ڕۆژی سێشەممە، ١٩ی گوڵان، فەرەیدوون نەبی، تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی شاری پیرانشار، پاش تێپەڕاندنی ١٩٣ ڕۆژ دەستبەسەرکران و لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمەوە، بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد بوو.
فەرەیدوون نەبی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی کراوە و گوشاریان بۆ ناوبراو هێناوە بە مەبەستی دانپێدانانی تەلەڤزیۆنی. هەروەها بنەماڵەی ئەو لاوە دەستبەسەرکراوە بە بەردەوامی بانگی ئیتلاعات کراون و لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەیان لێکراوە و گوشاریان بۆ ئەو بنەماڵەیە هێناوە.
شایانی باسە کە ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەبوون و لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەکانیدا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کرابوو.
هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕژیم لە کاتی دەستبەسەرکردنی فەرەیدوون نەبی، دەستیان بەسەر کەلوپەلە تاکەکەسییەکانی ئەندامانی بنەماڵەکەیان وەک مۆبایلی باوک، دایک، خوشکەکانی، هاوژینەکەی و مۆبایلەکەی خۆیدا گرتبوو.
فەرەیدوون نەبی، ڕۆژی شەممە ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لەلایەن هێزەکانی ڕژیمی ئیسلامیەوە بە مەبەستی خۆڕادەستکردنی برا گەورەکەی بە ناوی فەردین نەبی بە بارمتە گیرابوو. ناوبراو دوای چەند مانگ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترایەوە.