فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ئاسۆی بزووتنەوەی ژنان
پێنجشەممە ۱۵-۰۶-۱۴۰۳   |  05-09-2024

ڕۆڵی پێشەنگی ژنان لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بۆ جارێکی تر نیشانی دا کە ژنان یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی هەر بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە و ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی لە ئێرانن. بەڵام ئەم پێشەنگایەتییە بابەتێکی لەناکاو و بێ پێشینە نییە و ڕیشەی لە ئاڵوگۆڕە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی زیاتر لە سێ دەیەی ڕابردوو لە ئێراندایە. ئەو گۆڕانکاری و جەبرە ئابورییەی کە بووە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆر لە ژنانی بنەماڵە زەحمەتکێش و چەوساوەکانی کۆمەڵگە لە دەرەوەی ماڵەوە کار بکەن. ئەوان کە بەهۆکاری یاساکانی جیاکاریی ڕەگەزییەوە لە بازاڕی کارە فەرمییەکاندا شوێنیان بۆ نەمابووەوە، لە بازاڕی کاری نافەرمیدا جێگیر بوون. لەم قۆناغەدا ژنانی چینی ناوەڕاستیش لە ژێر کاریگەری کولتوری مەسرەفگەرایی ڕەوانەی بازاڕی کار بوون. لەهەمانکاتدا چوونی ژمارەیەکی زۆر لە ژنان بۆ ناو بواری خوێندنی باڵا سەرەڕای هەموو ئەو بەربەستانەی کە پێکهاتەی سیاسی و ئایدۆلۆژیای زاڵ لەبەردەم چوونیان بۆ ناو بازاڕی کار و خوێندنی باڵادا دروستیکردووە، ئەو دوو پێشهاتە بوون کە پێگەی ژنانی لە کۆمەڵگای ئێراندا گۆڕی. لە چوارچێوەی ئەم پێشکەوتنانەدا ژنانی ئێران هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتییان کردووەتە گۆڕەپانی بەرخۆدان و تێکۆشان لە دژی سیستەمی جیاکاری ڕەگەزی ڕژیمی سەرمایەداری ئیسلامی و لە دژی یاسا و کەلتووری کۆنەپەرستانەی پیاوسالاری. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی ئەگەرچی نەیتوانی بیساتی کۆماری ئیسلامی کۆبکاتەوە و کۆتایی بە هەڵاواردن بێنێت، بەڵام مۆری خۆی بەجۆرێک بەسەر کۆمەڵگای ئێراندا کوتاوە کە هێرشی کیمیایی بەرنامەڕێژیکراوی ڕژیمی ترساوی کۆماری ئیسلامی بۆسەر خوێندنگاکانی کچان، هێرشی ڕێکخراو بۆسەر زانکۆکان و کچانی خوێندکار، ڕاگەیاندنی شەڕ بەرامبەر ژنانی بێ حیجاب لە شەقامەکان و شوێنە گشتییەکان، شەپۆلی یەک لە دوای یەکی ئێعدامەکان و کوشتاری زیندانییان، نەیتوانیوە بزووتنەوەی ژنان بۆ قۆناغی بەر لە ئاخێزی ژینا بگەڕێنێتەوە.

