فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ئاسۆی قبووڵکردنی مەرجەکانی ئەمریکا لە دانوستانە ئەتۆمییەکاندا
یەکشەممە ۱۱-۰۳-۱۴۰۴   |  01-06-2025

دانوستانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکان سەرەڕای دژایەتیی عەلی خامنەیی کە وتبووی “گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ ئەمریکا عاقڵانە نییە، هوشیارانە نییە، شەرافەتمەندانە نییە”، لە ڕۆژی شەممە ٢٣ی مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوییەوە دەستیپێکردووە. لەو کاتەوە هەتا ئێستا پێنج خولی وتووێژ لە نێوان نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی و نوێنەرانی ترامپ بەڕێوەچووە. پێش دەستپێکردنی دانوستانەکان، ترامپ بە زمانێکی دەستووری و تێکەڵ بە سووکایەتی، کۆماری ئیسلامیی خستە بەامبەر دوو بژادەوە و وتی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی یان دەبێ سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆ بکەن یان دامەزراوە ئەتۆمییەکان، ژێرخانە نیزامی و ئابوورییەکانیان بەشێوەیەکی وێرانکەر بوردومان دەکرێت.

خامنەیی کە ساڵەها لەسەر قبووڵ نەکردنی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا پێداگریی دەکرد، لەگەڵ قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش دژبە کۆماری ئیسلامی، ڕێگایەکی بۆ نەمایەوە بێجگە لە خواردنەوەی جامی ژەهری دانوستان لەگەڵ ئەمریکا، ئەویش لە خراپترین هاوسەنگیی هێزدا. وە ناچار بوو تەنانەت گفتوگۆی ڕاستەوخۆش لەگەڵ ئەمریکا قبووڵ بکات. خامنەیی و سەرکردەکانی سپای پاسداران هاوکات لەگەڵ دانوستان و سازان لەگەڵ ئەمریکا، لەدژی کرێکاران و خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران، واتە دوژمنە ناوخۆییەکانیان، چەکیان لە ڕووەوە بەستووە و بە پەرەپێدانی سەرکوت و ڕەشبگیری و شەپۆلی ئێعدام، بەرەنگاری مانگرتن و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دەبنەوە.

تیمی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامی بە ئامانجی شاردنەوەی ناوەرۆکی گفتوگۆکان و پێگەی لاوازی ڕژیم لەم دانوستانە، لە دەوڵەتی عۆمان داوای کردووە کە گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا لە پشتی دەرگای داخراو و بەبێ بەشداریی هەواڵنێران بەڕێوەبچێت و لە گفتوگۆ میدیاییەکانیشدا بە وڵامی ناڕوون و گشتی، حەقیقەتەکانی پشتی پەردەی ئەم وتووێژانە لە خەڵک دەشارنەوە. لە کۆتایی قۆناغی یەکەم و دووهەمی وتووێژەکان خامنەیی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و وتی بەرپرسانی ئێمە لە دانوستانەکاندا کارێکی باشیان کردووە. بەڵام دوای کۆتایی قۆناغی چوارەم بێهیوایی و نائومێدیی خۆی دەربڕی و وتی ئەگەری سەرکەوتنی ئەم دانوستانانە کەمە و پێی وا نییە بە جێیەک بگات.

هەر لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە ٧ی مانگی جۆزەردان، کەناڵی تەلەویزیۆنیی (سی ئێن ئێن) بە پشتبەستن بە سەرچاوەی ئاگادار لە ڕەوتی دانوستانەکان، نووسیی: “تیمەکانی دانوستانکار خەریکە لە ڕێککەوتنێکی گشتی نزیک دەبنەوە و ڕەنگە لە قۆناغی شەشەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا یەکلایی بکرێتەوە”. عەباس عەراقچی بەرپرسی تیمی دانوستانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمریکا، لە کاردانەوە بەم هەواڵە ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی جۆزەردان وتی: “ئەمە هەواڵی ساختەی میدیاکانی ئەمریکایە. ڕێککەوتن لەسەر مێزی وتووێژ بەدەست دێت نەک لە ڕێگەی میدیاوە”.

هەڵسووکەوتی دژبەیەک و ناتەبای ترامپ و خامنەیی سەبارەت بە دانوستانەکان لەم ماوەیەدا نیشانەی نەبوونی پێشکەوتن و ئاڵۆزبوونی کەشی گفتوگۆکانە. بەپێی لێدوانی لایەنە دانوستانکارەکان، قۆناغی پێنجەمی دانوستانەکان ڕۆژی هەینی ٢ی مانگی جۆزەردان بەبێ ئەوەی بگاتە هیچ ئەنجامێکی بەرچاو کۆتایی هات. وەزیری دەرەوەی عومان، ئەم خولەی دانوستانەکانی بە “پێشکەوتنی سنووردار، نەک یەکلاکەرەوە” وەسف کرد. عەباس عەراقچی کە پێش دەستپێکردنی قۆناغی پێنجەم باسی ناکۆکی بنەڕەتی لەگەڵ ئەمریکا کردبوو، تەنیا باسی لەوە کرد کە دانوستانەکانی ئەم خولە، پیشەیی بوون. لەهەمانکاتدا ئاماژەی بەوەدا کە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا بەبێ مافی پێتاندن بێ مانایە.

کۆماری ئیسلامی لەم چەند قۆناغەی دانوستاندا هەوڵی داوە مافی پیتاندنی ئۆرانیۆم لە ناوخۆدا بپارێزێت و لەم پێوەندییەدا ئامادەیە بەبێ مەرج هەر جۆرە پشکنینێک لە لایەن ئەمریکا و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی قبووڵ بکات. هەر لەو پێوەندییەدا، محەممەد ئیسلامی، بەرپرسی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ڕژیم، ڕایگەیاند کە هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ هاتنی چاوەدێرانی ئەمریکایی نییە. عەلی شەمعخالی ڕاوێژکاری باڵای خامنەیی سەبارەت بە کاروباری ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا، زەبوونانە ڕایگەیاند: “لە بەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان کۆماری ئیسلامی بەڵێنی ئەوە دەدات کە هەرگیز چەکی ئەتۆمی دروست نەکات. پاشکەوتی ئۆرانیۆمی پێتێندراو بە ڕێژەی باڵا لە ناو ببات و ڕێگە بە پشکێنەرانی نێونەتەوەیی بدات کە ئەم ڕەوتە چاوەدێری بکەن”. شەمعخانی بە دانی چرای سەوزی بەرقەرار کردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەگەر ئەمریکاییەکان ئەوجۆرەی کە خۆیان دەڵێن هەنگاو هەڵگرن، بەدڵنیاییەوە دەتوانین پەیوەندیی باشترمان لەگەڵ ئەمریکا هەبێت.

بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا لەسەر ڕاگرتنی یەکجاریی پیتاندنی ئۆرانیۆم و لەنابردن یان ڕاگواستنی ئۆرانیۆمی پیتێندراو بۆ دەرەوە پێدراگری دەکەن. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش جەختی لەوە کردەوە کە ئەم دانوستانانە بۆ فشار بۆسەر ڕژیم و بۆ ڕاگرتنی تەواوی پیتاندنی ئۆرانیۆمە. واتە ئەو پڕۆسەیەی کە تێیدا کۆماری ئیسلامی لەماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا سەدان ملیارد دۆلاری لە سەروەت و سامانی کۆمەڵگا بۆ دروستکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، بۆ کڕینی ئامێرەکان و هەزاران سانتریفیوژ بەفیڕۆ داوە و بووەتە هۆی سەپاندنی گەمارۆی چەندین ساڵە دژ بە کۆماری ئیسلامی کە دووکەڵەکەی ڕاستەوخۆ چووەتە چاوی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئێرانەوە و ژیان و گوزەرانیانی تەباه کردووە.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی چوارشەممە حەوتی مانگی جۆزەردان ترامپ بۆ جارێکی دیکە بە تۆنێکی هەڕەشەئامێزەوە وتی: “من متمانەم بە کەس نییە. خوازیاری ڕێککەوتنێکی بەهێز لەگەڵ ئێرانم. ڕێککەوتنێکی زۆر قایم کە بەپێی ئەم ڕێککەوتنە چاوەدێرانی ئێمە بتوانن بچنە هەموو شوێنێکی ئێران. هەرچییەک بە پێویستیان زانی دەستی بەسەردا بگرن یان لەناوی بەرن. ئەوکات ئیتر پێویستمان بە هێرشی نیزامی نابێت”. هەروەها وتیشی کە وەها ڕێککەوتنێک ڕێگا بۆ تەجارەتی بەرین لەگەڵ ئێران و هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان هەموار دەکات.

بەڵام ڕێککەوتنی ئەمریکا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوەی ئێران نەیارانێکیشی هەیە کە هەوڵ دەدەن هەرچی زووتر هەڵیوەشێننەوە. بۆ نموونە باڵی بناژۆخوازی توندڕەوی ڕژیم و بازرگانان و موعامەلەگەرانی گەمارۆکان و بواری پیتاندنی ئۆرانیۆم، کە لەئێستادا بوونەتە مافیایەکی گەورەی ئابووری ئێران و هەر هەموویان سەربە بازنەی گەندەڵی دەسەڵاتی ئیسلامین. لە دەرەوەی ئێرانیش، یەکیەتیی ئورووپا و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بەهۆی دوورخستنەوەیان و بەهۆی نەبوونی شارەزایی لە دانوستانەکاندا ڕەخنەی زۆریان گرتووە. نەتانیاهۆی شەڕخواز و جنایەتکار وێڕای ڕاگەیاندنی ڕەزامەندی لەگەڵ مەرجی ئەمریکا سەبارەت بە ڕاگرتنی پیتاندن و لەناوبردنی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی کۆماری ئیسلامی، هەڕەشەی کردووە کە لە ئەگەری درێژەی پیتاندنی ئۆرانیۆم لەلایەن کۆماری ئیسلامی و هەست کردن بە مەترسی، بەتەنیایی و بە بێ هاوکاریی ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ڕژیم.

لە بارودۆخێکدا کە کۆماری ئییسلامی لەگەڵ شەپۆلی بەرینی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران و توێژەکانی دیکەی خەڵک بۆ نموونە شۆفیران و خاوەن بارهەڵگرەکان، نانەوایان، کرێکارانی نانەواخانەکان و هیتر بەرەوڕووە، دانوستانە ئەتۆمییەکانیش لێی بووەتە قەیرانێکی دیکە. کۆماری ئیسلامی ڕێگاچارەیەکی بێجگەلە تەسلیم بوون لەپێش نییە. لەڕاستیدا هەموو چالاکییە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا بە زیانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش بووە. حکوومەتی ئیسلامی بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەی خستوویەتە ڕێ و تێچووی یەکجار بەرینی بەسەر ژیان و گوەزەرانیاندا سەپاندووە. ململانێ و کێشمەکێشی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی، هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە هیچ پەیوەندییەکی بە بەرژەوەندی چینی کرێکار و زۆرینەی خەڵکی ئێرانەوە نەبووە. چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران شکستی کۆماری ئیسلامی لەم کێشمەکێشە کۆنەپەرستانەیەدا بە بەرهەمی خەبات خۆیان دەزانن، کە ڕژیمی ئیسلامیی لە هەموو لایەکەوە خستووە تەنگانەوە. وە لەم شکستەش بۆ پێشخستنی خەباتی خۆیان هێز وەردەگرن.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv