
بە پێی ڕاپۆرتەکان، ناوی سێ کەسی دیکە لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی هەفتەی ڕابردووی شاری دێهدەشت سەر بە کۆهکیلوویە و بویەرئەحمەد بە ناوەکانی “عەلیڕەزا پەریسایی، ئەحمەد نوورمحەممەدی و حەمید پەریسایی” ئاشکرا بووە. شایانی باسە، ژمارەیەک لە ناڕازییانی دەستبەسەرکراو بۆ دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری دێهدەشت و هەندێکی دیکەیان بۆ یاسووج، گواستراونەتەوە.
لەم نێوانەدا هەر یەک لە “عاتفە تاهیرنیا، ئەمیرحسێن جەعفەری تەمەن ١٧ ساڵ، کامران بووزەری تەمەن ١٦ ساڵ، جابر فرووغی و پووریا بەراتی”، ئێوارەی سێشەممە ٢٣ی ڕێبەندان و “حسێن پەریسایی” پێنجشەممە ٢٥ی ڕێبەندان دەستبەسەر کراون. سێ هاووڵاتیی دیکەیش لەم ماوەیەدا دەستبەسەر کراون. جێگای ئاماژەیە، خۆپیشاندانەکانی دێهدەشت لە ڕۆژی ٢١ی ڕێبەندانی ئەم ساڵ دەستی پێکرد و تا ئێوارەی پێنجشەممە ٢٥ی ڕێبەندان درێژەی هەبوو کە لەم ماوەیەدا ژمارەیەک لە ناڕازییان دەستبەسەر کران و ناسناوی هەندێکیان تا ئێستا ئاشکرا نەبووە. لە ڕەوتی ئەم خۆپیشاندانانە دروشمی وەک “ئەوساڵ ساڵی خوێنە، سەید عەلی سەرەوژێرە”، “مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامی” و “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” وتراوەتەوە.