ئێستا کە هێشتا کۆمەڵگا لە سەردەمێکی شۆڕشگێڕانەدایە و پرسی دەسەڵاتی سیاسی بەڕووی کۆمەڵگادا کراوەتەوە، بزووتنەوەی ژنان کە وەک بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی تر خاڵی بەیەکگەیشتنی ئاراستەی سیاسی و چینایەتی جیاوازە، بە ناچار کەوتووەتە بەردەم هەڵبژاردنی نێوان دوو ئاسۆی دژ بەیەک، لەنێوان دوو بژاردەی سیاسی سەر بە دوو چینی سەرەکی کۆمەڵگای ئێران، بۆرژوازی یان چینی کرێکار، سەرمایەداری یان سوسیالیزم. ئاسۆ و چارەسەری سەرمایەداری هیچ مانایەکی نییە جگە لە بەلاڕێدابردنی ئەم بزووتنەوە کۆمەلایەتیانە و ڕووخاندنی نەرم و مەخمەلی کۆماری ئیسلامی و هێشتنەوەی دەزگا سەرکوتکەرەکەی و بنیاتنانەوەی سیستەمی سەرمایەداری و درێژەی بێمافی و نیزامی جیاکاری و کۆیلایەتی. لە بەرامبەردا چارەسەری سۆسیالیستی و ڕادیکاڵ، واتە چارەسەرکردنی هۆکارە بنەڕەتییەکانی ئازار و چەوساندنەوە و جیاکاری دژ بە ژنان، واتە بنبڕکردنی ڕەگ و ڕیشە چینایەتیەکانی چەوساندنەوەی ژنان و کۆتاییهێنان بە هەموو ئەو جیاکاری و نایەکسانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیانەی کە بەسەر ژناندا سەپاوە. بزووتنەوەی ژنان کە بزووتنەوەیەکی ڕیشەداری کۆمەڵایەتییە ئەگەر نەیەوێت هێزە مەزنە کۆمەڵایەتییەکەی ببێتە هێزی پاشەکەوتی ئۆپۆزیسیۆنی ڕەنگاوڕەنگی بورژوازیی ئێران بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی لەسەر سەری خەڵکەوە، ئەگەر نەیەوێت خواستە بنەڕەتییەکانی ببێتە قوربانیی سات و سەودای ئەم ڕەوتانە، ڕێگایەکی بێجگەلە بژاردەی دووهەم واتە ستراتێژی سۆسیالیستی و یەکگرتوویی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری نییە. بزووتنەوەی ژنان تەنیا بە گرتنەبەری ستراتێژی سیاسیی سۆسیالیستییە کە دەتوانێ هەر ئاستێک لە پاشەکشەی ڕژیمی ئیسلامی و کرانەوە لە کەشوهەوای سیاسیی کۆمەڵگا بخاتە خزمەت پێشڕەویی خۆی لەپێناوی وەدیهێنانی خواستە بنەڕەتییەکانی.

بەڵام بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن بۆ سەقامگیرکردنی دەستکەوتەکانی پێویستە پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆی لەناو جەماوەری ملیۆنیی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێشدا پەرەپێبدات و ڕێکخراوتر بێتە مەیدانی نەبەردەوە. بەشداریی بەرچاوی ژنان لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینان و موعەلیمان و پەرستاران وەک بەشێک لە بزووتنەوەی کرێکاری و لە بزووتنەوەی خوێندکاری و بزووتنەوەی دادخوازی و دەورونەخشیان لە ڕێکخستنی سەرتاسەری و ڕێبەریی ئەم بزووتنەوانە، زەرفیەت و تواناکانی بزووتنەوەی ژنانی لە بواری ڕێکخستن و ڕێبەریشەوە نیشان داوە. بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی پەراوێزی شارەکان بە ڕێکخستنی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێشی ئەم گەڕەکانە لەناو ئەنجومەن و شۆراکانی ژنان دەتوانێ بەشێکی تر لە هێزی مەزنی خۆی بێنێتە مەیدان. بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن پێویستە ئەم بەشە لە هێزی کار لەگەڵ هێزی ڕێکخراوتری چینی کرێکار لە کارخانەکان و ناوەندە سەنعەتییەکان، لەگەڵ ئیعتڕازاتی خانەنشینان و موعەلیمان و لەگەڵ باقیی بزووتنەوە ناڕەزایەتییە پێشڕەوەکان هاوڕێ بکات. بۆ زمانەت کردنی پێشڕەویی بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن، هێنانە مەیدانی جەماوەری ملیۆنیی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش زەروورییە. چونکە ستەم بەرانبەر ژنان و هەموو ئەو هەڵاواردنانەی کە بەسەریاندا دەسەپێ، لە دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی و پیاوسالارییەوە سەرچاوە دەگرێت کە لەگەڵ موناسباتی سەرمایەداری تێکهەڵکێشراون.