فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ئاسۆی بزووتنەوەی ژنان
سێشەممە ۱۵-۰۱-۱۴۰۲   |  04-04-2023

بەشداری بەرین و پێشەنگایەتیی ژنان کە لەئاستی دنیادا دەنگی دایەوە یەکێک لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا بوو. ڕۆڵی پێشەنگی ژنان بۆ جارێکی تر کاریگەری و نەقشی ئەوانی لە هەر گۆڕان و ئاڵوگۆڕێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا زیاتر لە ڕابردوو ئاشکرا کردووە. ژنانی ئازادەی ئێران دەمێکە ڕێگای بەشداریی سیاسیی خۆیان لە خەباتی لێبڕاوانە دژبە گشت دەسەڵاتی کۆنەپەرستی ئیسلامی دۆزیتەوە. ژنانی ئێران لە درێژەی حزووریان لە خەباتی کرێکاران، لە ڕیزی خەباتی مامۆستایان و خانەنشیان، لە ڕیزی خەباتی خوێندکاران و لە بوارە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و بە ڕۆڵی پێشەنگیان لە بزووتنەوەی ئێستا، جەسارەتی شۆڕشگێڕانە و سەرسەختبوونیان لە بەدواداچوونی خواستە ڕەواکانیان نیشاندا.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە بەشداریی بەرین و پڕگوڕوتینی ژنانی مافخوازی لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەم دوایانەدا بینی، ئەوپەڕی کردەوەی دژەئینسانی و جەنایەتکارانەی خۆی نیشان دا. ئەم ڕژیمە تاوانکارە بە وەبەر گولـلەدان و دەستبەسەرکردنی هەزاران کەس لە ژنان، بە ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی بۆسەر ژنانی دەسبەسەرکراو، بە هێرشی شیمیانیی بۆسەر مەدارسی کچانە هەوڵی دا ژنانی خەباتکار و ئازادە چاوترسێن بکات، بەڵام حزووری بەرین و جەماوەریی ژنان نیشانی دا کە ژنانی ئێران هەروەک باقیی توێژەکانی کۆمەڵگا بۆ وەدیهاتنی داخوازییە ئینسانییەکانی خۆیان خەباتی سەنگەر بە سەنگەریان گرتووەتەبەر و ئیقداماتی جەنایەتکارانەی ڕژیم ناتوانێ بەربە عەزم و ئیرادەیان بگرێت. بێگومان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بێمافیی ژنان هێندە بەرینە و سووکایەتی پێکردنیان بەجۆرێک نەهادینە بووە، کە حزووری ژنان لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و هەر ڕادەیەک لە پاشەکشەی ئەم دەسەڵاتە دەتوانێ زەمینەی کرانەوەیەک بێت لە حەیاتی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ژناندا. بەڵام بۆ ئەوەیکە بزووتنەوەی ژنان پێشڕەوی و وەدیهاتنی داخوازییەکانی زەمانەت بکات و ڕۆڵی گونجاوی خۆی لە بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێراندا ببینێت، زۆر گرینگە کە لە جەرگەی قەیرانی سیاسیی و خەباتی ئێستادا، کامە ستراتێژی سیاسی دەگرێتە بەر.

قەیرانی سیاسی و ڕەوتی بارودۆخی ئێستا، دوو ڕێگاچارە و ئاسۆی ناتەبای نەتەنیا خستووەتە بەردەم بزووتنەوەی ژنان بەڵکوو خستوویەتە بەردەم گشت کۆمەڵگاوە. یان ئاسۆ و ڕێگاچارەی سەرمایەدارانە، واتە بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتیی خەڵک و سنووردارکردنی لە چوارچێوەی ناڕەزایەتی بەرانبەربە شێوازەکانی بەڕێوەبردنی کایەکانی هەڵبژاردن، و ڕێفۆرمی کۆماری ئیسلامی، گۆڕینی دەسەڵات بەشێوەی نەرم و هێمنانە وێڕای پاراستنی دەزگای سەرکوت و نۆژنکردنەوە نیزامی کۆیلەتی سەرمایەداری و درێژەی بێمافی. یان ڕێگاچارەی ڕادیکاڵ و دەست بۆ ڕیشەی دەرد و ڕەنج بردن، ڕێگای شۆڕشی کرێکاری و سۆسیالیسم و کۆتایی هێنان بە هەموو نابەرابەرییەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری. ئەم واقعیەتە کە قۆناغی ئێستای خەباتی چینایەتی لە ئاستی کۆمەڵگا، بزووتنەوەی ژنانیشی هەروەک باقی بزووتنەوەی پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان خستووەتە بەردەم دوو ئاسۆی ناتەبا، دوو بژاردەی سیاسی کە هی دوو چینی سەرەکیی کۆمەڵگان، بورژوازی یان چینی کرێکار، سەرمایەداری یان سۆسیالیسم. بزووتنەوەی ژنان کە بزووتنەوەیەکی ڕیشەداری کۆمەڵایەتییە ئەگەر نەیهەوێ هێزە مەزنە کۆمەڵایەتییەکەی ببێتە هێزی پاشەکەوتی ئۆپۆزیسیۆنی ڕەنگاوڕەنگی بورژوازیی ئێران بۆ دەست بە دەست کردنی دەسەڵاتی سیاسی لەسەر سەری خەڵکەوە و خواستە بنەڕەتییەکانی نەبێتە قوربانیی بەند و بەستی ئەم ڕەوتانە، ڕێگایەکی تری نییە بێجگەلە بژاردەی دووهەم واتە ستراتێژی سۆسیالیستی و یەکگرتن لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری. بزووتنەوەی ژنان تەنیا بە گرتنەبەری ستراتێژی سیاسی سۆسیالیستییە کە دەتوانێ هەر ڕادە لە پاشەکشەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و کرانەوەی فەزای سیاسی کۆمەڵگا بگرێتە خزمەت پێشڕەویی خۆی بۆ وەدیهاتنی خواستە سەرەکییەکانی.

یه‌كێك له‌ پایه‌كانی ستراتێژی سۆسیالیستیی بزووتنه‌وه‌ی ژنان كه‌ له‌ ڕاستیدا پێش مه‌رجی پێشڕه‌ویی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌شه‌، جه‌ماوه‌ری بوون و كۆمه‌ڵایه‌تی بوونیه‌تی. بۆ ئه‌وه‌یكه‌ بزووتنه‌وه‌ی ژنان ببێته‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری و كۆمه‌ڵایه‌تی، پێویسته‌ جه‌ماوه‌ری ژنانی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش له‌ پانتایی ملیۆنیدا بێنه‌ مه‌یدانی خه‌باته‌وه‌. لە ئێستادا لە گشت جەمعیەتی ژنانی ئێران نزیکەی ١٧ لەسەد لە بازاڕی کاری ڕەسمیدان. واتە زۆربەی ژنانی ئێران کە ژنانی کرێکار و زەحمەتکێشن نەچوونە ناو بازاڕی کارەوە. به‌شێكی به‌رین له‌و كۆمه‌ڵه‌ ملیۆنیه‌ی ژنان دیلی بێ مزدی كاری ناو ماڵن یان له‌ مه‌زراكاندا خه‌ریكی كارن. ئه‌و به‌شه‌ له‌ ژنان، ئه‌گه‌رچی پایه‌ی سه‌ره‌كیی دابین كردنی بژێوی بنه‌ماڵه‌كانن، به‌ڵام له‌ سه‌ره‌تایی ترین مافه‌كانی خۆیان بێبه‌رین و هیچ جۆره‌ سه‌ربه‌خۆییه‌كی ئابوورییان نییه‌. یاسای كۆنه‌په‌رستانه‌ی ئایینی دژبه‌ ژن، هه‌ر به‌و نه‌بوونی سه‌ربه‌خۆیی ئابووریه‌وه‌یه‌ كه‌ زه‌مانه‌تی ئیجرایی په‌یدا كردووه‌. سووكایه‌تیی به‌رده‌وام به‌ ژنان و كلتووری دواكه‌وتووانه‌ی پیاومه‌زنی و یاساكانی پارێزه‌ریان، به‌ پشت به‌ستن به‌و به‌ستێنه‌ مادییانه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا كه‌وتوونه‌ته‌ كار. كه‌وابوو بۆ هێنانه‌ مه‌یدانی ژنانی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش له‌ پانتایی ملیۆنی و كاری ڕیشه‌یی كردن دژبه‌ په‌ره‌سه‌ندنی كلتووری دواكه‌وتووانه‌ی ئایینی و پیاومه‌زنانه‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا، پێویسته‌ لێبڕاوانه‌ له‌سه‌ر پێداویستیه‌كانی سه‌ربه‌خۆیی ئابووریی ژنان و خواست و داخوازیه‌ ڕه‌فاهیه‌كانیان پێداگری بكرێت. هه‌ڵسووڕاوانی سۆسیالیست له‌ ئێران پێویسته‌ كار و چالاكی له‌ناو جه‌ماوه‌ری ملیۆنیی ژنانی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش بكه‌نه‌ میحوه‌ری چالاكیه‌كانی خۆیان. پێویسته‌ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ به‌رین و بێ مافه‌‌ بكرێته‌ ئامانجی چالاكیی وشیارانه‌ و ئه‌و ڕاستیه‌ بۆیان بكه‌وێته‌ ڕوو كه‌ سۆسیالیسم نه‌ته‌نیا خاوه‌ن هه‌ڵوێستی واقعیه‌ له‌و بواره‌دا به‌ڵكوو سه‌رڕاست ترین ڕێگای وه‌دی هاتنی خواسته‌كانیانیشیان پێ نیشان ده‌دا.

بۆ به‌ره‌وپێش بردنی وه‌ها كارێكی مه‌زن پێویسته‌ سوننه‌ته‌ كۆمۆنیستیه‌كان به‌هێزتر بكرێن. پێویسته‌ وشیاری و ئاگاداربوون له‌ ڕیشه‌ چینایه‌تیه‌كانی سته‌م له‌ ژنان په‌ره‌ی پێبدرێت، پێویسته‌ له‌ شوێنه‌كانی كار و له‌ په‌راوێزی شاره‌كان و له‌ شوێنی ژیانیاندا پێیان نیشان بدرێ كه‌ به‌ بێ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ نیزامی چینایه‌تیی سه‌رمایه‌داری و به‌ بێ ئاسۆی سۆسیالیسم، ناكرێ خه‌باتێكی كاریگه‌ر و بەهێز دژبه‌ كلتووری پیاومه‌زنانه‌ و یاسا دژه‌ ژنه‌كانی كۆماری ئیسلامی به‌ره‌و پێش بڕوات.

پێویستە بە هێنانەوەی نموونەی ڕوون و واقعی بەم بەشە مەزنە نیشان بدرێت کە وجوودی نابەرابەریی یاسایی لەنێوان ژنان و پیاوان چ لە بواری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و چ لە بواری پەیوەندیی بنەماڵە، ڕیشەی لە نابەرابەریی ئابووریدایە. بۆ کۆتاییهێنان بە نابەرابەریی یاسایی پێویستە بەستێنە ئابووری و مادیەکانی دابین بکرێت و بۆ دابینکردنی ئەم بەستێنە ئابوورییانەش ڕێگایەک بێجگەلە هێرش کردنە سەر موناسباتی سەرمایەدرای بوونی نییە. پێویستە لە هەنگاوی یەکەمدا سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان ناچار بکرێن کە تێچووی ئابووریی یەکسانیی مافی ژنان لەگەڵ پیاوان دابین بکەن. پێویستە ناچار بکرێن کە بەشێک لەو زێدەباییەی کە لەڕێگەی چەوساندنەوەی چینی کرێکارەوە بەدەستی دێنن بیکەنە خەرجی دابینکردنی بیمەی بێکاریی ژنانی ئامادە بە کار و لەم ڕێگەوە بیکەنە خەرجی زەمانەتکردنی سەربەخۆیی ئابووریی ژنان. پێویستە هەزینەی دابینکردنی ڕەفاهی ژنان و ئیمکاناتی پەروەردەی تواناییەکانیان لە گەرووی سەرمایەداران دەرکێشن.

کەوابوو تەنانەت دابینکردنی زەمینە مادییه‌كانی یه‌كسانیی مافی ژن و پیاو، ڕاسته‌وخۆ له‌ گره‌وی هێرش بردن بۆ سه‌ر چوارچێوه‌كانی خاوه‌نداریه‌تیی تایبه‌تی سه‌رمایه‌داریدایه‌. هه‌ربۆیه‌ لیبڕالیسمی بورژوایی ئێران و هه‌موو ئه‌و حیزب و هێزه‌ بورژوا ئۆپۆزیسیۆنانه‌ی‌ كه‌ چوارچێوه‌ی خاوه‌نداریه‌تیی تایبه‌ت به‌لایانه‌وه‌ پیرۆزه‌ و پارێزه‌ری‌ باروودۆخی زاڵن، ته‌نانه‌ت ناتوانن ئه‌و به‌رابه‌ریی مافی ژنه‌ی كه‌ له‌ به‌رنامه‌ و پلاتفۆرمه‌كانی خۆیاندا باسی لێده‌كه‌ن، بێهێننه‌ دی. هه‌ر ئه‌و ڕاستیانه‌ی كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌دارییه‌ كه‌ بزووتنه‌وه‌ی ژنان له‌ مه‌سیری خه‌بات بۆ وه‌دی هاتنی خواسته‌كانیان و ده‌ست بردن بۆ ڕیشه‌كانی بێ مافی و سته‌می سه‌ر خۆیان به‌ره‌و یه‌كگرتوویی ستراتێژیك له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری ده‌بات. بزووتنه‌وه‌یه‌ك كه‌ به‌ پێی ماهیه‌تی خواسته‌كانی، ڕێگایه‌كی بێجگه‌له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و خه‌بات دژبه‌‌ سه‌رمایه‌داری و سه‌رئه‌نجام تێكه‌وه‌ پێچانی بارگه‌ و بنه‌ی پرتووكاو و زاڵمانه‌ی ئه‌و نیزامه‌ نییه‌.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co