فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ئاسۆی لێڵی کۆتاییهاتنی شەڕ لە هەلومەرجی پەرەسەندنی هێرشە بەرامبەرەکاندا
دوشەممە ۰۳-۰۱-۱۴۰۵   |  23-03-2026

شەڕی نێوان دەوڵەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی کە بەرەبەیانی نۆی ڕەشەمە بە هێرشی بەرفراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران دەستی پێکرد و بووە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی و چەندین توێژی دیکە لە مۆرە باڵاکانی حکوومەتی ئیسلامی و فەرماندە سەربازییەکانی ئەرتەش و سپای پاسداران، هێشتا بەردەوامە و لەم ڕۆژانەی دواییدا چڕتر بووەتەوە. ڕۆژی یەکشەممە ئەرتەشی ئیسرائیل بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک، هەواڵی شەپۆلێکی دیکەی هێرشە بەرفراوانەکانی بۆ سەر ژێرخانەکانی ڕژیم لە تاران ڕاگەیاند و وتی: “ئێمە درێژە بە هێرشەکانمان بۆ سەر سەرجەم سیستەم و ژێرخانەکانی کۆماری ئیسلامی دەدەین و بە شێوەیەکی چالاکانە بەدوای فەرماندە و هێزەکانی سپای پاسدارانەوەین”. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە ئێوارەی شەممە، یەکی خاکەلێوە، بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ سەر هەردوو شاری “دیمۆنا” و “عەراد” لە نزیک دامەزراوە ناوکییەکانی ئیسرائیل لە باشووری ئەو وڵاتە، زیاتر لە ١٨٠ کەس کوژراو و بریندار بوون. هەڵبەت ڕۆژێک پێش ئەوەش، سپای پاسداران لە کاردانەوە بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی نەتەنز، ڕایگەیاندبوو کە دوو مووشەکی بالیستیکی ئاراستەی باشووری ئیسرائیل کردووە و هەواڵی دەستپێکی شەپۆلێکی نوێی لە هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو ڕاگەیاندبوو.

لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا و لە کاتێکدا کە هەواڵەکان باسیان لە هەوڵی نێوەندگیریی دەوڵەتەکانی میسر و قەتەر دەکرد بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، بازنەی هەڕەشە و هێرشە بەرامبەرەکانی ئەم شەڕە لە هەردوو لاوە پەرەی سەندووە. لەم پەیوەندییەدا ڕۆژی دووشەممە سێی خاکەلێوە، ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە شەپۆلێکی نوێی هێرشە بەرفراوانەکانی دژ بە ژێرخانەکانی ڕژیمی ئیسلامی لە تاران دەست پێکردووە. میدیاکانی سەر بە ڕژیمیش هەواڵی ڕوودانی تەقینەوەی گەورە و توندیان لە تاران بڵاو کردەوە. پەیامنێری کەناڵی ئەلجەزیرەی عەرەبیش باسی لە ڕوودانی تەقینەوەی گەورە و بێ‌وێنە لە گەڕەکەکانی ڕۆژهەڵاتی تاران کرد.

لە لایەکی دیکەوە، کۆماری ئیسلامی ڕۆژی دووشەممە سێی خاکەلێوە، هەواڵی هێرشی بەرفراوانی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر عەرەبستانی سعوودی، ئیمارات، قەتەر و بەحرەینی ڕاگەیاند. لەئێستادا وڵاتانی کەنداو کە لە مانگی ڕابردوودا بەردەوام لە لایەن ڕژیمی ئیسلامییەوە کەوتوونەتە بەر پەلاماری مووشەکی و درۆنی، هەڕەشەی ئەوەیان کردووە کە لە بەرامبەر دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامیدا بەرگری لە خۆیان دەکەن و کاردانەوەیان دەبێت. ئیمارات ڕایگەیاند کە ئەرتەشی ئەو وڵاتە لەگەڵ وڵاتانی دیکەی عەرەبی سەرقاڵی تاوتوێکردنی گەڵاڵەگەلێکن بە مەبەستی کاردانەوە و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە مووشەکی و درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی شەممە یەکی خاکەلێوە، ٢٢ وڵاتی ئورووپایی و غەیرەئورووپایی لەوانە (بەریتانیا، فەرەنسا، ئاڵمان، ئیتالیا، هۆڵەند و وڵاتانی ئەسکاندیناڤی، کەنەدا، ژاپۆن، کۆریای باشوور، نیوزیلەند و ئوسترالیا)، بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی هاوبەش، هێرشەکانی کۆماری ئیسلامییان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و ژێرخانە مەدەنییەکان، لەوانەش دامەزراوەکانی نەوت و گاز و داخستنی گەرووی هورمز، بە توندی مەحکووم کرد و داوایان کرد دەستبەجێ کۆتایی بە داخستنی ئەو گەرووە و هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر کەشتییەکانی ئەو ناوچەیە بهێنرێت. سەرەڕای ئەوەش، ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە دانیشتنێکدا لە ڕیاز، هێرشەکانی کۆماری ئیسلامییان بۆ سەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون و ژێرخانە مەدەنییەکان، سامانە ئابوورییەکان و بنکە دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو، ئۆردەن، ئازەربایجان و تورکیا، بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکان زانی و مەحکوومیان کرد. وەزیری دەرەوەی عەرەبستانیش لەو کۆبوونەوەیەدا ڕایگەیاند کە ئێمە مل بە گوشارەکان نادەین و مافی کاردانەوەی سەربازی بۆ خۆمان بە پارێزراو دەزانین. ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ئەم دانیشتنەدا، شاری ڕیازی پایتەختی عەرەبستان دووبارە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کرایەوە ئامانجی پەلامار. هەڵبەت وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند کە چەند مووشەکێکی بالیستیکی کۆماری ئیسلامییان پێکاوە و تێکیان شکاندوون. هەر لەو پەیوەندییەدا، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا دوای بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکەی ڕیاز، هۆشداریی بە کۆماری ئیسلامی دا کە ئەگەر هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان بەردەوام بن، وڵاتانی ناوچەی کەنداو ناچار دەبن پەنا بۆ هەنگاوی بەرامبەر ببەن.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، حکوومەتی ئیسلامی کە بە ئەگەری زۆرەوە پشتی بە یارمەتییە سەربازی و هەواڵگرییەکانی ڕووسیا و پشتیوانیی ئەو وڵاتە لە دژی ئەمریکا قایم کردووە، هەروا دەهۆڵی درێژەدان بە شەڕ لێ دەدات و بە درۆودەلەسە و چەواشەکاری، خۆی بۆ درێژەدان بە شەڕەکە ئامادە نیشان دەدات. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕێبەران و فەرماندە باڵاکانی لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون؛ ژێرخانە ئابووری، ناوکی، پیشەسازی، ئاسمانی و دەریایی و تەشکیلاتییەکانی، لەگەڵ بەشێکی زۆری ناوەند و مۆڵگە و بنکە سەربازییەکانی بەتەواوی تێکشکێندراون و خاپوور کراون.

ئەم ڕژیمە تاوانکارە لە هەلومەرجێکدا هێشتا دەهۆڵی شەڕ لێ دەدات کە باری بژێویی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران، بەتایبەتی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕوو لە خراپتربوون دەچێت. گرانی، بێکاری و هەڵاوسانی کۆنترۆڵنەکراو، ژیانیانی نوقمی هەژاری و برسیەتی کردووە. ئەم ڕژیمە گەندەڵ و مایەپووچە کە توانای وەڵامدانەوەی خواست و داواکارییەکانی ئەوانی نییە، هەر جۆرە دەربڕینێکی ناڕەزایەتی دژی هەژاری و گرانی، بە زەبری هێزە بەکرێگیراوە سەرکوتگەرەکانی خەڵتانی خوێن دەکات. هەلومەرجی جەنگیش بووەتە هۆی ڕاوەستانی کاتیی ناڕەزایەتیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ئاستی کۆمەڵگەدا. ڕژیم کە یەکجار نیگەرانە لە سەرهەڵدانەوە و بەردەوامیی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، بە لەسێدارەدان، دەستبەسەرکردن و خستنەژێر گوشاری چالاکانی سیاسی، کەشوهەوای ئەمنییەتی و میلیتاریزەی چڕتر کردووەتەوە و ڕێگری لە پێکهاتنی هەر جۆرە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی کردووە.

لە وەها هەلومەرجێکدا، یەکێک لە ئەرکە هەنووکەییەکان کە کەوتووەتە سەر شانی هەڵسووراوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت لاوان لە گەڕەکەکاندا ئەوەیە کە بە هاوکاریی یەکتر و لە ڕێگەی پێکهێنانی کۆمیتەکانی گەڕەک، تۆڕەکانی پەیوەندی، کۆمیتەکانی هەرەوەزی، پێکهێنانی تیمەکانی فریاگوزاری و دامەزراوە جەماوەرییەکان لە نێو گەڕەکەکاندا، لە پێناو پتەوکردنی هاوپشتی لە نێوان کۆمەڵانی خەڵک و کەمکردنەوەی نەهامەتییەکانی ئەم جەنگە وێرانکەرە لەسەر ئاسایش و ژیان و بژێوییان تێبکۆشن. لەم هەلومەرجە دژوارەی شەڕدا، پاراستنی یەکگرتوویی و بەهێزکردنی لەناو خەڵک و زیندوو ڕاگرتنی هیوای گۆڕانکاری، گرنگییەکی تەواو چارەنووسسازی هەیە. لە هەمان کاتدا و سەرەڕای ئەو دژوارییانەی کە هەن، پێویستە هەڵسووراوانی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، زەمینەسازی بکەن بۆ وەڕێخستنی مانگرتنی گشتیی سیاسی بە خواستی ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ و ئازادکردنی زیندانییانی سیاسی.