بڕیارنامەی ١٧ی ڕەشەممەی ١٤٠٠، بەرابەر بە ٨ی مارسی ٢٠٢٢
بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ٨ی مارس لە شەقامی فردۆسی شاری سنە و ئاویەر و گوێزەکویر و بڵاووکردنەوەی شیرینی و پێرۆزبایی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن بە ڕاگوزەران وخەڵک لە گوێزەکویری سنە
٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن، ڕۆژی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکارانی کارخانەکانی ڕستن و چنینی ئامریکایە، کە بۆ کەمکردنەوەی ساعەتەکانی کار، حەقدەستی زیاتر و مافی دەنگدان، هاتنە سەر شەقامەکان و لەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەدا لە لایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی سەرمایەداران گیانی ئازیزیان بەختکرد، لەگەڵیان پەیمان نوێ بکەینەوە.
ئێمە لەم ڕۆژەدا هاوڕێ لەگەڵ بزوتنەوە جیهانییەکان، بۆ بەدەستهێنانی بەرابەری ژن و پیاو، سیستەمی سەرمایەداری بە سیستەمێکی دژە ژن و هۆکاری سەرەکی ئەم هەڵاواردن و نابەرابەریانە دەزانین و لە دژی ئەو نابەرابەری و هەڵاواردنە شێلگیرانە خەبات دەکەین.
ئێمە هاوپشتی و هاوخەباتی خۆمان لە خەباتی ژنانی ئەفعانستان لە دژی تاڵەبان و ڕووخانی ئەو ڕژیمە دژە ژنە ڕادەگەینین.
ئێمە خەباتی شان بەشانی بزوتنەوەی ژنان لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکارانی ئێران و خەباتی شکۆمەندی ژنانی سەراسەری جیهان، بە تایبەتی خەباتی ژنان لە ئێران و ئەفعانستان و وڵاتە ئیسلامییە دواکەوتووەکان بەرز ڕادەگرین و پێمانوایە کە تەنیا شۆڕشی کرێکاریی دەتوانێت ئازادی بێ قەید و شەرتی ژنان و پیاوان بە ئەنجام بگەینێت.
ئازادی ژنان میعیاری ئازادی کۆمەڵگایە
ئێمە لە ڕۆژی جیهانی ژندا بۆ بەدەستهێنانی خواستەکانی خوارەوە تێدەکۆشین…
١_ نەمانی هەر جۆرە هەڵاواردنێک لەدژی ژنان، لەوانە نەمانی هەڵاواردنی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی. هەروەها بەرابەری کامڵی ژن و پیاو.
٢_ نەمانی هەرجۆرە یاسا و سۆنەتێک کە ژنان وەکوو جنسی دوهەم پیشان بدات. هەرجۆرە بەهرەبردنێکی جینسی لە ژنان دەبێت قەدەغە بکرێت.
٣_ ژنان دەبێت لە ئازادی هەڵبژاردن و ئازادی جل و بەرگدا خۆیان بڕیاردەر بن و داسەپاندنی حیجاب و پۆشینی جل و بەرگی زۆرە ملێ قەدەغەیە.
٤_ هەڵاواردنی کۆمەڵایەتی و حقوقی، لەوانە گەواهی و میرات و سەرپەرەستی منداڵان دەبێت لەناو ببرێت. چەند هاوسەری قەدەغەیە. ژنان لە هەڵبژادرنی هاوسەردا و لەکاتی جیاییدا دەبێت بەتەواوەتی ئازاد بن و وەک پیاوان مافی بەرابەریان هەبێت.تەک هاوسەری دەبێت ببێتە یاسا چە بۆ ژن چە بۆ پیاو.
٥_ پێدانی حەقدەست و حقۆقی بەرابەری ژن و پیاو بە پێی چۆنیەتی کارەکەیان.
٦_ رۆژی ٨ی مارس وەکوو ڕۆژی جیهانی ژن دەبێت لە ناو ڕۆژمێرە فەرمییەکانی وڵاتدا بناسێنرێت. مافی بەڕێوەچوونی ٨ی مارس بەبێ جەوازوەرگرتن و بەبێ هیچ جۆرە کەند و کۆسپێک دەبێت بەڕێوەبچێت و لەو ڕۆژەشدا دەبێت پشووی فەرمی ڕابگەیەندرێت.
٧_ کوشتنی ژنان لەژێرناوی ”ناموس” هەنگاوێکی ئیرتیجاعی و دواکەوتووانەیە. کوژرانی ”مۆنا حەیدەری” یەکێک لە بێ پڕەنسیبانەترین و دوواکەوتووانەترین هەنگاوی دژەژن بوو. ئەم جینایەتە لە دژی ژنان، هەمووی بۆ یاسا دژە مرۆییەکان و سۆننەت و فەرهەنگی دوواکەوتووانەی پیاوسالاری هەڵدەگەڕێتەوە و لەڕاستییدا لەو یاسایانەدا بەشیوەیەکی بەرچاوو بوونی هەیە. ئێمە بۆ نەمانی ئەو جۆرە فەرهەنگ و یاسا دژە مرۆییانە و بۆ گۆڕینی ئەو سۆننەتە دوواکەتووانە خەبات دەکەین. ئێمە کوشتنی ” مۆنا حەیدەری” بە جینایەتێک لە دژی کۆمەڵگا و ژنان دەزانین.
٨_ ئێمە خوازیاری دابین کردنی ژیان و خانوو بۆ کچان و ژنانی بی پەنا و منداڵانی بێ سەرپەرەستین.
٩_ بەشێکی زۆری کۆمەڵگا، لەگەڵ کێشەی نەبوونی ئیمکاناتی ژیان و ئیمکاناتی تەندروستی و دەرماندا ڕوبەڕوون. هێشتا کۆمەلگا لەسەختییەکانی دەورانی پەتای کۆرۆنا ڕزگاری نەبووە، ئێمە پێمانوایە دەوڵەت دەبێت بەرپرسی دابین کردنی ئیمکاناتی ژیان و ئیمکاناتی تەندروستی و دەرمان و هەروەها دابین کردنی واکسنی خۆڕایی و ستاندارد بێت بۆ هەموو کۆمەڵگا. لە ڕۆژی جیهانی ژندا سەری رێز و نەوازش بۆ فیداکاری ژنانی پەرەستار و کارمەندان و پسپۆڕانی نەخۆشخانەکان دادەنوێنین.
١٠_ ئێمە لەگەڵ خەباتی بەرحەقی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەبی ئەفغانستان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان لە نێو کۆمەڵگادا و بۆ نەمانی ڕژیمی جینایەتکاری تاڵەبان، هاوڕێیەتی خۆمان ڕادەگەینین.
١١_ ئێمە وەکوو بەشێک لە بزوتنەوەی بەرابەریخوازی ژن و پیاو، پێداگری یەکیەتی لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاران، مامۆستایان، دانشجویان و بزوتنەوە ماف خوازەکانی دیکەی کۆمەڵگاین. گوشار و سەرکوت و دۆسیەسازی لەدژی چالاکانی ئەم بزوتنەوانە و بزوتنەوەکانی دیکە، هیچ کاریگەرییەکی لەسەریان نییە و دەبێت قەدەغە بکرێت.
١٢_ خوازیاری دابین کردنی فەزای ئازادی رادەربڕین، ئازادی مانگرتن و ناڕەزایەتی و ڕێکخراوەکان و هەروەها ئازادی ڕۆژنامەنووسان و باقی ڕاگەیاندن کارەکانین.
١٣_ خوازیاری دەستبەجێ ئازادکرانی زیندانیانی سیاسین.
ئێمە بانگەوازی هەموو ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب دەکەین بۆ خەبات و تێکوشان لە هەمبەر گەیشتن بە ئامانجەکانیان و گەیشتن بە داخوازیە ڕەواکانیان.
بەرزوبەڕێز بێت ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن