شێرکۆ حیجازی، بەرپرسی لیژنەی تۆپی پێی سەقز و لە چالاکانی مەدەنیی ناسراو، کە هاوکات لەگەڵ ساڵیادی قەتڵی حکومەتیی “ژینا ئەمینی” بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەرکرابوو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی سەرماوەز، دوای ٩٤ ڕۆژ دەستبەسەربوون بەدانانی بارمتەی دوو ملیار و ٤٠٠ ملیۆن تمەنی و هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پڕۆسەی دادگایی کردنەکەی لە زیندانی ناوەندیی سەقز ئازاد بوو.
ئازادکردنی شێرکۆ حیجازی لە حاڵێکدایە کە پێشتر دادگای ڕژیم بۆ ئازادی ناوبراو داوای دانانی بارمتەی دوو میلیارد و نیوی کردبوو. شایانی باسە، شێرکۆ حیجازی ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی سەرماوەز بۆ زیندانی ناوەندی سەقز گوازرابوویەوە و تا دوایین کات لەمافی دەستپێراگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کرابوو. شێرکۆ حیجازی، لە ماوەی ڕاگیرانی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە، بەمەبەستی دانپێدادان لە ژێر ئەشکەنجە و گوشاردا بووە. جێگای وەبیرهێنانەوەیە، شێرکۆ حیجازی، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی خەرمانان، هاوکات لەگەڵ توندوتیژی هێزە ئەمنییەکان لە شەقامی شوهەدای شاری سەقز و لە نزیکی شوێنی کارەکەی دەستبەسەر کرا و دوای چەند ڕۆژ لە ئیتلاعاتی سەقزەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەمنی شاری سەقز گوازرابوویەوە.