هاووڵاتییەک بە ناوی “عوسمان قادری”، تەمەن ٥٤ ساڵ و خەڵکی نەغەدە، بە هۆی ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستیی بە هۆی ئەشکەنجەکرانی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئەم شارە کرا و ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی سەرماوەز، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد بوو.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە ٢١ی سەرماوەز، لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێەوە بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرا و بە هۆی ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستیی بە هۆی ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی نەغەدە کراوە. شایانی باسە، ئەم هاووڵاتییە بە هۆی ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێەوە دوو جار ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی “سەیدوشوهەدا” و “عارفیان”ی ورمێ کرابوو. جێگای ئاماژەیە، سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٥ی سەرماوەز، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی عوسمان قادری کوردە و دەستبەسەریان کردووە. تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ناوبراو هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.