
لە کاتێکدا ساڵێک بەسەر ڕووخانی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی بەشار ئەسەد لە سووریە تێپەڕ دەبێت، چارەنووس و داهاتووی خەڵک لە سەرجەم ناوچەکانی ئەم وڵاتەدا، لە کوردستانەوە بگرە تا ناوچە لێوارئاوەکانی ڕۆژئاوا و باشووری سووریە و دەڤەری دێرەزوور و تەنانەت دیمەشق و حەڵەبیش لە ناوەندی وڵات، هەروا نائەمن، جەنگی، ناسەقامگیر و پڕ لە ئاڵۆزییە. دامودەزگاکانی حکوومەت کاراییەکی ئەوتۆیان لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا نییە. ئەو حکوومەتەی کە لەلایەن ئەمریکا و تورکیاوە هاتووەتە سەر کار و دەسەڵاتی بە “ئەلشەرع” سپاردووە، هیچ سەرچاوەیەکی داهاتی دارایی و بەرنامەیەکی ئابووریی بۆ باشترکردنی دۆخی کار و ژیانی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی هەژار و بەش مەینەت نەخستووەتە ڕوو. نزیکەی ٩٠٪ی خەڵکی سووریە لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و ڕێژەی بێکاریش بە دانپێدانانی وەزیری ئابووری و پیشەسازیی دەوڵەتەکەی ئەلشەرع، گوایە بە کەمێک باشبوونەوەوە دابەزیوە بۆ نزیکەی ٦٠٪. سێزدە ساڵ جەنگی جنایەتکارانەی دەوڵەتی بەشار ئەسەد، ڕووسیە و کۆماری ئیسلامی، وێڕای کوشتاری زیاتر لە ٦٠٠ هەزار کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان مرۆڤ، ژێرخانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای سووریەی بەتەواوی وێران کردووە.
لە وەها هەلومەرجێکدا، زلهێزە سەرمایەدارییەکانی ئەمریکا و ڕووسیە شانبەشانی دەوڵەتانی ناوچەکە لەوانە تورکیا، ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامی و هەندێک لە دەوڵەتانی عەرەبی، لە درێژەی کێبڕکێ ناوچەییەکانیاندا، هەوڵی بەرەوپێشبردنی سیاسەتەکانی خۆیان لە سووریە دەدەن. لە لایەکەوە کۆماری ئیسلامی بە یارمەتیی پاشماوەکانی ڕژیمی ئەسەد لە ناوچە لێوارئاوەکان و پارێزگاکانی لازقیە، تەرتووس و بانیاس و لەنێو عەلەوییەکاندا دەیهەوێت ناڕەزایەتیی جەماوەری خەڵک دژی دۆخی مەوجوود بە لارێدا بەرێت و دژی حکوومەتی ئەلشەرع ئۆپەراسیۆنی سەربازی وەڕێ بخات. لە لایەکی دیکەوە ئیسرائیل لە باشووری سووریە لە پارێزگاکانی دەرعا، سوەیدا و قونەیتەرە لەژێر ناوی پاراستنی درووزەکان، بە بۆمبارانی بەردەوام و داگیرکردنی بەشگەلێکی دیکە لە خاکی سووریە، ئامانجی پاوانخوازانە و فاشیستیی خۆی دەباتە پێشەوە. هەڵبەت لە بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی سووریە واتە لە پارێزگای دێرەزووریش، گرووپی چەکداری ئیسلامی و جنایەتکاری داعش، دەست دەداتە هێرشکردن بۆ سەر سەربازانی سووریە و هێزەکانی سووریەی دیموکراتیک.
بەپێی ڕاپۆرتی نیویۆرک تایمز، ئەولەویەتی نۆژەنکردنەوەی ئەرتەش و دەزگا ئەمنییەکانی دەوڵەتی ئەلشەرع لە دیاریکردن و دامەزراندنی فەرماندە و بەرپرساندا، مۆرەکانی گرووپی ئیسلامیی تەحریروشامە کە ئەحمەد ئەلشەرع ڕێبەرییەکەی بە ئەستۆوە بووە. ئەوان ئەزموون و مەشقێکیان لە فەرماندەیی ئەرتەشی ڕێکخراودا نییە و دەوڵەت لە خولەکانی مەشقی سەربازیشدا زیاتر جەختی لەسەر پرسە مەزهەبییەکان و خوێندنی قورئان کردووەتەوە. یەکێک لە بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی سووریە دان بەوەدا دەنێت کە حکوومەت هێشتا بڕیاری نەداوە سەبارەت بە بەشداریکردنی توێژەکانی دیکە و کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە ڕیزەکانی فەرماندەیی ئەرتەش و هێزە ئەمنییەکاندا. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە لە ڕەوتی هێرشی ئەواندا بۆ سەر عەلەوییەکان سێ مانگ دوای گەیشتن بە دەسەڵات، بە کوشتاری وەحشیانەی سەدان هاووڵاتیی مەدەنیی عەلەوی و تاڵانکردنی ماڵ و حاڵی خەڵک، جنایەتی زۆر بخوڵقێنن. ئەوان لەدژی درووزەکانیش شەڕ و کوشتاریان وەڕێ خستووە. بێگومان ئەگەر حکوومەتی دەستنیشانکراو و داردەستی تورکیا و ئەمریکا لە سووریە لە دەسەڵاتی سەربازیی پێویست بەهرەمەند بوایە، هەمان جنایەتی لە ئاستێکی بەربڵاوتردا لە کوردستانی سووریەش ئەنجام دەدا.
کێشە و گرفتەکانی سووریە تەنیا دژایەتیکردنی دەوڵەتی ئەلشەرع لەگەڵ کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکان نییە. بەڵکوو کێبڕکێ و دەستێوەردانی نێوان دەوڵەتانی خاوەن بەرژەوەندی لە سووریە، لەوانە تورکیا، ڕووسیە، ئیسرائیل و ئەمریکا و هەندێک لە دەوڵەتانی عەرەبی و کۆماری ئیسلامیش، مەترسییەکی جیدی بۆ سەر کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی سووریە دێنە ئەژمار و تەنانەت ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی وێرانگەری دیکەش لە سووریە بوونی هەیە. لە ناوچەکانی باشووری سووریە کە هاوسەنگیی هێز بە قازانجی ئیسرائیل گۆڕاوە، تورکیا هەوڵ دەدات بە شەڕەنگێزی لە نێوان هێزەکانی ئەوێ، ئەم هاوسەنگیی هێزە بە قازانجی خۆی تێک بدات. لەم پەیوەندییەدا سەرچاوە ئاگادارەکان ڕاپۆرتگەلێکیان سەبارەت بە پێشنیاری دەوڵەتی تورکیا بە ئەحمەد ئەلشەرع بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا داوای تیرۆرکردنی یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای سووریە بە ناوی ئەحمەد ئەلعەودە لە باشوور دەکات. ناوبراو چەندین ساڵ لەمەوبەر لە باشووری سووریە گرووپێکی چەکداریی گەورەی ڕێکخستبوو و لە ساڵی ٢٠١٨دا هاوکاریی ڕووسیەی کردبوو. ئەلعەودە ئێستا فەرماندەی لەشکری هەشتی سوپای سووریەیە و لەنێو خەڵکدا خاوەن نفوزە و خوازیاری پاراستنی سەربەخۆیی هێزە سەربازییەکەی خۆیەتی. گۆیا ناوبراو هێشتا لەلایەن ڕووسیەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە هەماهەنگی لە نێوان ڕووسیە و ئیسرائیل لە باشووری سووریە زیاتر بێت.
لەو نێوەندەدا دۆخی کوردستانی سووریەش هێشتا نادیارە. ڕێککەوتنی ٨ خاڵیی ٢٠ی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو لە نێوان ئەحمەد ئەلشەرع و مەزلووم عەبدی، سەرەڕای ئەوەی زۆربەی بەندەکانی لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتدا بوو، بەڵام بەهۆی ئاژاوەگێڕیی تورکیاوە، هێشتا جێبەجێ نەکراوە. بەدوای سەفەری ئەلشەرع بۆ ئەمریکا و دیدار لەگەڵ ترامپ لە مانگی ڕابردوودا، دانوستانەکانی نێوان دەوڵەت و هێزەکانی سووریەی دیموکراتیک (هەسەدە) ڕاگیراوە. هەڕەشە و پڕوپاگەندەی میدیاکانی سووریە، تورکیا و هەندێک لە دەوڵەتانی عەرەبی دژی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی “ڕۆژئاوا” بە پاساوی جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنەکە و هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی “هەسەدە” و تێکەڵکردنیان لەگەڵ ئەرتەشی سووریە، لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا پەرەی سەندووە و نیگەرانییەکان لە هەڵگیرسانی شەڕ لە کوردستانی سووریە زیاتر بووە. دەوڵەتی تورکیا، ئەحمەد ئەلشەرع و نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دژایەتیی خۆیان لەگەڵ پێکهێنانی هەر چەشنە دەسەڵاتێک لەسەر بنەمای فیدڕالیزم، خۆبەڕێوەبەری و بەشداریکردنی کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە سووریە ڕاگەیاندووە. ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی سەرماوەز، غەریب حەسۆ، هاوسەرۆکی پەیەدە، تورکیای بە هۆکاری جێبەجێنەبوونی ڕێککەوتنەکەی شەرع و مەزلووم عەبدی لە قەڵەم دا. ناوبراو ڕەخنەی لە دەستێوەردانی ئاشکرای ئەو دەوڵەتە گرت و ڕایگەیاند سەرەڕای زەمانەتی ئەمریکا و فەڕانسە و بریتانیا، هێشتا تورکیا ڕێگرە و سیاسەتەکانی لە سووریە جێگای نیگەرانین.
لە وەها هەلومەرجێکدا بێگومان دەوڵەتی ئیسلامیی تەحریروشام توانای وەڵامدانەوەی داخوازی و ویستە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێشی سووریەی نابێت، کە زیاتر لە ٥٠ ساڵ لەژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆریی بنەماڵەی ئەسەد و لەناو هەژاری، برسیەتی، جەنگ و ئاوارەییدا ژیانیان بەسەر بردووە. ئەوان نایانەوێت جارێکی دیکە بچنە ژێر سایەی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئیسلامییەوە. بۆیە حکوومەتی ئیسلامیی شام ڕووبەڕووی بەرخودان و ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران و خەڵکی نەداری سووریە دەبێتەوە کە نزیکەی ٩٠٪یان لەژێر هێڵی هەژاریدان و ١٤ ساڵ لەمەوبەر بە درووشمی ئازادی و یەکسانی دژی دەوڵەتی بەشار ئەسەد هاتنە سەر شەقامەکان. وەها دۆخێک لە سەرجەم هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە و هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان و ڕووناکبیران و لاوانی شۆڕشگێڕ دەخوازێت کە یارمەتیدان بە ڕێکخستنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و یەکخستنیان لە دەوری پلاتفۆرمێکی ئازادیخوازانە و بەرابەریتەڵەبانە، لە سەرووی ئەرکەکانی خۆیانەوە دابنێن.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە