بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خەزەڵوەر، “وەلی و عەلی گوڵمحەممەدی”، دوو برای خەڵکی شاری بۆکان، بە تێپەڕکردنی ماوەی چوار مانگ و چوار ڕۆژ لە دەورەی بەندکرانیان بە پێبەندی ئەلیکترۆنییەوە لە زیندانی ناوەندیی بۆکان ئازاد بوون.
جێگای ئاماژەیە، وەلی گوڵمحەممەدی مانگی گوڵانی ئەمساڵ لەلایەن لەقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی دووی بۆکان بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە نەیارەکانی ڕژیم” سزای یەک ساڵ بەندکران و هەروەها عەلی گوڵمحەممەدی لە لایەن لەقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی دووی ئەو شارە، بە هەمان تۆمەت و “بەشداربوون لە خۆپیشاندانەکان” سزای ٣٢ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو. ئەو دوو برا ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی بەفرانباری پارەکە، لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەرکران و لە ئاکامدا ٢٧ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنیان لە زیندان ئازاد بوون.