ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی ڕەشەممە، سەعید ئیقباڵی، چالاکی مەدەنی، کە کۆتایییەکانی سێیەمین ساڵی لە ماوەی سزای پێنج ساڵی بەندکرانەکەی تێدەپەڕاند، لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ئازاد بوو. هەروەها دۆسیە نوێیەکەی ئەم چالاکە مەدەنییە کە لەماوەی بەندکرانی بەهۆی بانگهێشتی ناوبراو لە خەڵک بۆ ڕاگرتنی سزای سێدارە، لە دژی ناوبراو کرابووەوە، داخرا. جێگەی ئاماژەیە، سەعید ئیقباڵی، چالاکی مەدەنی و خوێندکاری خەڵکی کرماشان، ڕێکەوتی ١٢ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٦ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە لە ماڵەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین بەڕێ کرابوو. ناوبراو پاش دوو مانگ لە ڕێکەوتی ٢٢ی خاکەلێوەی ٩٧ بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو. ئەم هەڵسووڕاوە خەرمانانی ساڵی ٩٧ لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای تاران، بە تۆمەتی “کۆبوونەوە و پیلانگێڕان بە مەبەستی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی” حوکمی ٥ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی ” چالاکیی تەبلیغیی دژی نیزام” حوکمی یەک ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.