە، پێشتریش خەدیجە مێهدیپوور ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی پارەکە، لەکاتی تێپەڕکردنی سزای ٢٠ مانگ بەندکرانەکەی لە زیندانی ناوەندیی ئیلام، بەبێ ئاگاداری پێشوەختە بە زۆر لە بەندیخانەی ئازاد کرابوو.